dwarozh

لێیستەر سیتی بۆچی وای بەسەر هاتووە

بۆچوون / بیروڕا :: 06/02/2017


یانەی لێستەر سیتی وەرزی رابردوو مێژووی زێڕینی تۆمار كرد و بەبەرچاوی هەموو یانە مەزنەكانی ئینگلترا، ناسناوی پریمەرلیگی بردەوە، بەچەند یاریزانێكی سادە و كەم نرخ دەنگی لەسەر هەموو یانەكانی تر بەرز كردەوە و بووە ئەسپی رەشی خولەكە، بەڵام بەبەراورد لەگەڵ وەرزی رابردوو، ئەمساڵ لە دۆخێكی خراپ دایە و مەترسی دابەزینی بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان لێدەكرێت، هۆكارەكانی ئاست نزمی یانەی لێستەر سیتی چین؟
-     ئەمساڵ زۆربەی یانەكانی تر سوودیان لەخراپی هێڵی بەرگری لێستەر سیتی بینیوە، ئەویش بەهۆی بوونی هەردوو یاریزان مۆرگان و رۆبرت هۆس كە ئەو دوو یاریزانە لەسەرخۆن و خێرا نین، وەرزی رابردوو بەهۆی بوونی كانتییەوە تۆپ بەكەمی دەگەیشتە ئەو دوو بەرگریكارە و بە ئاسودەیی یارییان دەكرد.
-     لەیەكتر نەگەیشتن و نەبوونی هەماهەنگی و دووری یاریزانانی هێڵی پێشەوە (ریاز مەحرز، جیمی ڤاردی و ئەحمەد موسا، ئیسلام سلیمانی) زیاتر وای كردووە ئەم یانەیە ئەمساڵ گۆڵی زۆر تۆمار نەكات، لە 2017 تا ئێستا هیچ گۆڵیان تۆمار نەكردووە و كەمترین دەرفەتی گۆڵ كردنیان هەبووە.
-     ئەوەی زیاتر یانەكەی شەكەت و ماندوو كردوە بەشداری كردنی ئەو یانەیە بۆ یەكەمجار لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، یانەكە لەدوو بەرەدا بەیەك پێكهاتە یاری دەكات و یاریزانی یەدەگی لێهاتوویی كەمە.
-     گرینگترین هۆكار رۆیشتنی نگۆلۆ كانتی سەربازی وونی یانەكە بوو، ئەو یاریزانە لە وەرزی رابردوو بەشداری لە 37 یاری یانەكەی كرد، رۆیشتنی بۆ چێڵسی كاریگەری نەرێنی لەسەر یانەكە بەجێهێشت و بە پێچەوانەوە سوودی زۆری بەچێڵسی گەیاند، ئەو یاریزانە راگەیاندنەكان و هاندەرانی ئینگلترای تووشی سەرسامی كردووە، چونكە ئاو ناخواتەوە، تۆپ لەهەر جێگایەكی یاری بێت را دەكات، یارمەتی هەموو هێڵەكان دەدا، بۆیە زۆر جار دەڵێن سێ گورچیلەی هەیە، هیچ یاریزانێك نەیتوانی قەرەبوی شوێنی كانتی بكاتەوە، راستە یانەكە ئاندی كینگ و دانیال ئەمارتی هەیە، بەڵام ئەوان وەك كانتی نین.
-     دابەزینی ئاستی ریاز مەحرز هۆكارێكی ترە بەبەراود لەگەڵ وەرزی رابردوو، بەتایبەتی لە رەخساندنی دەرفەتی گۆڵ كردن، وەرزی رابردوو لەكۆی 68 گۆڵ بەشداری لە 28 گۆڵدا كرد، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنها بەشداری لە 12 گۆڵ كردووە.
-     دابەزینی ئاستی جیمی ڤاردی هۆكاری ترە، چونكە ناوبراو وەرزی رابردوو لەزۆربەی یارییەكاندا گۆڵی تۆمار دەكرد و ببوە سەر ئێشە بۆ سەر هەموو یانەیەك، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستی دابەزیوە و مەترسییەكانی بۆ سەر تیپی بەرامبەر كەم بۆتەوە و توانای گۆڵكردنی لاواز بووە.
-     لەم وەرزەدا ئامادەنەبوونی كاسپەر شمایكلی گۆڵپارێزی دانیماركی گرفتی یانەكەی زیاتر كرد، ناوبراو لەچەند یارییەكدا بەشداری نەكرد و رۆبیرت زیلەر شوێنی گرتەوە، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە وەك شمایكل نابێت، لە 5 یاریدا كە زیلەر گۆڵپارێز بووە لێیستەر سیتی 9 گۆڵی لێكرا.

-     یانەكە بۆ پارێزگاری كردن لە ناسناوی وەرزی رابردوو پێویست بوو گرێبەستی زیاتر بكات و بەچەندین یاریزانی تازە تیپەكەی رێك بخات، بەڵام گرێبەستەكانی وەك پێویست نەبوو و سوودی زۆری لێ نەبینیوە.
-     بەهۆی ئەوەی یانەكە لە ناوچەی دابەزین بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان نزیك بۆتەوە، بۆیە یاریزانەكان لەڕوی دەروونییەوە گرفتیان هەیە و ئاسوودە نین، بەپێچەوانەی وەرزی رابردوو كەبردنەوە یەك لەدوای یەكەكان، وای كرد ئەو یانەیە بەوپەڕی ئاسوودەیی و ئاست بەرزییەوە یاری بكەن.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure