dwarozh

زۆرانبازی سەربەست وەرزشێکی نمایشی سەرنجڕاکێش و ناوەڕۆکێکی پڕ سیناریۆ

بۆچوون / بیروڕا :: 31/01/2017


 ئەوکەسانەی هەوادار و عاشقی یاری زۆرانبازی سەربەستن و لەنزیکەوە چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەستێرەکانی ئەم یاریە دەکەن، روونتر و خێراتر لە سەردێڕی ئەم وتارەم تێدەگەن. بە تایبەتی ئەو سیناریۆ بێ بنەمایانەی لە نمایشە گەورە و پڕ بینەرەکانی یاری زۆرانبازی سەربەست روودەدەن هاوشێوەی ئەوەی لە نمایشی بەناوبانگی ( رۆیاڵ رەمبڵ) ـی ئەم زستانە روویدا پرسیارێک لەلایەن هەوادارانی ئەم یاریە دروست بوو کە بۆچی ئەفسانەکان براوەی یاری ٣٠ کەسی (رۆیاڵ رەمبڵ) نەبوون؟!
رەنگە لای زۆربەی هەواداران و عاشقانی یاری زۆرانبازی سەربەست جێگەی شۆک و سەرسوڕمان بێت کە بۆچی لە هەبوونی زۆرانبازانی ئەفسانەیی هاوشێوەی ( گۆڵدبێرگ ، بڕۆک لێزنەر، ئەندەرتەیکەر) بۆچی ئەمانە براوە نەبوون و بە جێگەی ئەوان زۆرانبازە نوێیەکان یان وردتر بڵێم ئەو زۆرانبازانەی کە لە ئێستادا لە نمایشە بەردەوامە هەفتانەییەکانی WWE دەردەکەون ئەوان لە کۆتایی مانەوە و دواجار براوەش یەکێک بوو لەو زۆرانبازانەی کە لە ئێستادا زۆر دەردەکەوێت و لەنمایشی هەفتانەی سماکداون بەشدارە ئەویش (رەندی ئۆڕتن)ـە. کە دەڵێم رەندی ئۆرتن بەو واتایە نییە لە ئاستی ئەم زۆرانبازە بەهێزو بەتواناییە کەم بکەمەوە بگرە بە پێچەوانەوە مێژووی ئەم زۆرانبازە پڕاوپڕە لە دەسکەوت و یاری سەرنجڕاکێش بەڵام کە رەندی ئۆڕتن بەراورد بکەین لەگەڵ ئەم سێ ئەفسانەیەی کە لەسەرەوە ناویان هاتووە ئەوا دەتوانین بڵێین نەگەیشتۆتە ئاست و دەسکەوتەکانی ئەوان و بە واتایێکی تر بە ئەندازەی ئەوان ناوازە و ئەفسانەیی نییە و دواتر بەشێک لە دەسکەوتە خەیاڵیەکانی ئەم ٣ زۆرانبازە باسدەکەم.
گومانی تێدانیە کۆمپانیای WWE کۆمپانیایەکی بازرگانییە و مەبەستی سەرەکی کارەکانی بەدەستهێنانی قازانجی زیاترە و زۆرجار بە مەرامی قازانجی زیاتر سیناریۆ و ئاڵوگۆڕ بە ئەنجامی یاریەکان دەکات لەم چوارچێوەیە ئەم کۆمپانیایە بۆیە دەیەوێت گرنگی بەو زۆرانبازانە بدات کە بە بەردەوامی دەردەکەون نەک ئەو زۆرانبازانەی کە بەهۆی گەورەبوونی تەمەنیان یاخود سەرقاڵبوونیان بەکاری دیکەوە ناتوانن هەفتانە لە نمایشەکان ئامادەبن و گرێبەستەکانیان بەم شێوەیە کە تەنیا لە نمایشە گرنگەکان هاوشێوەی (رۆسێلمانیا، سەمەرسلام، رۆیاڵ رەمبڵ، سێرڤایڤەر سیریەس ) بەشداری بکەن.
ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە ئەم کۆمپانیایە ئەوەندەی مەبەستیەتی زۆرانبازە ئەکتیڤەکانی بەهێز پیشان بدات، ئەوەندە مەبەستی نییە زۆرانبازانی هاوشێوەی لێزنەر و گۆڵدبێرگ و ئەندەرتەیکەر زەق بکاتەوە چونکە ئەگەر زۆرانبازەکانی ئێستای بەرامبەر زۆرانبازە ئەفسانەییە کۆنەکان لاواز دەرکەون ئەوا رۆڵ و بەهای نمایشە هەفتانەییەکانی رۆ و سماکداون بینەری کەمدەبێتەوە و نرخی نامێنێت.
بۆ راستی قسەکانم کاتێک لە ڤینس ماکمانی دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای WWE دەپرسن بۆچی زنجیرەی سەرکەوتنەکانی ئەندەر تەیکەر لە رۆسیلمانیا کۆتایی پێهات ئەو لە وەڵامدا دەڵێت ناکرێت زنجیرەی سەرکەوتنەکانی ئەندەرتەیکەر بەردەوام بێت چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بووایە رۆسیلمانیا دوای ئەندەر تەیکەر بەهای نەدەما ئەم لێکدانەوەیە بۆ لێزنەریش راستە بە هەمان شێوە بۆ گۆڵدبێرگ و رۆک (تاشەبەرد).

شوێنەواری ئەم بردنەوەیەی ( رێندی ئۆڕتن ) چی دەبێت لەسەر داهاتوو نمایشەکانی WWE:
1.   بە حوکمی ئەوەی ئۆڕتن یەکێکە لە ئەستێرە سەرەکیەکانی نمایشی سماکداون پێشبینی دەکرێت ئاستی بینەر و هەواداری نمایشی هەفتانەی سماکداون زۆر بەرزببێتەوە بە تایبەت کە سماکداون خەریک بوو بەرامبەر نمایشی رۆ رکابەری لەدەست بدات بە حوکمی ئەوەی نمایشی رۆ بینەر و هەواداری زیاترە.
2.   بە حوکمی ئەوەی رەنگە هەریەک لە ئەندەرتەیکەر و گۆڵدبێرگ و برۆک لێزنەر تا نمایشی رۆسیلمانیا واتە تا ٣ مانگی تر لە هیچ نمایشێکی دیکە بەشدار نەبن بۆیە ئەم کۆمپانیایە کاری بەم ٣ زۆرانبازە نییە بە قەدەر ئەوەی دەیەوێت رۆمان رینز و برای وایت و رێندی ئۆڕتن و جۆن سینا هاوشێوەی ئەم ٣ زۆرانبازە بکاتە ئەفسانە.
3.   ئەو خاڵەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە ساڵانە و مانگانە بە بڕە پارەی خەیاڵی گرەو لەسەر بردنەوە یاخود دۆڕانی ئەستێرەکانی زۆرانبازی سەربەست دەکرێت لە نمایشە بەرفراوانەکان بۆیە لەمەشدا WWE بە شێوەیەکی قەزانج ویستی، سەیری ئەم گرەوانە دەکات کە کامەیان زیاتر لە بەرژەوەندی ئەون وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی هەر لەژێر رۆشنایی ئەو لایەنە ئەنجام و سیناریۆی یاریەکان رێکدەخەن.
لەگەڵ ئەوەش زۆرانبازی سەربەست بەو شێوەیەی ئێستای دوای تۆپی پێ و باسکەو رەکبی لە هەریەک لە وڵاتانی ( ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، مەکسیک، بەریتانیای گەورە، یابان ، بەرازیل و کەنەدا) بە یەکێک لە پڕبینەرترین جۆری وەرزشەکان دادەنرێت و ئەستێرەکانی ئەم یاریە هاوشێوەی ئەستێرە سینەمایەکانی هۆڵیود سەیر دەکرێن و هەواداریان زۆرە لە بیریش نەکەین دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا یەکێک بووە لە یاریزانانی ئەم یاریە و تەنانەت تاکو ئێستاش لەگەڵ ئەوەی بە ئەرکی سەرۆکایەتی سەرقاڵە لە رێگەی شاشەی تیڤییەوە چاودێری یاریەکانی زۆرانبازی سەربەست دەکات.

تێبینی: چەند نمونەیەک لە دەسکەوتە مێژووییەکانی ( گۆڵدبێرگ، بڕۆک لێزنەر، ئەندەرتەیکەر) کە ئەستەمە هیچ زۆرانبازێکی دیکە ئەم مێژووە دووبارە بکاتەوە.
أ. ئەندەر تەیکەر خاوەنی ٢١ بردنەوەی یەک لە دوای یەکە لە میهرەجانی گەورەی رۆسیلمانیا کە لەماوەی ٢١ ساڵ هیچ زۆرانبازێک نەیتوانی ئەم کارە دووبارە بکاتەوە و نەیتوانی کۆتایی بە زنجیرەی سەرکەوتنەکانی بهێنێت.
ب. بڕۆک لێزنەر لە رۆسیلمانیای ساڵی ٢٠١٤ بە بردنەوەی لە ئەندەر تەیکەر کۆتاییهێنا بە زنجیرەی سەرکەوتنەکانی کە پێش ئەو هیچ زۆرانبازێک نەیتوانی ئەم کارە بکات. جگەلەوەش بچووکترین زۆرانبازە لە مێژووی زۆرانبازی سەربەست کە توانیویەتی پشتێنی WWE بەدەستبهێنێت لە ساڵی ٢٠٠٢.
ج. گۆڵدبێرگ خاوەنی سەدان بردنەوەی یەک لە دوای یەکە لە یاری فەردی بە بێ ئەوەی لە هیچ یاریەک دووچاری شکست هاتبێت لەوەش سەیرتر سەرجەم یاریەکانی بە کەمتر لە ١٠ خولەک کۆتایی پێدەهێنا دواجار بەرامبەر بڕۆک لێزنەر ئەوەی دووپاتکردەوە کاتێک تەنیا ١ خولەک و ٣٦ چرکەی بەس بوو بۆ ئەوەی شکست بە وەحش بهێنێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure