dwarozh

ئایا خۆری بەڕازیل لە ئاوابووندایە ؟!!

بۆچوون / بیروڕا :: 14/06/2016

 

 

ئایا بەڕازیل تەنها درێسەکە و پێنج ئەستێرەکەی ماوە !!
بەڕازیل خراپترین نەوەی تۆپی پێ بە ڕێ دەکات ...
" پاولۆ کۆیلۆ" ی ڕۆمانووسی گەورەی بەڕازیل : تۆپی پێ لە بەڕازیل وەرزش نیە، بەڵکو دینە ..
هەر کات ناوی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل دێتە بەر گوێمان دەست بەجێ تەرکیزمان بۆ زۆرێک لە ئەستێرە ناودارەکانی ئەو هەڵبژاردەیە دەڕوات، هەروەها ڕاستەوخۆ بیرمان دەچێتە سەر کۆمەڵێک ناوی یاریزانی زێڕینی سامبای بەڕازیل کە بیرچوونەوەیان ئەستەمە لەوانە " پێللی ، زیکۆ ، ڕۆماریۆ، ڕۆناڵدۆ، ڕیڤاڵدۆ، ڕۆبەرتۆ کارلۆس، کافۆ، ڕۆناڵدینهۆ، کاکا، نایمار " لەگەڵ کۆمەڵێک ناوی تردا کە ئەمانە دیارترینیانن وە ناوی خۆیان بە زێڕ لە مێژووی تۆپی پێی بەڕازیل و جیهاندا نووسیوەتەوە.
بەڕازیل یەکێتی تۆپی پێیەکی ساڵی " 1914 " دامەزراوە، مێژوویەکی زۆر قوڵی لەگەڵ تۆپی پێدا هەیە، توانیویەتی هەمیشە ناوی لە گشت پاڵەوانێتیەکاندا هەبێت و وە ئەنجامی بەرچاویشی هەبێت.
هەڵبژاردەی سیلیساو خاوەنی زۆرترین بەشداری یارییەکانی مۆندیالە، بە جۆرێک لە هیچ پاڵەوانێتیەکی مۆندیالدا غیابی نەبووە واتا " هەمیشە خۆری بەڕازیل لە مۆندیالدا " بوونی هەبووە.
بەڕازیل بە درێژای مێژووی جیهانی هاندەر و هەواداری زۆری هەبووە لە جیهاندا ، یاریزانەکانی خۆشەویست بووە لە جیهاندا واتا نەوەکانی " کۆبا کابانا " بەردەوام لە دڵی هاندەراندا هەبوون، بەڕازیل خاوەنی " پێللی" ە کە بە پادشای تۆپی پێ ناسراوە، نازناوی باشترین یاریزانی سەدەی هەیە، خاوەنی 5 نازناوی مۆندیالی جیهانە کە گەورەترین نازناوی تۆپی پێی جیهانییە، خاوەنی 4 نازناوی جامی کیشوەرکانە، خاوەنی 8 نازناوی جامی کوپا ئەمریکا، خاوەنی 5 نازناوی مۆندیالی لاوانە، ئەمەش دەری دەخات بەڕازیل خاوەنی زۆرترین نازناوی جیهانیە لە سەر ئاستی هەموو پاڵەوانێتیەکان.
قسەکە لێرەوە دەست پێ دەکات ئایا بەراِزیل خاوەنی ئەم هەموو نازناو و یاریزانە بەناوبانگە جیهانیە بێت، ئایا تاوان نیە لە ئێستادا هەڵبژاردەکە بە قەیرانی نەبوونی یاریزاندا تێپەڕ ببێت و ببێتە جێی بەزەیی  جیهان و گاڵتە جاڕی ڕۆژنام جیهانیەکان.
تۆپی پێ لە ڕاستیدا واتا " نەوە " کە بە " جیل " ی یاریزانان ناسراوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە هەموو هەڵبژاردەیەک دەیبینێ.
 بەڕازیل کاتێک مۆندیالی ساڵی " 1970 " دا بردەوە بە سەرکردایەتی پێللیە، ئیتر پاش ئەوە بۆ ماوەی " 24 " ساڵ بەڕازیل هیچ نازناوێکی تری لە سەر ئاستی مۆندیالدا نەبرد و ناویشی دوورکەتەوە لە سەر ململانێی نازناوەکان، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە گشت پاڵەوانێتیەکاندا.
فیفا جیلی مۆندیالی ساڵی " 1982 "  بە باشترین جیلی تۆپی پێی بەڕازیل و جیهان داناوە کە هەردوو یاریزان " زیکۆ و سوقڕات " دیارترینی یاریزانی ئەو سەردەمە بوون لە کاتێکیشدا بەڕازیل براوەی مۆندیال نەبووە تا مۆندیالی ساڵی  " 1994 " بە سەرکردایەتی " ڕۆماریۆ و بیبیتۆ و مازینۆ و تافارێل" توانیان بۆ جاری چوارەم نازناوەکە ببەنەوە.
لە پاش ساڵی " 1994 " ەوە تا ساڵی " 2002 " بەڕازیل دووبارە جیلێکی نوێی یاریزانانی پێشکەشی جیهان کرد ئەویش بە بردنەوەی نازناوی ساڵی " 2002" و بە دەستهێنانی نازناوی پلەی دووەمی مۆندیالی " 1998 " لەو ماوەیەشدا دەرکەوتنی یاریزانانی وەک " ڕۆناڵدۆ و ڕیڤاڵدۆ و کارلۆس و کافۆ و ئەلدایەر و بەیانۆ " هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنەوەکانی بەڕازیل بوون.
بۆ بیرهێنانەوە مێژووی بەڕازیل خاوەنی دوو شکستی گەورەیەی جیهانیە کە هەردوو شکستەکە لە نێو و هاندەر و یاریگای خۆیدا بووە لە بیرکردنی ئاسان نیە، تەنانەت لای بەڕازیلیەکان بە  ڕۆژی " ڕەش " ناسراوە.
یەکەم شکستی لە بیر نەکراو مۆندیالی ساڵی " 1950 "یە ، کە بەڕازیلیەکان لە نێو یاریگای بەناوبانگی " ماراکانا "دا بە ئامادە بوونی نزیکەی 200 هەزار هاندەر دوچاری شکست دەبن لە بەرامبەر هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆرۆگوایی بە 2 گۆڵ بەرامبەر بە 1 گۆڵ لە پاش  ئەو شکستەوە بەڕازیل بڕیاری گۆڕینی درێسەکانیان دەدەن، کە چی دی ئەو درێسە نەپۆشنەوە.
شکستی دووەم لە مۆندیالی ساڵی " 2014 "  دا بوو کە بەڕازیل سەر لەنوێ میوانداری مۆندیال بوو لە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووبارە شکستێکی گەورەیان چەشت بە ئەنجامی " 7 " گۆڵ بەرامبەر بە " 1 "گۆڵ ، ئەم شکستەش  بووە جێی شەرمی تۆپی پێی بەڕازیل و جیهان کە بیرچوونەوەی ئەستەمە.
کەواتە لێرەدا دەگەین بەو ئەنجامەی هەلًبژاردەی سامبا سەرەڕای ئەوەی تیپێکی بەهێز بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شکستی بەهێزیشی هەبووە.
ئەگەر جوان بڕوانین لە هەڵبژاردەی بەڕازیل هەمیشە چاوەڕێی ئەنجامی باشی لێ دەکەین، هەر بۆیە کاتێک ئەنجامی باشی نابێت دەست دەکەین بە گلەیی و گازاندە لە بەڕاِزیل و یاریزان و ڕاهێنەرەکە، لە کاتێکدا ئەگەر بە مێژووی نەک بەڕازیل هەر هەڵبژاردەیەکی تری تۆپی پێ بگەڕێین ئەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت هەڵبژاردەکانی تریش بە هەمان شکستدا ڕۆیشتوون.
نمونە هەڵبژاردەی " ئەرجەنتین " کە خاوەنی مێژوویەکی قووڵ و بەهێزە خاوەنی " مارادۆنا و کانیجیا و باسەرێلا و باتستیۆتا و ئۆرتیِگا و ڤیرۆن و ماسکیرانۆ و ئایالا و لۆپێز و میسی " تەنها خاوەنی " 2 " مۆندیال و " 14 " کوپا ئەمەریکا و " 6 " نازناوی مۆندیالی لاوانە، بەڵام لە ساڵی " 1993 " ەوە  هیچ نازناوێکی فەرمی لە سەر ئاستی هەڵبژاردەکە نەبردۆتەوە، تا ئێستا، بەڵام هەمیشە ئامادەی هەبووە و بەهێزیش بووە ، ئەی ئەمەش نابێت گلەیی لێ بکرێت؟!
نمونەی تر زۆرە لە سەر هەڵبژاردەکان  لەوانە ئەڵمانیا لە ساڵی " 1990 " ئەو هەڵبژاردەیە هیچ نازناوێکی مۆندیالی نەبرد تا مۆندیالی ساڵی " 2014" توانی بە شایستەیی ببێتە پاڵەوان ، ئەمەش دیسان پێمان دەڵێ ئایا ئەڵمانیا بەهێز نەبووە لەو ماوەیەی کە غیاب بووە؟ هەروەها هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئایا هەڵبژاردەیەکی بەهێز نەبووە ؟ ئایا خاوەنی " کرۆیف و ڤان باستن و گۆلێت و دینس بێرکامپ و ڕیکارد و ڤان دەر سار و فرانک دی بۆر و ڕۆناڵد دی بۆر " نەبووە ؟!  بەڵام خاوەنی هیچ نازناوێکی مۆندیال نەبووە.
هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەڕەنسا خاوەنی " میشێل پلاتینی " نەبووە ؟! لە ساڵی " 1998 "  ەوە توانی مۆندیال بباتەوە ئایا ئەو چەن ساڵە لە کوێ بوون  ؟ هەروەها بۆ هەڵبژاردەکانی تری وەک " ئیسپانیا و پورتوگال و ئیتاڵیا و ئۆرۆگوای " زۆر  تیپی تر  بەو شکستانەدا تێپەڕیوون.  ئایا دەبێت تۆ هەمیشە پاڵەوان بیت ؟! 
لە تۆپی پێدا یەکەم شت بردنەوەی نازناوە ئەویش پلەی یەکەم، تەنانەت نازناوی دووەمیش هیچ کات بە دەست کەوت هەژمار ناکرێت، ئەوەش شتێکی ئاساییە، تەنها پلەی یەکەم پاڵەوانە، لە کاتێکدا ئەڵمانیا خاوەنی زۆرترین نازناوی پلەی دووەمە بە تایبەت لە مۆندیالدا. 
دێمەوە سەر بەڕازیل و ئەنجامە خراپەکانی، لە پاش وازهێنانی ڕاهێنەر " ماریۆ زاگالۆ "ی بە ئەزموون و " کارلۆس ئەلبَێرتۆ پێرێرا " بەڕازیل جارێکی دی نەیتوانی جوڵەی جوانی تۆپی پێ پێشکەش بکات. 
کارلۆس دۆنگای ڕاهێنەری ئێستای بەڕازیل ڕاستە توانی یەک نازناوی کوپا ئەمەریکا لە ساڵی" 2007 " و جامی کیشوەرەکانی ساڵی " 2009 " بباتەوە، بەڵام ئەمیش هەڵبژاردەکەی بە هۆکاری ڕقی تایبەتی و بوغزەوە چەند یاریزانێکی بە ئەزموونی دوورخستەوە کە شایەنی بانگهێشت کردن بوون، تا لە مۆندیالی ساڵی " 2010 " لە سەر دەستی هۆڵەندا کرانە دەرەەوە ، دۆنگا کاریگەریەکی خراپی لە سەر ئاستی هەڵبژاردەکە بە جێهێشت بە خراپە نەک بە باشە.
کێشەکانی بەڕازیل قووڵتر بۆوە ئەمەش لە پاش وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی لە لایەن " مانۆ مێنێزیس " ەوە  کە توانی بەڕازیل بە ئاقارێکی زۆر گەورەدا ببات و دوچاری قوڵترین کێشەی بکاتەوە کە تا ئێستاش تارمایی بەسەر بەڕازیلەوە ماوە ئەویش بە بانگهێشت کردنی کۆمەڵێک یاریزانی زۆر خراپ و بێ ئەزموون، وە لە دوای دەست لە کارکێشانەوەشی کابوس بەڕازیلی بەرنەدا.
دوا جار سکۆلاری خاوەنی مۆندیالی ساڵی " 2002 " ویستی کەشتیەکەی بەڕازیل لە نغۆر بوون ڕزگار بکات، ئەرکی ڕاهێنەرایەتی دووبارە وەرگرت لە ساڵی " 2013 "دا توانی کەمێک هەیمەنەتی بەڕازیل بگەرێنێتەوە بە بردنەوەی نازناوی جامی کیشوەرەکانی " 2013 " بە سەرکردایەتی نایمار دا سیلڤا ، بەڵام ئەمیش کەوتە هەڵەیەکی زۆر گەورە و کوشەندەوە بە هەمان پێکهاتەوە ڕووی کردە یارییەکانی مۆندیالی " 2014 ".
وەک بینیمان بەڕازیلی لە قۆناغی چواری پاڵەوانێتەیەکەدا دوچاری شەرمەزاریەکی گەورە کرد وەک باسمان کرد هەموو هاندەران و هەوادارانی بەڕازیل و جیهانی خستە گریان.
لە پاش ئەم شکستە گەورەیە کەس ئامادە نەبوو ئەرکی ڕاهێنەرایەتی سامبا وەربگرێت، هەموو ترسان، سەر لە نوێ " دۆنگا " ئەرکەکەی وەرگرتەوە ئەگەر چی ناڕەزایەکی زۆر گەورەیەی بە دوای خۆیدا هێنا، بەوەی بەڕازیل بە هەمان دەرد دەبات ، بەڵام هیچ کەسێک لە بەڕازیل جورئەتی وەرگرتنی ئەو ئەرکەیان نەگرتە ئەستۆ جگە لە دۆنگا.
 بەڵام وەک بینیمان هەر لە سەرەتای یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی " 2018 " ی ڕووسیا ئەنجامی باشی نەبووە تەنانەت  پلەی شەشەمی ڕیزبەندی بە" 9" خاڵ گرتووە، کە ئەمەش دیسان ترسێکی تری گەورەیە بەوەی بەڕازیل تووشی ڕۆژێکی رەشی تر ببێت و نەتوانێت سەر بەکەوێت بۆ مۆندیالی " 2018" ی ڕووسیا.
 ئەمەش دەبێتە یەکەم کە نەچێتە مۆندیالەوە، بەڕازیل ئەم مایەوە ڕیکۆردی زۆر خراپ تۆمار دەکات، دەمێکە ئەم ئەنجامە خراپانەی تۆمار نەکردووە.
 لە پاڵاونێتی کوپا ئەمریکای 2011 و 2015 و 2016 دوچاری شکست گەورە هاتووە کە بۆتە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی دۆنگا و هەڵبژاردەکەشەوە.
لێرەدا شکستەکان دابەش دەکەین بۆ چەند ئاستێک کە بەتەنها ڕاهێنەر لێی بەرپرس نیە ، بەڵکو لە مۆندیالی " 2006 "ەوە  ئەم کێشانە بە ڕوونی دەبینرێت بەڕازیل چیتر یاریزانی ئەستێرەی دیاری تێدا نەماوە، وەک ئەوەی جاران دەبینرا، کە ببێتە هۆی ئەوەی ئاستی بەڕازیل لە لوتکەدا بهێڵێتەوە، هەر چەندە لەو ماوەیەشدا بە هۆی هەڵەی ڕاهێنەرەوە کۆمەڵێک لە یاریزانە بە ئەزموونەکان دوورخرانەوە لە کاتێکدا پێوست بوو بانگ بکرێن بۆ ڕیزی هەڵبژاردەکە نمونەی دیار " ڕۆناڵدینۆ و کاکا و تیاگۆ سیلڤا و مارسیلۆ و لۆکاس مۆرا .." 
یاری بە تەنها ڕاهێنەر نیە، بەڵکو بریتیە لە " 23 " یاریزانی بانگهێشتکراو بەڵام کاتێکدا تەنها  " 11 " یاریزان دیاری دەکرێت بۆ نێو یاریگا ئاسان نیە بە تایبەت بۆ هەڵبژاردەی بەراِزیل کە خاوەنی زۆرترین یاریزانی تۆپی پێیە، وە زۆرترین یاریزانەکانی لە سەر ئاستی جیهان و بە تایبەت لە ئەوروپا یاری دەکەن.
کێشەیەکی تر هەیە زۆرێک لە هەوادارانی هەڵبژاردەی بەڕازیل ئاگاداری مێژوو نین ؟! بە تایبەت لە پاڵاوتنی ساڵی 1994 بەراِزیل بە ئەستەم سەرکەوتووە بۆ یاریەکانی مۆندیالی ئەو ساڵە لە کاتێکدا براوەی مۆندیالی بووە.
هەروەها مۆندیالی ساڵی 2002 بە هەمان شێوە بەڕازیل خاوەنی نازناوەکە بوو، لە کاتێکدا لە پاڵاوتنەکاندا زیاد لە 70 یاریزان و چەند ڕاهێنەری تاقیکردەوە .
کەواتە ئەمەش دەیسەلمێنێ شتەکان بەو جۆرە نیە کە زۆر جار هەموومان دەیبینین، بۆیە دەبێت هەموو لایەناکان تەماشا بکەین، لێرەوە دەبێت بڵێین ئایا کەشتیەکەی سامبا نغۆر دەبَت ؟ یاخود فریاد ڕەسێکی باشی دەبێت ؟ ئایا کەس دەتوانێت بەڕازیل بباتەوە ئاستی جارانی کە هەمووان ئاشقی بووین؟  ئایا ئەو درێسەی کە یاریزانەکان دەیپۆشن هەموو کەس بەو جوانی و قورسایەی جاران تەماشای دەکەن ؟ ئایا درێسی ژمارە " 9 " و " 10 " قەدەغە دەکرێت یاخود نا ؟  ئایا ئەو وتەیەی ڕۆماریۆ دێتە دی کە لە پێش مۆندیالی " 2014 " وتی درێسی بەڕازیل شایەنی هەموو یاریزانێک نیە؟ ئایا یاریزانەکانی پاش خۆی گوێیان لێ گرتووە ؟ دواجار دەبێت بڕیاری کۆتای لە تۆپی پێدا نەدەین و چاوەڕێ بکەین و بزانین "جادووی بەڕازیل و خۆری بەڕازیل" بەرەو نەمان دەچێت، یاخود ئەمە تەمێکی کاتیە و سەر ئاسمانی  جادووگەرەکانی بەڕازیلی گرتووە و دەڕوات ......


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure