dwarozh

سووده‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی گاریس بێڵ

بۆچوون / بیروڕا :: 19/02/2017


یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید، زۆرترین تۆپیان لایه‌ به‌ڵام كه‌مترین گۆڵ ده‌كه‌ن، یان زۆر كات ئه‌نجامی بردنه‌وه‌ی یاریی یانه‌كه‌ دوا ده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌وه‌ش یاریزانه‌كانی هێرشبه‌ر بێزار ده‌كات ناچاربن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا یاریی بكه‌ن، دیاره‌ گرفتی بنه‌ڕه‌تی له‌ گه‌یشتنی تۆپه‌كاندا نیه‌، به‌ڵكو كه‌متر یاریكردنی زه‌مینی و تۆپی به‌ینیه‌، كه‌ دره‌نگ ده‌گات به‌ هێرشبه‌ران، كه‌چی له‌كاتی گه‌یشتی تۆپه‌كاندا یاریزانه‌كانی ڕیاڵ ژماره‌ی پێوانه‌ییان تۆماركردووه‌، زۆرترین ده‌رفه‌ته‌ ئاسانه‌كان گۆڵ پێ‌ ناكه‌ن، به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو یاریزان (مۆرتا و فازكوێز). له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ به‌بێ‌ ته‌ركیزی زۆر و دیقه‌ت تۆپه‌كه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كه‌ن، یان هه‌میشه‌ په‌له‌ له‌ پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن، كه‌ كه‌س هێنده‌ی (فازكوێز) به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی تۆپه‌كان ئاڕاسته‌ی گۆڵ ناكات، یاخود زۆرجار به‌هۆی هێشتنه‌وه‌ی تۆپ له‌ قاچه‌كانیدا، بۆ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك پرۆسه‌ی لێدان و گه‌یاندنه‌كه‌ ده‌خنكێنێت، ئه‌وه‌ش هاوڕێكانی ده‌خاته‌ بۆسه‌ی قه‌ره‌باڵغی به‌رگری تیپی دژه‌وه‌.
به‌ بۆچوونی من گه‌ڕانه‌وه‌ی (گاریس بەیڵ) زۆرێك له‌ گرفته‌ ته‌كنیكییه‌كانی یانه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر هه‌ژمار و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی یاریگادا ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و توانای جه‌سته‌یی جێگیر و باشه‌، ئه‌وه‌ واده‌كات له‌ ناوه‌ڕاستی یاریگادا یارمه‌تی (ئیسكۆ و مۆدریچ و كۆڤاسیچ)و به‌رگری بدات، به‌ وه‌رگرتنی تۆپه‌كانه‌ و گه‌یاندنی به‌ گۆڵی تیپی دژ، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی پشوودانی یاریزانه‌كان له‌ یاریگادا، تا كه‌متر ماندووبن و لایه‌نی ده‌رونیان تێك نه‌چێت، هه‌روه‌ها هێرشی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی ڕیاڵ چالاكتر ده‌كات، به‌وه‌ی ده‌توانێت له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بێته‌ ناوه‌ڕاستی یاریگاو ئه‌و پرۆسه‌یه‌ جێبه‌جێ‌ بكات، به‌ تایبه‌تی گه‌یاندنی خێرا و هه‌ڵدانی تۆپه‌كان بۆ پشتی به‌رگری به‌رامبه‌ر، یان لاربوونه‌وه‌ی خۆی بۆ ناوچه‌ی بۆكسه‌كه‌.
ناشبێت ئه‌وه‌ له‌یاد بكه‌ین، یاریكردنی (گاریس بەیڵ) زۆربه‌ی كات له‌ سه‌ر هیڵی یاریگایه‌، واته‌ هێزی زیاتر به‌ به‌رگری تیپه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، چونكه‌ ئیتر پێویست ناكات تاك به‌رگری یاریی یانه‌كه‌ی زۆر بچنه‌ نیوه‌ یاریگای دژ، ته‌نیا به‌ نۆبه‌ نه‌بێت، له‌ كاتێدا ئه‌و له‌باتی ئه‌وان پرۆسه‌ی ڕۆماڵی تۆپه‌كان ئه‌دا ده‌كات، هه‌روه‌ها پێم وایه‌ ده‌توانێت چاره‌سه‌ری ده‌ستخستنی تۆپه‌ ئاسانه‌كان بۆ گۆڵی دژ فه‌راهه‌م بكات، كاتێك (بنزیما و ڕۆناڵدۆ) له‌ یاریی ناپۆلی گرفتی سه‌ره‌كیان ئه‌وه‌بوو.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure