dwarozh

ئەو وانانەی یۆرۆی 2016 بۆ جیهانی تۆپی پێی جێ هێشت

بۆچوون / بیروڕا :: 18/07/2016


لوقمان عەلی

لە ماوەی رابردوودا، فەڕەنسا میوانداریی پاڵەوانیەتی جامی نەتەوەكانی ئەورووپا (یۆرۆی 2016)ـی كرد و بە سەركەوتوویی كۆتایی هات، بۆ یەكەمجاریش هەڵبژاردەی پۆرتوگال توانیی ئامێز بۆ جامی پاڵەوانیەتییەكە بگرێتەوە.
 چەند وانە و پەندێك لە یۆرۆوە بۆ دنیای تۆپی پێ بەجێ مان، كە تێیدا هەوڵی دەستخستنەسەر بەشێك لەو وانانە دەدەین.

ئەنجامی چاوەڕواننەكراو 

ئەنجامی چاوەڕواننەكراو، بەشێكە لە تۆپی پێ، بە پێی ئەوەی هەندێك جار بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو روودەدات، نمونەیش هەڵبژادەی پۆرتوگال لە لاوازترین كۆمەڵە و بە سێیەمی كۆمەڵەكەی سەركەوت بۆ قۆناغی 16، دواتر بە شێوەی جیاواز قۆناغەكانی دیكەی بڕی، بۆیە دەكرێت ئەوە بڵێین بردنەوەی ناسناوەكە لەلایەن پۆرتوگالەوە، جۆرێكە لە ئەنجامە چاوەڕواننەكراوە مێژووییەكان.

تۆپی پێ بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە
بێبەزەیی تۆپی پێ لە یۆرۆ بەئاشكرا ئەوەی بۆ دەرخستین، كە هەر كاتێك تیپێك دەدۆڕێت، دەبێتە مایەی لە باربردنی خەونی ئەستێرەیەكی ئەو تیپە، لەمەیش 2 وێنەی سەرنجڕاكێشمان بینی، یەكەمیان گریانی بوفۆنی گۆڵپارێزی ئازۆری و گریانی كریستیانۆ لە كاتی تووشبوونی بە پێكان لە یاری كۆتاییدا.

رۆڵی راهێنەر
رۆڵی راهێنەر بەبەردەوامی جێی نیشانەی پرسیارە، ئایا راهێنەر گرینگترە یان یاریزان لە یاریی تۆپی پێ؟ خۆی تیپێك خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی ئەستێرە بێت و لەكاتی بەدەستهێنانی سەركەوتن بۆ راهێنەر دەیگەڕێننەوە، بەڵام لە یۆرۆی ئەمجارە، هەڵبژاردەی ئایسلەندامان بینی كە ڕاهێنەرەكەی هێمیر هاگنسۆنی پزیشكی ددان، سەركەوتووبو لەو یارییانەی بەرانبەر ركابەرەكانی ئەنجامی دا.

لە تۆپی پێ تەنیا ئەنجام سەرت دەخات
تۆپی پێ تەنیا پشت بە ئەنجام دەبەستێت و چەند ئاستی هەر تیپێك نایاب بێت بەبێ ئەنجام هیچ سوودی نابێـت، بۆ نموونە پێش پاڵەوانیەتیی یۆرۆ، پێشبینییەكان بۆ هەڵبژاردەكانی وەك ئەڵمانیا و ئینگلتەرا و ئیسپانیا بوو، كەچی ئەمانە نەگەیشتنە یاریی كۆتایی.
یاریی بەكۆمەڵ

یۆرۆی 2016ـی فەڕەنسا ئەوەی بۆ روون كردینەوە كە یاریی بەكۆمەڵ، ئەنجامەكانمان بۆ یەكلایی دەكاتەوە نەك ئەستێرەیەك، پۆرتوگالیش نموونەكان لەسەری بەردەوام دەبن و لە یاریی كۆتاییدا لەدوای دەرچوونی رۆناڵدۆوە بەهۆی پێكان، پۆرتوگال بەهێزتر دەركەوت بووە هۆی یاریكردنی بە كۆمەڵ و بردنەوە لە خاوەن ماڵ.

ئاستبەرزی رۆشنبیریی یاریزانان
یۆرۆی 2016ی فەڕەنسا، لوتكەی رۆشنبیری وەرزشی بە خۆیەوە بینی، بە جۆرێك لەكۆی 51 یاری، تەنیا 208 كارتی زەردی بەخۆیەوە بینی، لە هەمووی سەرنجڕاكێشتر تەنیا 3 كارتی سوور بەڕووی یاریزاناندا بەرز كراوەتەوە و ئەگەر لەگەڵ كۆپا ئەمەریكای سەدە بەراوردی بكەین، زیاتر روون دەبێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure