dwarozh

شرۆڤەكردن چۆن وا دەبێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: 23/06/2016


جێی دەستخۆشی و رێزە ئێستا لە كوردستان، كەسانێك شرۆڤەی یاریی تۆپی پێ دەكەن، بەو ئەزموون و زانیارییانەی هەیانە، بەرچاوڕوونی دەدەنە بینەرانی وەرزشی، لە توانای ئەوان كەم ناكەمەوە، چونكە كەسانی زیرەكیان تێدایە و بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان لە وەرزشدا هەیە، دەتوانن تا راددەیەك شیكردنەوە بۆ یارییەكان بكەن، پەیامەكەم گشتگیرە و ئاراستەی كەسێكی دیاریكراو نییە، ئەم چەند تێبینی و سەرنجەم هەیە:
- بە باشی نازانم رۆژنامەنووسی وەرزشی، ببێتە شرۆڤەكار، چونكە كاری رۆژنامەنووس رووماڵكردنە نەك شیكردنەوە، تەنیا لە كوردستان ئەو حاڵەتە زۆر بەدی دەكرێت.
- كەسێك لە ژیانی خۆی، لە تیپی میللی و یانە یاریی نەكردبێت، چەند ساڵێك كاری راهێنەرایەتی نەكردبێت و بەشداری لە هیچ خولێكی شرۆڤەكاری نەكردبێت، شرۆڤەكار نییە.
- وا باشترە شرۆڤەكار، تایبەتمەند بێت بە خولێكی دیاریكراو، واتە زیاتر خۆی شارەزا بكات لەسەر یەك خول ، یان یەك پاڵەوانیەتی، كەسانێك هەن، ئامادەن قسە لەسەر خولی هیندۆراسیش بكەن كە هیچ شارەزاییان نییە، لەلای ئەوان گرینگ دەركەوتنە.
- بەباشی نازانم كەسێك لە رابردوو، یاریزانی یارییەكی تر بووبێت، ئێستا بێت شیكردنەوە بۆ تۆپی پێ بكات، بۆ نموونە یاریزانی باسكە، ناوبژیوانی تۆپی دەست، راهێنەری ئەسپسواری، پزیشك، چونكە شارەزایی لە شیكردنەوە و تەكتیكی تۆپی پێ نییە و رەنگە سەر لە بینەرانیش بشێوێنێت.
- دەركەوتن لەیەك رۆژدا لە سێ كەناڵی لۆكاڵی و ئاسمانی، دەچێتە قاڵبی خۆدەرخستن.
- (یاریزانانی ئارسنال لەشیان رەقە، كریستیانۆ رۆنالدۆ دەلەنجێ، یاریزانانی پۆرتۆ ناوەراستی بایرن میونشن دەخنكێنن، كریستیانۆ و بەیڵ نێوانیان نییە) ئەمانە مشتێك لە خەرواری ئەو قسە و دەستەواژانەن كە لە نوكتە نەبێت لە هیچی تر ناچێت، ئەمە شیكردنەوە نییە، عەیبەیەكی گەورەیە.
- بە رونی دیارە، میوانەكان لەسەر بنەمای یەكترناسین و هاوڕێیەتی و تەلەفۆن و موجامەلە دەستنیشان دەكرێن.
- ئەو قسانەی كە لە پڕۆگرامەكان دەكرێن، زۆربەیان دووبارەن، شرۆڤەكار هەیە ئەوەندە لە شاشە دەردەكەوێت و قسەی دووبارە دەكاتەوە، پێم وایە بینەران قسەكانیان ئەزبەر كردووە.
- شرۆڤەكاری قسەكردنە لەسەر شتی زۆر ورد (جوزئی) نەك گشتی، بۆ نموونە شرۆڤەكار دەڵێ: فەرەنسا كۆنترۆڵی ناوەڕاستی كرد، بینەرانیش ئەو راستییە دەزانین، بەڵام بۆچی كۆنتڕۆڵی كرد، تۆ دەبیت بەرچاو ڕوونی بدەیتە بینەر، پێم وایە كاری شرۆڤەكاری هەمووی بووەتە داتا، نەك قسەی گشتی.
- ئەوانەی لە بەرنامەكان قسەیان لەسەر دەكرێت، پێیان ناگوترێت شرۆڤە، بەڵكوو ئەمە گفتوگۆی وەرزشییە، گێڕانەوەی حاڵەتەكانی نێو یارییەكەیە نەك شیكردنەوە، بەرنامەكان ئەگەر لەسەر بنەمای زانستی و وەرزشییانە بێت، بینەری زۆری دەبێت و كەسیش بێزار نابێت.
- لە هەمووی عەیبتر، ئەوەیە لە پرۆگرامەكاندا شرۆڤەكار خۆی دەباتە ریزی راهێنەرەكان، بۆ نموونە دەڵێ: مۆرینهۆ لە گۆڕینی ئەو یاریزانە هەڵەی كرد، دەبووایە لە نیوەی دووەم بەو شێوازە یاریی بكردایە". 
مۆرینهۆ 7 بڕوانامەی نێو دەوڵەتی هەیە، نیو سەعات جارێك تاكتیكی یاریكردن دەگۆڕێت، چۆن رێ بەخۆت دەدەیت، ئەو قسەیە بكەیت؟ 
- لایەنگیری و دژایەتیكردنی یانە و هەڵبژاردەكان بە روونی لە كاتی شیكردنەوەكاندا دیارە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure