dwarozh

تیتی، پلانی خه‌یاڵی هه‌یه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 07/09/2016


له‌ ئێستادا به‌هۆی ئه‌وه‌ی (لێۆناردۆ باچی) ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل، ناوه‌ندكار و خاوه‌ن تۆپی یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ی نیه‌، زیاد له‌ پێویست جوڵه‌ی یاری تیپه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌كتیكی خستۆته‌ لا باڵه‌كان، به‌ تایبه‌تی لا ته‌یشتنی (مارسیلۆ) و نزیكی (نیمار) له‌و یاریزانه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕاهێنه‌ر زیاتر پلانه‌كه‌ی به‌ شێوازی خه‌یاڵی (4-3-3) داڕشتووه‌، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌نیا سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ توانای جه‌سته‌یی ستاری لاكان به‌ مانای هه‌ڵكشان و داكشانیان بۆ كه‌ناری به‌رگری تیپه‌كه‌، هه‌روه‌ها یاری شەوی ڕابردووی (به‌ڕازیل) جگه‌ له‌وه‌ی لایه‌نی هونه‌ری زاڵبوو به‌سه‌ریدا، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ڕاهێنه‌ره‌كانی پێشوو (تیتی) به‌ كه‌مترین شێوه‌ هاویشتنی تۆپی درێژ و لێدانی له‌ گۆڵپارێزه‌وه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرد، به‌ڵكو كه‌مترین به‌ركه‌وتنی تیپی (كۆڵۆمبیا) ده‌بینرا به‌وه‌ی یاریزانه‌كانی (سلیساو)، له‌ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا ده‌بوو له‌ نێوان خۆیاندا تۆپه‌كه‌ ئاڵوگۆڕ پێ بكه‌ن، یان هاوشێوه‌ی تیپی (ئیسپانیا) ئه‌مشه‌و كه‌تیپه‌كه‌ی (لیۆناردۆ تیتی) ته‌كنیكێكی به‌رزیان له‌ ئاڵوگۆڕی تۆپه‌كان له‌ ناوه‌ندی یاریگای خۆیاندا چێ‌ ده‌كرد، كه‌ ئه‌وه‌ش تیپی دژی ناچاركردبوو به‌ ژماره‌ زۆری پشته‌وه‌ی نیوه‌ یاریگای خۆیان چۆڵ بكه‌ن و ده‌رفه‌تی زیاتریش بۆ (نیمار و دانی ئه‌لڤیس)، له‌ لاكانه‌وه‌ كرابۆوه‌.


 هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ زۆری ئاڵوگۆڕی تۆپه‌كانی تیپی (به‌ڕازیل) و بچوككردنه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕ و نزیكی یاریزانه‌كان و به‌سته‌نه‌وه‌ی پشتوێنی یاری تیپه‌كه‌ له‌ (كاسیمیرۆ)وه‌ ده‌رده‌چوو، كه‌چی به‌ درێژایی ماوه‌ی هه‌ردوو گێمه‌كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ پارسه‌نگی ته‌كتیكی تیپه‌كه‌ی ڕاگرتبوو، به‌ تایبه‌تی تر، له‌ لایه‌نی خاوكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی تیپی دژ و كۆنتڕۆڵكردنی یاری (خامیس ڕۆدریگز)، كه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌بینێت له‌ناوه‌وه‌ بۆ گه‌یاندنی تۆپه‌كان بۆ ناوچه‌ی سزای تیپی دژ، كه‌ ئه‌وه‌ش ئازادییه‌كی زۆری به‌ هه‌ڵكشانی (ئه‌لڤێس و مارسیلۆ و ویلیان) به‌خشی بوو، له‌ هه‌مانكاتدا كه‌شێكی گونجاوی بۆ یاریزان (میراندا) درووستكردبوو به‌ هێشتنه‌وه‌ی تۆپه‌كان له‌ به‌رگریداو، دواتر ڕوماڵی به‌شێك له‌ تۆپه‌كانی به‌ یه‌كسانی بۆ سه‌رجه‌م بنكه‌كان ده‌كرد.


خاڵێك هه‌یه‌ تا ئێستا ڕاهێنه‌ر نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ی یاریزانی ژمار (10) له‌ سه‌نته‌ری یاریگاو نه‌بوونی یاریزانی ژماره‌ (9) له‌ بۆكسی تیپی دژدا، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پاشه‌كشه‌ی ئاستی (به‌ڕازیل)، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری زۆریشی له‌سه‌ر ئه‌نجام و هه‌یبه‌تی تیپه‌كه‌ داناوه‌، له‌ كاتێكدا تیپی (سامبا) به‌وه‌ ناسراوه‌ به‌رده‌مكاری باش و هێرشبه‌ری تێكشكێنه‌ری هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی ئه‌م دوایه‌ ڕاهێنه‌ر كه‌م كه‌م گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر یاریزانه‌كان، یان ده‌یه‌وێت به‌ دیوێكی دیكه‌ هێواش هێواش له‌گه‌ڵ كه‌ش و هه‌وای نوێدا جارێكی دیكه‌ به‌ گه‌ڕیان بخاته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure