dwarozh

تەنیا تۆپی پێ وەرزشە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 17/01/2017


وەرزش لە کوردستان مامەڵەیەکی خراپی لەگەڵ دەکرێت، واتا گەورەیی خۆی لەدەستداوە وتەنیا لە تۆپی پێ بچووککراوەتەوە، وەرزش لە بنەڕەتدا زۆر گەورەترە لەو مامەڵەیەی دەزگەکانی راگەیاندنی کوردستان لە کاتی بەرنامە و هەواڵە وەرزشییەکانیان لەگەڵیان دەکەن، دەزگەکانی راگەیاندنیش بە بینراوو و بیسراوو و خوێنراوو رۆڵێکی باڵایان لەسەر شانە بۆ دەرخستنی رۆشنبیرییەکی ورزشیی راستەقینە بەلایەنە زانستی و پیشەگەرییەکەی، جگە لەوەیش، پێویستە لەسەر ئەوان هەندێک جار بەدوای حەزەکانی جەماوەری وەرزشی و خوێنەران نەکەون و، هەوڵبدەن بابەتەکانیان هەمە چەشن بێت، هەرچەندە بەشێکی زۆر کەم لەو دەزگەیانە بەو رێچکەیە هەنگاودەنێن.
ئەوی ئێستە باوە، زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری وەرزشی بەدوای تۆپی پێوە کەوتوون، بەپێی ئەوەی ئەو یارییە یەکەمە لەجیهان، ئەمەیش وایکردووە یارییەکانیتر فەرامۆشبکرێن،  وەک بڵێی بەس تۆپی پێ وەرزشە.
ئۆبالی ئەمەیش بە پلەی یەکەم دەیخەمە سەر ئەستۆی دەزگەکانی راگەیاندن، کە خۆشەویستی یارییەکانی تریان نەخستۆتە ناو دڵی هەوادارانی وەرزشی، بێگومان ئەمەیش زانیاری رۆشنبیری وەرزشی لەسەر یارییە جیاوازەکانیتر ئیفلیج کردووە.
ئەگەر ئەو بابەتە گرینگە تایبەتتری بکەم، تیڤییەکان وئەوانەی تایبەتمەندن بە وەرزش بەرپرسی یەکەمن، نموونەیش، هەفتانە چەندان چالاکی وەرزشی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن،کەچی تەنها تۆپی پێ لەسەر شاشەکان دەبیندرێن، بەڵکوو لەو رۆژانەی کە هیچ یارییەکی راستەوخۆش نیە، یارییەکان بە شێوەی دووبارە پەخشدەکرێن، بینەر ناچار دەکەن ئەگەر سەیریشی بکەن،  تەنها لەسەر لاکێشە سەوزەکە زانیاری وەربگرن، ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی سۆشیاڵ مێدیاوە بەتێروتەسەلی گرتە و زانیارییەکان دەستدەخەن.
ئەوەی دەمەوێت لەمەر ئەو مژارەوە باسیشی لێوەبکەم، لەو رۆژانەدا، وەشانی ژمارە 25ی مۆندیالی تۆپی دەستی هەڵبژاردەکان لە فەڕەنسا  بەڕێوەدەچێت، لەو کاتەی بەشێک لە هەوادارانی تۆپی دەست، بەدەست نەبینینی یارییەکانی پاڵەوانییەتییەکە دەناڵێنن و بوونی یارییەکانی تۆپی پێی خولە گەورەکانی ئەوروپا رێگەی لێگرتوون، بەپرسی یەکەمیش ئیدارەی کەناڵەکانە، کە کردوویانەتە کەناڵی رێکلام و تۆپی پێ و،هەر کاتێکیش کەناڵێکی وەرزشی بوو بە کەناڵێکی تۆپی پێ، ئەوە شکست چارەنووسییەتی.
تا ئێرە بەسە و پێویستە کەناڵەکان و دەزگەکانی تر لەو دۆخە چەقبەستووەی خۆیان دەربچن وحەزی بینەر و بیسەر و خوێنەر لەسەر بابەتی رەنگاوڕەنگی وەرزش رابهێنن و تێریان بکەن و وهەندێک واز لەتۆپی پێ بهێنن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure