dwarozh

پشت لە عێراق رووەو کوردستان هەنگاو بنێن

بۆچوون / بیروڕا :: 03/07/2016


ئاراس رواندزی
 ماوەی دوو ساڵە قەیرانی دارایی بەرۆکی یانەکانی کوردستانی گرتووەو بەم هۆیەشەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەنجامی تیپەکانی تۆپی پێی بەشدار لە خولی عێراق دروست کردووە، بە شێوەیەک نەک ناتوانن وەک جاران رکابەرو پاڵێوراو بن، بگرە ئێستا دۆڕانی مێژوویی و دابەزین بۆ پلەیەک خوارتر بەشی یانەکانمانە.
 دوای کۆتایی هاتنی خولی فۆکس ـی عێراق، راستەوخۆ یانەکان دەستیان بە جموجۆڵ و رازیکردنی یاریزانە دڵخوازەکانیان کرد، بەشێکیان بە بۆندی چەورو گرێبەستی یەک ساڵە درێسی یانەکانیان بە یاریکەرە تازەکان پۆشی، ئەوانی دیکەش سەرگەرمی گفتوگۆو دۆزینەوەی ستارو پلەیەری باشترن، ئێستا بەقەد گەرمی کەش و هەوا، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی یاریزانان گەرم بووە، رۆژانە یانەکان هەواڵی هێنان و بەڕێکردن و پتەوکردنی پێکهاتەی تیپەکانیان بە هەوادارانیان دەگەیەنن، وەلێ ئەوەی زۆر جێگای تێڕامان و سەرنجە، یانەکانی کوردستانن کە لەم پرۆسەیەدا بێدەنگیەکی قوڵ دایگرتوون و لە پای ئەوەی وەک کارەکتەرێکی کارای ئەم بازاڕە دەربکەون، کەچی جیاواز لە ساڵانی رابردوو لە دوورەوە زیاتر رۆڵی تەماشاکەر دەبینن، بەدەر لەوەی تا ئێستا نەیانتوانیوە بە هێنانی یاریزان ریزەکانیان تۆکمەتر بکەن، بگرە رۆڵەکانی شاریش کە دڵسۆزیان بۆ یانەکەیان بێ سنوور بووەو هەمیشە بە کەمترین بۆندو مووچە رازیبوون، بەبەرچاویان لە لایەن یانەکانی دیکەوە راودەکرێن!!! دیارە من پێموایە یانەکانی کوردستان هیچ بەرنامەو پلانێکیان بۆ بەشداریکردن لە وەرزی داهاتووی خولەکە نیە، لەمبارەوە بەشێک لە تیپەکان خۆیان یەکلاکردۆتەوە، هەرچی یانەکانی زاخۆ و هەولێریشە ئەگەرچی زارەکی بڕیاری بەشداریکردنیان داوە، وەلێ بەهۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان و بەردەوامی بەتاڵی خەزێنەکەشیان، رەنگە لەهەر چرکەساتێکدا بێ بڕیارەکە پێچەوانە ببێتەوە، چونکە حکومەت کە بەهۆی سەقەتی سیاسەتی بەڕێوەبردنی وەرزش بە بەخێوکەری گشت یانەکان دادەنرێت، ئێستا خۆی لە قەیرانێکی قوڵدایەو ئەستەمە بتوانێ دەستی هاوکاری درێژ بکات.
 بۆیە بە بڕوای من هیچ میکانیزم و ئاسۆیەک بۆ پشکداریکردنی یانەکانمان لە وەرزی داهاتوو نیە، مەگەر برایەتی کە ئێستا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەو پلەیەو لە ئەگەری سەرکەوتنی رەنگە ببێتە تاقانە کوردەکەی خولەکە، کەواتە پێویستە جەماوەری وەرزشی کوردستان تووشی شۆک نەبن، کاتێک وەرزی داهاتوو یاریزانە کوردەکانیان بە درێسی یانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دیت! چونکە تۆپی پێ شێوازە کلاسیکیەکەی تێپەڕاندوەو ئێستا لە قۆناغی پیشەگەرییەو یاریزانیش مافی خۆیەتی بەدوای زۆرترین و باشترین بگەڕیت.
 لێرەدا خەمخۆران و جەماوەری وەرزشی مافی خۆیانە بپرسن، ئایا تۆپی پێی کوردستان کۆتایی هات؟ دەرگای یاریگاکان دادەخرێت؟ هیچ رێگا چارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە هەیە؟ لە وەڵامی ئەم گریمان و پرسیارانە من دەڵێم نەخێر، وەرزشی کوردستان کۆتایی نەهاتووەو دەرگاکانیش داناخرێن و ئەلتەرناتیڤیش هەیە، بە پێچەوانەوە دەشێ بە هەنگاوێکی ژیرانە زیاتریش بەرەو پێش بچێت، بەمەرجێک ئەو یانانە چۆن ساڵانی پێشوو هەموو وزەیەکی خۆیان لە پێناو خولی عێراق بەگەڕخستبوو، ئەمجارە وزەو قورسایی خۆیان بخەنە سەر لیگی کوردستان، ئەوسا ئاستی هونەری خولەکە بەرزترو رکابەرییەکانیش بەهێزترو یاریگاکانیش پڕ جەماوەرتر دەبن، بە پراکتیزەکردنی ئەم بیرۆکەیەش تۆپی پێی کوردستان بە گشتی قازانجێکی زۆر دەکات و هەنگاوێکی زیاتر دەچێتە پێشەوە، ئاشکراشە کە بەشداریکردن لە رکابەرییە ناوخۆییەکە، بەهۆی چەند فاکتەرێکەوە تێچوو ماندوبوونیشی کەمترە. 
هەروەها من بۆ داهاتووی هەرێمەکەشمان ئەم رێگایە بە باشترو دروستتر دەزانم، بۆ ئەوەی لاوەکانمان بە شێوەیەکی باشتر دەربکەون و بەهرەو تواناکانی خۆیان بەگەر بخەن.
 کەوابێ با بۆ ئاسۆیەکی گەشتر، هەر لە ئێستاوە پشت لە عێراق و رووەو کوردستان هەنگاو بنێین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure