dwarozh

خولی پلە دوو، وەلێ جەماوەری پلە نایاب

بۆچوون / بیروڕا :: 26/12/2016


 رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی یانە پلە دووەکانی کوردستان گەیشتە دوا وێستگە، هەردوو یانەی سەید سادق و کفری رەنج و تێکۆشانی یەک ساڵەیان بە گەیشتن بە پلە یەک چنیەوەو شەقڵاوەو دوکانیش هیواکانیان بۆ وەرزێکی دیکە دواخرا.
دیارە ئەوەی من لەم نووسینەدا گەرەکمە باسی بکەم، گەیشتن و نە گەیشتنی تیپەکان بۆ پلەکانی سەروو یاخود پێچەوانەکەی نیە، بگرە بوونی ئەو وێنەو تابلۆ جوانەیە کە لە پەیژەی زۆربەی یاریگاکان بینیمان، رکابەرییەکانی ئەو خولە بۆ من بە شتێکی جیاواز هاتە دیتن، ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام و سەرسامی کردم، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی جەماوەرو هاندەری وەرزشی بوو، راستی هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد لە شارۆچکەکانی کوردستان حەزی وەرزش و تۆپی پێ لەو ئاستە بەرزە بێت، کاتێک ئەو ژمارە زۆرەی هاندەرم دەبینی، هەستێکی بێ ئەندازە خۆش سەرتاپای دڵ وگیانی داگیر دەکردم و بە شێوەیەک خەیاڵ دەیبردم، وامدەزانی بەدیار یارییەکی پریمەر لیگ یان بۆندسلیگای ئەڵمانی دانیشتووم، ئاخر چۆن دڵخۆش نەبم و خەیاڵ نەکەم، ئەوەی لە پلە دووەکان بینیم تا ئێستا لە خولی نایاب نەمدیووە! پێویستە هەموومان شانازی بە بوونی ئەو جەماوەرە بێ وێنەیەی ( سەید سادق، کفری، شەقڵاوە، دوکان) بکەین، راستە تیپەکانیان لە پلە دوو رکابەری یەکتریان دەکرد، وەلێ جەماوەریان شایستەی نایابن، دڵگرانبووم بەهۆی یاسای تایبەت بە خولەکە هەر چوار تیپ بۆ لیگی یەک سەرنەکەوتن، بە بڕوای من تاوانە تیپێک لە یارییەکانی (۱٠) هاندەری نەبێت و لە نایاب خانەیەکی گرتبێت، کەچی یانەیەکی دیکە لە دەرەوەی شارەکەی نزیکەی (۱٠) هەزار کەس هانی بدات و لە پلە دووش یاری بکات!!! هەمیشە بۆ لیگێکی بە هێزو پڕ رکابەری بوونی تیپێکی جەماوەری لە دە تیپی بێ جەماوەر باشترەو سوودو لایەنی ئەرێنی زیاترە، چونکە تۆپی پێ گەر هاندەرو هەواداری لە دەوری خۆی کۆنەکردەوە، هیچ جوانی و چێژێک نابەخشێت، بۆیە هیواخوازم ئەو یانانەی خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەهێزن، زۆرترین بوونیان لە نایاب هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو جوانی و گەرم و گوڕییەی لە پەیژەی یاریگاکانی یانە پلە دووەکان بینیمان، بۆ نایابیش بگوازرێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure