dwarozh

باۆزا، هونه‌ریانه‌ مامه‌ڵه‌یكرد؟

بۆچوون / بیروڕا :: 02/09/2016

 

باۆزا، به‌ فۆڕمی (4-2-3-1) یاریكرد، كه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر نه‌خشه‌یه‌كی به‌رگری نیمچه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌، كه‌ هۆكاره‌كه‌یشی بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ داده‌نرێت، به‌ تایبه‌تی ترس له‌ هێزی هێڵی پێشه‌وه‌ی تیپی ئۆرۆگوای، هه‌روه‌ها یاری شه‌وی پێشووی ئه‌رجه‌نتین، هاوكاتبوو له‌گه‌ڵ له‌ ده‌ستدانی كوپا ئه‌مریكا و وازهێنانی (میسی)، بۆیه‌ هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ك تیپی تانگۆی ده‌خسته‌ قۆناغێكی نوێی ناجێگیره‌وه‌، به‌ڵام ناشبێت ڕۆڵی ڕاهێنه‌ر نادیده‌ بگرین كاتێك په‌یامی هاندان و یه‌كخستنی یاری تیپه‌كه‌ی به‌بێ‌ ده‌نگی بۆ نێو گێمه‌كان هه‌ڵده‌گرت، كه‌ له‌ پێشوودا یاریزانه‌كان یاده‌وه‌ری تاڵیان له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌ره‌كانی دیكه‌دا هه‌یه‌، كه‌ كاتێك یارییه‌كان ده‌ستی پێده‌كرد، هاندان و توڕه‌بوونی ئه‌وان ده‌ستی پێده‌كرد تا كۆتایی، كه‌ ئه‌وه‌ش لایه‌نی (سایكۆلۆجیای) یاریزان ده‌گۆڕێت و هه‌میشه‌ پێی وایه‌ ده‌بێت به‌ ڕیتمی ده‌می ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی یاری بكات.
باۆزا، له‌ یارییه‌كه‌دا میسی خستبووه‌، لا باڵه‌كان به‌ تایبه‌تی به‌هۆی چڕی یاری تیپی ئۆرۆ‌گوای، له‌ ناوه‌ندی یاریگا، به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌ زوو نه‌چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ناوچه‌ی سزای تیپی دژبوو، هه‌رچه‌نده‌ (دیماریا) به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زۆرێك له‌ تۆپه‌كانی ده‌بچڕاندو وه‌ریده‌گێڕا بۆ ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه‌، كه‌چی به‌هۆی په‌له‌په‌لكردن و پشت نه‌به‌ستن به‌ تۆپی كورت و ئاڵوگۆڕی به‌رده‌وام و جێگۆڕكێی یاریزانه‌كان به‌ ناچاری (دیابالا) به‌ په‌شێویه‌كی زۆره‌وه‌ تۆپه‌كانی به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌خسته‌ نێو ده‌ستی (مۆسلێه‌ر)ی گۆڵپارێزی تیپه‌ ئاسمانییه‌كه‌، هه‌روه‌ها جاری یه‌كه‌مه‌ له‌م پاڵاوتنه‌دا تیپی (تانگۆ) به‌ ته‌نیا هێرشكارێكی بێ‌ ڕۆڵ و پاڵپشت یاری بكات، كه‌ بۆچوونم وایه‌ به‌هۆی ڕه‌گه‌زه‌كانی پێشه‌وه‌ی ئۆره‌گوای، ده‌بوو (ماسكراتۆ و بیگلایه‌) كه‌متر بایه‌خ به‌وانه‌ی پێشوه‌ بده‌ن، له‌ كاتێكدا (ئۆتامێندی) جوڵه‌و تۆپه‌كانی سوارێزی سنوردار كردبوو.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ خراپی یاری شه‌وی پێشووی ئه‌رجه‌نتین، جۆری وه‌ستاندنی یاریزانه‌كان بوو له‌كاتی لێدانی تۆپه‌ وه‌ستاو و كۆڕناڵه‌كان، یاخود كورت هێنانی تۆپه‌كان بۆسه‌ر سه‌ری یاریزانه‌كان. میسی، زۆربه‌ی كات تۆپه‌كانی لای خۆی ده‌هێشته‌وه‌، كه‌ دواتر ده‌پچڕێندرا، زۆربه‌مان گله‌یمان له‌و جۆره‌ یارییه‌ی (لیۆ) هه‌بوو، به‌س ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین پلانی تیپی دژ بچڕاندنی به‌رگری تیپی ئه‌رجه‌نتین و هێڵی پێشه‌وه‌ی تیپه‌كه‌بوو، كه‌ ئه‌وه‌ش وایده‌كرد ئه‌و یاریزانانه‌ی وه‌ك یارمه‌تیده‌ر و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان ئه‌ركیان پێسپێدرابوو، به‌ تایبه‌تی (دی ماریا و دیبالا) به‌كه‌می ده‌یانتوانی تۆپه‌كان له‌ (لیۆ) وه‌ربگرنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش به‌ ناچاری به‌ كه‌مترین شێوه‌ پشتی به‌ نه‌خشه‌ی یار و یارمه‌تی هاوڕێكانی نه‌ ده‌به‌ست.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure