dwarozh

هاندەرانی ریاڵ چاوەڕوانی ئەستێرەی گەورەبن!

بۆچوون / بیروڕا :: 03/07/2016



هەرچەندە تۆپی پێ لەهەموو لایەكەوە بە یاری هەڵبژاردەكان سەرقاڵە، بەڵام یانەكان بەبێ دەنگی خەریكی ئامادەكارین بۆ وەرزی نوێ و هەموو نیشانەكانیش ئەوەمان پێ دەڵێن كە ریاڵ مەدرید ئەستێرەیەكی گەورە دەهێنێتە یانەكەوە!
لەماوەی 16 ساڵی رابردودا هەركاتێك پاڵەوانێتیەكی گەورە ئەنجامدرابێت دوای ئەوە ریاڵ مەدرید یاریزانێكی ناوداری هێناوەتە ریزەكانیەوە، لەوانەیە بڵێن ئەوە تەنها رێكەوتێك بوەو هیچیتر بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ دواوەو خۆتان بڕیار بدەن.

فیگۆ دوای ئەوروپای 2000 : 
دوای كۆتایی هاتنی جامی ئەوروپا كە لە هۆڵەنداو بەلجیكا ئەنجامدرا و لە یەكێك لە گەورەترین بۆندەكانی مێژووی تۆپی پێ لویس فیگۆ بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە بەرسەلۆنەوە چوە ریاڵ مەدرید، گواستنەوەكەی فیگۆ لەگەڵ ئەوەی گرانترینی ئەوكاتەبوو دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروستكرد بەوەی لەلایەن هاندەرانی بەرشەلۆنەوە بە خائین ناوبرا.

رۆناڵدۆ دوای مۆندیالی 2002 : 
دوای كۆتایی هاتنی مۆندیالی كۆریا و یابان یانەی ریاڵ مەدرید بەردەوامبوو لە كۆكردنەوەی ئەستێرەكان و بەبڕی 46 ملیۆن یۆرۆ رۆناڵدۆی لە ئینتەرمیلان كڕی ، هەرچەندە رۆناڵدۆ لە ئینتەر پێكانی زۆری هەبوو بەڵام لەریاڵ مەدرید باشتر دەركەوت و چەندین نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە بەدەستهێنا.

مایكڵ ئۆین دوای یۆرۆی 2004 : 
دوای كۆتایی هات جامی ئەوروپای 2004 كە لە پرتوگال بەڕێوەچوو، یانەی ریاڵ مەدرید سوربوو لەسەر هێنانی ئەستێرەی زیاتر بۆ یانەكەی  و مایكڵ ئۆینی لە لیڤەرپوڵ كڕی،بەڵام ئۆین نەیتوانی جێگەی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكیدا بكاتەوە بەوپێیەی زیدان و فیگۆ و رائوڵ و بێكهام لە پێكهاتەكەدا بوون، ئۆین 16 گۆڵی لەو یانەیە كرد كە گۆڵێكی لە یاری كلاسیكۆدا بوو.

كەنەڤارۆ دوای مۆندیالی 2006 : 
دوای ئەوەی ئیتاڵیا جامی جیهانی 2006 ی بردەوەو كەنەڤارۆ یەكێك بوو لە دیارترین یاریزانەكانی ئەو پێكهاتەیەو یانەی ریاڵ مەدریدیش كێشەی بەرگری هەبوو، كاپیلۆی راهێنەری یانەی شاهانە بەبڕی تەنها 7 ملیۆن یۆرۆ كەنەڤارۆی تەمەن 32 ساڵی بردە یانەكەوەو توانیان لەیەكەم وەرزدا خولی ئیسپانی ببنەوە، كەنەڤارۆ هەر لەیانەی شاهانە تۆپی ئاڵتونی بەدەستهێنا.


دوای جامی جیهانی 2010:
ئیسپانیا لە ئەفریقای باشور نازناوەكەی بەدەستهێنا بەڵام ئەڵمانیا یەكێك بوو لەو هەڵبژاردانەی ئاستێكی زۆر باشی پێشكەش كرد، دوای كۆتایی هاتنی مۆندیال مۆرینیۆ هەریەكە لە ئۆزێل و سامی خزێرەی بردە ریاڵ مەدرید و توانیان لە یەكەم ساڵدا خولی ئیسپانیا بەدەستبهێنن و 100 خاڵ زیاتر كۆبكەنەوە. ئۆزێل یانەی شاهانە جێهێشت و خزێرە وەرزێكیتر مایەوەو خولی یانەپاڵەوانەكانی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێنا لە 2014 دا.

دوای مۆندیالی 2014 ی بەرازیل : 
ئەڵمانیا لەناو بەرازیلدا جامی جیهانی بردەوە بەڵام یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی ئەو پاڵەوانێتیە جەیمس رۆدریگێز بوو، لەگەڵ كۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیەكەو بەبڕی 80 ملیۆن یۆرۆ جەیمس رۆدریگێز لە مۆناكۆوە رویكردە یانەی ریاڵ مەدرید، جەیمس كە خاوەنی جوانترین گۆڵی مۆندیال بوە بوە پێنجەم گرانترین یاریزانی تۆپی پێ.


وەكو دەبینین لەماوەی رابردودا تەنها دوای یۆرۆی 2008 و 2012 نەبێت ریاڵ مەدرید ئەستێرەی زۆر دیاری هێناوەتە یانەكەوە، بۆیە لەم هاوینەی گواستنەوەی یاریزانانیشدا ریاڵ مەدرید كە پاڵەوانی ئەوروپایە پلانی هەیە بۆ هێنانی ئەستێرەیەكی گەورە، لەئێستادا هەریەكە لە پۆل پۆگبا و ئیدین هازارد دیارترین ئەو ئەستێرانەن كە ئەگەری پەیوەندیكردنیان بەر یاڵ مەدریدەوە زۆرە، ناتوانین گەرەنتی بدەین كەكام ئەستێرە پەیوەندی بە تیپەكەی زیدانەوەدەكات، بەڵام دەتوانین بڵێین ریاڵ مەدرید لەسەر سیاسەتەكەی خۆی بەردەوام دەبێت و دوای ئەم جامی ئەوروپایە ئەستێرەیەكی گەورە دەهێنێتە یانەكەوە.
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure