dwarozh

كێ له‌ مردنی ساڵح به‌رپرسه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 12/10/2016

له‌گه‌ڵ كۆچه‌ ناخهه‌ژێنه‌كه‌ی ساڵح محه‌مه‌دی یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر، ویستم جیاواز له‌ هه‌مووان مردنی ئه‌م یاریزانه‌ به‌ چه‌ندان بابه‌تی دیكه‌ی هه‌ستیار بیبه‌ستمه‌وه‌ و به‌شێك له‌ مردنه‌كه‌شی بخه‌مه‌ ئه‌ستۆی یانه‌ی هه‌ولێر، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش بخه‌مه‌ ئه‌ستۆی به‌شێك له‌ پزیشكه‌ درنده‌ و قۆ‌ڵبڕه‌كانی كوردستان كه‌ وه‌ك قه‌ساب مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌یانه‌ نه‌خۆشییه‌كی هه‌ڵامه‌تیشیان پێ چاره‌ ناكرێت.

نامه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ ئاڵۆز بكه‌م، ته‌نیا وه‌ك میدیاكارێكی وه‌رزشی ده‌مه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ شه‌ن و كه‌و بكه‌م، ساڵح وه‌رزشكارێكی بێ سه‌رپه‌رشتی لاكۆڵانه‌كان و تیپه‌ میللییه‌كان نه‌بوو، تا به‌ رسته‌یه‌كی ساده‌ له‌ فه‌یسبووك ماڵئاوایی لێ بكه‌ین، ئه‌و یاریزانی یانه‌یه‌ك بوو‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ئاسیا ناسراوه‌، بۆیه‌ ناكرێت یانه‌یه‌ك به‌م ناوبانگه‌وه‌ كه‌چی تاقیگه‌ و ژوورێكی پزیشكی نه‌بێت كه‌ مانگانه‌ پشكنین بۆ یاریزانه‌كانی بكات و پێش ئه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ته‌شه‌نه‌ بكات به‌ری لێ بگرێت، چونكه‌ مردنی ئه‌م یاریزانه‌ جه‌ڵته‌ی دڵ نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ندێكجار وه‌ك حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن له‌ یاریگه‌كانی جیهانیش رووده‌دات، مردنی ساڵح وه‌ك مرۆڤێك به‌ ئاسایی ده‌زانم، به‌ڵام وه‌ك میدیاكارێك نامه‌وێت ته‌نیا به‌ پۆستێكی فه‌یسبووك وه‌ك زۆرینه‌ی رۆژنامه‌نووسان لێی بڕوانم و پێی بڵێم رووحت شاد.

دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌م یاریزانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ یانه‌یه‌كی كه‌نداوی عه‌ره‌بیش یاری كردبا، زوو درك به‌ ته‌ندروستی ده‌كرا و به‌م زووییه‌ نه‌ده‌چووه‌ ژێر خاك، بۆیه‌ له‌ هه‌موو بارێكدا به‌شێك له‌ مردنی ئه‌م یاریزانه‌ بۆ‌ بێ ئاگایی ئیداره‌ی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، كه‌ پشكنین و چاودێریكردنی ته‌ندروستی یاریزانانی فه‌رامۆش كردووه‌ و هیچ شتێكی به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ ناچێت، له‌ كاتێكدا یانه‌كه‌‌ له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانی گه‌وره‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و حیزب و حكوومه‌تیش وه‌ك هێزێكی گه‌وره‌ پاڵپشتی ده‌كات.
ڕوانیم له‌م بابه‌ته‌ ته‌نیا له‌ پێناو دوو مه‌به‌سته‌، یه‌كه‌میان بۆ میدیاكارانه‌ كه‌ پێویسته‌ وردتر و فراوانتر له‌ رووداوه‌كان بڕوانن، ناكرێت په‌یامی رۆژنامه‌نووسێك بۆ مردنی یاریزانێك هه‌مان په‌یامی هانده‌رێكی وه‌رزشی بێت، دووه‌میان یانه‌ی هه‌ولێر یانه‌یه‌كی لۆكاڵی و بچووكی كوردستان نییه‌ تا گله‌یی لێ نه‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌م یانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌ ده‌بێت به‌ پرۆفیشناڵی بكرێت، ناكرێت ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ مه‌شقی چڕ به‌ یاریزانانت بكه‌یت، به‌ڵام لایه‌نی ته‌ندروستی پشتگوێ بخه‌یت، ئاخر ناكرێت تۆ ته‌نیا وه‌ك هانده‌رێك بینه‌ری مردن و پێكانی یاریزانه‌كانت بیت، تا نه‌كه‌ونه‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ و له‌سه‌ره‌مه‌رگدا هه‌ستی پێ نه‌كه‌یت، پاشانیش به‌ قسه‌ی زل نیگه‌رانی خۆت ده‌ربڕی و شیعری به‌سه‌ردا هه‌ڵبده‌یت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure