dwarozh

ئایا میسی پەشیمان دەبێتەوە لە بڕیاری وازهێنانەکەی؟!

بۆچوون / بیروڕا :: 27/06/2016

ئایا میسی پەشیمان دەبێتەوە لە بڕیاری وازهێنانەکەی؟! 
گرامافۆنەکەی ئەرجەنتین لە کار کەوت ...
خۆری میسی لەگەڵ تانگۆ کوژایەوە ..
میسی نەیتوانی کۆدی  ( 23 ) ساڵی هەڵبژاردەکەی بشکێنێت !!
ئایا میسی بڕیارێکی هەڵەی مێژووی دا ؟ 
شکستی ئەرجەنتین و میسی دوو ڕووی یەک دراون ..
پاش ئەوەی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی تانگۆی ئەرجەنتین  " لیونیل میسی " لە سێ یاری کۆتای جامەکانی "جیهانی و کوپا ئەمریکا "دا واتا لە ماوەی نێوان ساڵانی " 2014 " تا " 2106 " کە سێ جار چۆتە یاری کۆتایەوە نەیتوانیوە سەرکەوتن تۆمار بکات، بەمەش کاردانەوە و ناڕەزایی زۆر خراپی بە دوای خۆی و هەڵبژاردەکەی و هاندەرانیدا هێنا، هەروەها ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توندی ڕۆژنامە جیهانیەکان بووەوە.
بێ گومان بڕیاری واز هێنانی میسی لە یارییە نێو دەوڵەتیەکان لەم کاتەدا بە هەڵە دادەنرێت، چونکە جگە لەوەی بڕیاری وازهێنانەکەی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ هەواداران و لایەنگرانی ئەم هێرشبەرە مەزنە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە پێشتر میسی بڕیاری لەو جۆرەی دابێت. واتا بیری لەوە کردبێتەوە ئەگەر هاتوو سەر لە نوێ دوچاری شکست هاتن لە کوپا ئەمریکای 2016 ئەوا ئەو بڕیارە بدات، وە بە هۆکاری ئەوەی  پێشتریش ڕەخنەی ئەوەی لە سەر بووە کە هەمیشە نەیتوانیوە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی سەرکەوتوو بێت، لە کاتێکدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تەواو پێچەوانە بووە، جگە لەوەی ئاستێکی جێگر و باشی پێشکەشکردووە،  هەمیشە ژمارە یەکی یانەکە بووە و توانیویەتی " 5 " جار ببێتە باشترین یاریزانی جیهان، ئەمانە هەمووی بەردەوام کاریگەری سلبی و خراپی لە سەر میسی هەبووە، بە جۆرێک پاڵنەرێکی دەروونی لە سەر ئەم ئەستێرە جادووگەرە بووە کە نەیتوانیوە سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ تۆمار بکات.
لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن " مارادۆنا" ی ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی تانگۆوە هێرشی توند و ڕەخنەی توند کراوەتە سەر میسی بەوەی نەیتوانیوە ڕۆڵی "سەرکردە " بگێرێت لە نێو یاریزانەکان و لە نێو یاریگدا، واتا مارادۆنا ئەوەی وەک خاڵێکی لاوازی ئەو نیشانداوە، ئەگەر چی مارادۆناش نەیتوانیوە نازناوی کوپا ئەمریکا بباتەوە، بەڵام توانیویەتی لە مۆندیالی 1986 سەرکردیەتی ئەرجەنتین بکات و بردنەوە بۆ تانگۆ دەستەبەر بکات و وە بە جۆرێک مۆندیالی 1986 بە مۆندیالی " دیگۆ ئارماندۆ مارادۆنا " ناسراوە.
لە لایەکی ڕای جیاوازی هەیە بەوەی لە بەرشەلۆنە بە هۆکاری بوونی یاریزانی باش لەگەڵ میسی ئاستی ئەو بەرز و جێگیر ماوەتەوە، بۆ نمونە لە ماوەی ڕابردوودا " خافی و ئینێستا " لە هێڵی ناوەند زۆر هاوکاری بوون ، هەروەها لەم دوو و سێ ساڵەشدا " نایمار و سوارێز و ئەلفێس " زۆر یارمەتی دەری بوون لە مانەوەی ئاست بەرزی میسی،  ئەگەر چی خۆی زۆر جار لە هەموویان کاریگەر تر بووە و هاوکاری ئەوان بووە.
ئەگەر وردتر تەماشای تۆپی پێ و چانسی یاریزانان بکەین ئەوا زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، هەموو یاریزانێک گرێی دەروونی تۆپی پێی هەیە، واتا بەردەوام مەرج نەبووە هەموو نازناوێک بباتەوە، بۆ نمونە ڕۆناڵدۆی بەڕازیل کە بە"دیاردە " ناسراوە ئەو نەیتوانیوە تەنانەت یەک نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بباتەوە، "پیللی و مارادۆنا" یەک نازناوی کوپا ئەمریکایان نەبردۆتەوە، زیکۆی بەڕازیل کە بە مارادۆنای بەڕازیل ناسراو بوو نەیتوانیوە مۆندیال لەگەڵ سامبا بباتەوە، ڕۆماریۆی هێرشبەری بەڕازیل بە هیچ شێوەیک نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی نەبردۆتەوە. زۆرن ئەو یاریزانانەی کە هەمیشە بۆشاییەکی نازناو هەبووە لە ژیانیاندا.
لیونێل میسی جگە لە گرێی دەروونی مۆندیال، کوپا ئەمریکاشی هاتە سەر، واتا میسی لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی بە هیچ شێویەک سەرکەوتوو نەبووە، تاکە شت کردی توانی ببێتە گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەکەی.
ئەوەمان بیر نەچێت تۆپی پێی ئەرجەنتین مەزنە، خاوەنی مێژوویەکی مەزنن، دوو نازناوی مۆندیال و چواردە پاڵەوانێتی کوپا ئەمریکا و شەش نازناوی مۆندیالی لاوان و سێ نازناوی ئۆڵمپی بۆ تۆپی پێ خوار تەمەن بیست ساڵ.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە سەرەڕای بەهێزی بەردەوامی ئەم هەڵبژاردەیە، بەڵام لە ساڵی 1993 ەوە  هیچ نازناوێکی لە سەر ئاستی هەڵبژاردەی یەکەم نەبرۆدتەوە، وە لە ماوەی ڕابردووشدا خاوەنی چەندین ئەستێرەی جیهانی وەک " باتستیۆتا و ئۆرتێگا و ڕیکێلمی و ڤیرۆن و  ڕیدۆندۆ و ئایالا و لۆپێز و ماسکیرانۆ " جگە لە چەندین ئەستێرەی تر کە هەمیشە ڕووی بەهێزی تانگۆ بوون.
کەواتە ماوەتەوە بڵێین ئایا هەڵبژاردەی تانگۆ شومە یاخود بێ چانسن؟ ئایا میسی شوم یاخود بێ چانسە لەگەڵ تانگۆ؟  ئایا دواجار میسی بڕیاری هەڵەی دا بەوەی وازهێنانی خۆی ئاشکرا کرد بۆ ڕاگەیاندنەکان ؟
وازهێنانی بە پەلەی میسی خۆی لە خۆیدا خۆ دزینەوە بوو لە شکستی ئەرجەنتین و کار و کاردانەوەی هاندەران و ڕەخنەی بەردەوامی مارادۆنا و یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، هەر بۆیە بۆ مێژوو ئەم قسەیە ئەکەم میسی  لە ئێستادا ڕاگەیاندن و هەوادارانی لە بری بە شکستەوە سەرقاڵ بکات، بە وازهێنانەوە سەرقاڵی کردن و ڕام وایە " سەر لە نوێ دەگەڕێتەوە ڕیزی هەڵبژاردەی تانگۆ " بۆ هاوکاریکردنی هەڵبژاردەکەی بۆ ئەوەی لە پاڵاوتنی هەڵبژاردەکانی لاتین سەریان بخات بۆ مۆندیالی " 2018 " ی ڕووسیا چونکە ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە ترسێگی گەورەدایە بۆ سەرنەکەوتن، بۆیە میسی لە پێناو هەڵبژاردەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەرجەنتینیەکان وەک " مێژوویەکی ڕەش " تەماشای نەکەن..

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure