dwarozh

رۆژێك بۆ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی هه‌رێم

بۆچوون / بیروڕا :: 12/07/2016

پێش 10 ساڵ و له‌ڕۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆدا له‌ 12ی ته‌ممووزی ساڵی 2006 به‌به‌شداری نزیكه‌ی 50 رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی، له‌هه‌ولێری پایته‌خت و له‌كۆنفرانسێكی یه‌ك رۆژه‌دا (كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان/ عیراق - KSJA) له‌ژێر چه‌تری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌دایكبوو، دواتر رۆژی 5-11-2008 به‌بڕیاری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان و له‌سه‌ر راسپارده‌ی كۆنگره‌ی دووه‌می سه‌ندیكا ناوی كۆمه‌ڵه‌ بۆ لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان/ عیراق گۆڕدرا و له‌ڕۆژی 10-11-2012 دووه‌م كۆنفرانس بۆ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌هه‌ولێر رێكخراو، ده‌سته‌ی نوێی لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی هه‌رێم دیاریكرا.


لێره‌وه‌ به‌پێویستی ده‌زانم بۆ جارێكی تریش پێشنیازی ئه‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی هه‌رێم ده‌ستوبرد بكه‌ن له‌دیاریكردنی رۆژێكی تایبه‌ت به‌خۆیان كه‌ رۆژی 12ی ته‌ممووزه‌ و رێكخراوه‌كه‌یانی تێدا له‌دایكبووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانه‌ له‌م رۆژه‌دا به‌چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر یاده‌كه‌یان به‌رز رابگرن.
دیاره‌ ئه‌م رۆژه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت كه‌بڕیار له‌دامه‌زراندن و دروستكردنی رێكخراوه‌كه‌ ده‌درێت، بیرۆكه‌ی دیاریكردنی رۆژی 2ی ته‌ممووزی هه‌موو ساڵێك، وه‌ك (رۆژی جیهانیی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی-World Sports Journalists Day) بۆ واده‌ی به‌ستنی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی (كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی- International Sports Press Association)  ناسراو به‌ (ئیپس-AIPS) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ڕۆژانی (1تا3-7-1924) له‌شاری پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا به‌ستراوه‌ و له‌دووه‌م رۆژی كۆنگره‌كه‌دا له‌ 2-7-1924 بڕیار له‌دامه‌زراندنی (ئیپس) درا و پێش بیست و دوو ساڵ و له‌ڕۆژی 2ی مانگی ته‌ممووزی ساڵی 1994 له‌یادی (70) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌ بڕیاریان له‌ڕۆژی جیهانیی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی دا كه‌ تائێستا ساڵانه‌ له‌زۆرینه‌ی وڵاتاندا یاده‌كه‌ به‌رز راده‌گرن.
هه‌قه‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان و لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی سه‌ر به‌سه‌ندیكای ناوبراو و رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی هه‌رێم به‌هاوكاریی و پرس و راوێژ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی تایبه‌ت به‌بواری رۆژنامه‌نووسی و میدیا، له‌كۆنفرانسێكدا گفتوگۆ و دیالۆگ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و هه‌روه‌ها دیاریكردنی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كوردیش بكه‌ن و دواتر بڕیار له‌ڕۆژه‌كان بده‌ن تا ئێمه‌ش خاوه‌ن رۆژه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆمان بین و مێژووی خۆمان باشتر بناسین و به‌هه‌موو لایه‌كی ئاشنا بكه‌ین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure