dwarozh

شرۆڤەكار بناسە !!!

بۆچوون / بیروڕا :: 03/07/2016



بەهۆی زۆری یاریەكانی خول و پەڵەوانتیەكان ، گرنگی پێدانی لەڕادەبەری سەرجەم ڕاگەیاندنەكان بەبواری وەرزش هاوكات بەربڵاوی تۆڕەكۆمەڵاتیەكان  بەشێوازێكی زۆر نا تەندروست بواری شۆرڤەركاری بڵاوبۆتەوە ، نەبوونی هیچ جۆرە فلتەرێك و بەربەستێك هێندەی دی دۆخەكەی نا تەندروستكردووە .
زۆر لەسەر كاری شرۆڤەكاران ووتراوە بەڵام دەكرێت زیاتر هەوڵێستەی لەسەر بكرێت، چوونكە چەمكێكی تەواو هەستیارە ، هێشتا بینەری كورد چاو و ڕووی لەگەڵ بوارەكەدا بەشێوەیەكی زانستی و لۆژیكی نەكراوەتەوە ، پێمان خۆش بێت یاخوود نا بەركەوتنێكی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئەم چەمكەدا كەواتە زۆرگرنگە زیاتر و زیاتر بەرەو زانستی و ئەكادیمی ببەین .
ئایا كاری شرۆڤەكاری كێ بیكات !!!
ساڵانێكی زۆرە ئەم بۆچوونە هەیە دەوترێ پێویستە (ڕاهێنەر _ یاریزان ) كاری شیكردنەوە بكەن ، لەڕووی واقعیەیەوە زۆر ڕاستە چوونكە ڕاهێنەر یان یاریزان باشتر و ڕوونتر درك بە هاوكێشەكان دەكەن لەبەر ئەوەی خۆیان بەكردەنی ئەنجامیانداوە ، بەڵام بەهیچ جۆرێك مانای وانییە كەسی دیكە ناتوانێت كاری شرۆڤەكاری بكات هەرچەندە پیشەكە تەواو ئاڵۆزە ، ئەوەی جێگای سەرنجی منە پیشەی شرۆفەكاری تێكەڵكراوە بە زۆر بواری دیكەی خوودی وەرزشەوە دەبینین و دەبیستین لەكاتی شرۆفەكاریدا هێندەی گوێت لەزانیاری دەبێت هێندەی لێدوان و هێندەی مێژووی وەرزشی باس دەكرێت نیو هێندە شرۆڤە ناكرێت ، بۆیە بەپێویستی دەزانم بەشێوازێكی گشتی ڕوخساری شرۆڤەكاری ڕاستەقینە بخەمە پێش چاوتان .

لەڕووی تیۆرییەوە تۆپی پێ پۆلێن دەكرێت بۆ چوار بەش (قۆناغی هێرشبردن _ قۆناغی بەرگری _ هێرشی هەڵگەراوە _ سیستەمی گووشار دروستكردن ) لەسەر چیمەنی سەوز پۆلێن دەكرێت بۆ دوو جۆر (هێرشبردن _ بەرگری كردن ) ، واتا پێویستە شرۆڤەكار جگە لەم گۆشانەوە لە هیچ گۆشەیەكی دیكە باسی یاری نەكات ، بەپێچەوانەوە لە چوارچێوەی شیكاری دەچێتە دەرەوە ، هەروەها شرۆڤەكار پێویستە زۆرترین ماوەی قسەكانی بدات بەو سیستەمەی هەر تیمێكیان دەیگرنە بەر بۆ نموونە بۆچی تیمەكان بە (4_4_2) یاری دەكات ؟ ئەم سیستەمە گوونجاوە بۆ تیمەكە ؟ خاڵی لاواز و بەهێزی سیستەمەكە چییە بۆ تیمەكە ؟ ئایا پێویست دەكات سیستەمەكە بگۆڕێت ؟ تیمی دژبەری بە سیستەمێك یاری دەكات ؟ كام تیم ڕیتمی یاریەكە دەگۆڕێت ؟ ڕیتمەكە لە خێراوە دەگۆڕێت بۆ خاو ، یان بەپێچەوانەوە ؟ لە چ جێگایەكی یاریەكە یاری دەكەن هەر دوو تیم ؟ تۆپی درێژ بەكاردێن یان كورت ؟ هێڵەكان لە چ دۆخێكدان ؟ ڕاهێنەر زیاتر گرنگی داوە بەكام هێڵە و بۆچی ؟ گرنگی ئەو گۆڕانكاریەی ڕاهێنەر ئەنجای دەدات لە چییدایە ؟

شرۆڤەكاری خوێندوەیەكی عەقلێتی جیاوازە وردتر دەڕوانێتە ڕوداوەكان ، لە گۆشەیەكی جیاوازەوە خوێندنەوە دەكات ، بەهیچ جۆرێك نا بێت بكەوێتە ژێر كاریگەری هەست و سۆزەوە ، هاوكات بەهیچ جۆرێك پێوەری ڕاستەقینە نییە بۆ ئەوەی شرۆڤەكار هەڵگری بڕوانامە بێت یاخوود كورد بێت یان عەرەب بێت یان بیانی بێت چوونكە خوودی پیشەكە تەواو دورە لە كۆمەڵێك ئایدۆلۆژیا .
بۆ كەسی شرۆڤەكار هیچ هێڵێكی سوور نییە لێرەوە سەرجەمی ئەو بیر و ئەفكارە كۆنانە ڕەت دەكەمەوە هیچ جۆرە لۆژیك و مەنتیقێك نییە لە پشتیانەوە ، چەندین شرۆڤەكاری كورد شیكاری دەكات بۆ خول و پەڵەوانتیەكان بەڕێژەیەكی یەكجار زۆر دەیپێكن یاخوود  هەڵسەنگاندنی ڕاهێنەر و یاریزانان دەكەن تەواوی ووتەكانیان وە ڕاست دەگەڕێت ،
لە كۆتایدا شرۆڤەكاری زیرەك بەشێوەی گوفتار و پڕۆگرامی ڕاستەوخۆ دەردەكەوێت بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە نووسینە تێكستەكان ناچنە خانەی شرۆڤەكاری، بەڵام بەداخەوە كاری وەرگێڕان یان بردنی سەرنجی كەسانی دیكە نوسینەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە !!!! لە ئێستادا ئەوەی ماوەتە دەكەوێتە سەر شانی خوێنەر و بینەر بۆ ناسینی شرۆڤەكاران لەم چوارچێوەی لەسەرە ئاماژەمان بۆكرد دەربچێت پیشەكە دەبێتە قسەی ئاسایی نێوان دوو بینەری وەرزشی یاخوود قسەی ئاسایی و سادەی ڕۆژانە ، وە هیوادارم لەمەودوا بینەر بزانێت و بۆی ئاشنا بێت بەكێ دەڵێت (شرۆڤەكار (شیكەرەوە ) .

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure