dwarozh

شکستەکەی کۆنیفا

بۆچوون / بیروڕا :: 09/06/2016

 


ئاراس رواندزی

 پشکداریکردنی هەڵبژادەی فوتبۆڵی کوردستان لە دواهەمین پاڵەوانیەتی کۆنیفاو شکست و نەگەیشتنی بە فیناڵ و تەنانەت چوارگۆشەی زێڕینیش، لێکدانەوەو بۆچوونی هەمەجۆر هەڵدەگرێت. سەرەتا من پێموایە ئەوەی لە ئەبخازیا روویدا شکستێکی گەورە بوو، راستە قۆناغی کۆمەڵەکانمان بە دوو بردنەوەو پێشەنگی بڕی، وەلێ هەنگاوەکانی دواتر دەشێ بە دۆڕانێکی گەورەی تۆپی پێی کوردستانی ئەژمار بکەین، لە کاتێکدا هەڵبژاردەکەمان بە بەهێزترین پاڵێوراوی بەدەستهێنانی نازناوەکە هاتبووە دیتن، کەچی لە کۆی (۱۲) هەرێمی بەشدار (۸) ەمی پاڵەوانێتیەکە بووین! بۆ ئەوەی زانستیانە هۆکارەکانی ئەم ئەنجامە خراپە هەڵبسەنگێنین، پێویستە لە بانگهێشتکردنی یاریزانەکانەوە دەست پێبکەین.

هەمیشە گوتوومە وەرزش بە هاوبەشیکردن (تەوافوق) بەڕێوە ناچێت، گەر بەڕێوەش بچێت، هەرگیز سەرکەتوو نابێت و ئامانج ناپێکێت، بۆیە لە دەستپێکدا بەشێکی یاریزانەکان بە خاتر خاترانەو ئەو شارو ئەولاو ئەملا وەرگیران، ئەم نادادییەش بێگومان لاوازی ئاستی یاریزانەکان و تیپەکەی لێدەکەوێتەوە، دوای ئەوەش ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکەم لە ئاستێکی زۆر نزم بینی، راستی نەبووە ئاستی خۆ ئامادەکردنت بۆ پاڵەوانیەتیەکی گەورە تەنها دوو یاری دۆستانەی لاواز بێت! ئینجا یاریکردنی هەڵبژاردەکەش هەر جارەو بە پێکهاتەیەک، زیاتر ئاستی تیپەکەی دابەزاند، بە شێوەیەک لە کۆی تەواوی یاریزانەکان تەنها گۆڵچی سێیەم تاقینەکرایەوە، ئەمەش ئەو راستیە دەسەلمێنێ کە چوونی هەڵبژاردەکەو بەشداریکردنی لە کۆنیفا، تەنها بە ئامانجی دڵ رازیکردنی یاریزانەکان بووە، نەک ئەنجام و سەرکەوتن! لە لایەکی دیکەوە لاوازی پلانەکانی راهێنەر خاڵی هەرە گرنگ و کاریگەر بوو، ئەم حاڵەتەش زیاتر لە یارییەکەی پادانیا دەرکەوت، کاتێک ئێمە بە جیاوازی گۆڵێک لە پێش بووین، کەچی راهێنەر بە شێوەیەکی زۆر سەیر شێوازی یاریکردنی لە هێرشبردنەوە بۆ بەرگریکرنێکی تەواو گۆڕی، بەم شێوەش فشارەکانی تیپی بەرامبەر لەسەرمان زیاتر بوون، تا ئەو کاتەی گۆڵی بەرامبەریان هێناو یارییەکەشمان بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان دۆڕاند.

لێرەدا ئەوەی لای من زۆر مایەی سەرسوڕمانە ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکە نیە، بەڵکو دۆڕانیەتی لە سێ یاری یەک بەدوای یەک بە لێدانی یەکلاکەرەوە! بۆیە باشترە بپرسین ئاخۆ هەڵبژاردەکە مەشقی پەناڵتیان پێکراوە؟ بۆچی لە کۆی سێ یاری هەڵبژاردەکە نەیتوانی یارییەک بە پەناڵتی بباتەوە؟! ئایا لێدانە یەکلاکەرەوەکان لێزانینی گەرەکە یاخود بەخت؟ ئەی رۆڵی راهێنەر لە پێگەیاندنی زانیاری و شێوازی جێبەجێکردنی لێدانەکان و دوورخستنەوەی یاریزانەکان لە فشاری دەروونی چی بووە؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری دیکە دوای هاتنەوەی هەڵبژاردەکە پێویستە وەڵام بدرێنەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بێویژدانیە گەر هەموو هۆکارەکانی ئەم شکستە مێژووییە بە تەنها بخرێتە ئەستۆی راهێنەر، چونکە خۆپەرستی یاریزانەکان و هەڵەو لەدەستدانی دەرفەتی زۆر، هۆکار گەلێکی دیکەی دیاربوون.

لە کۆتاییدا هیواخوازم ئەم شکستە ببێتە وانەیەکی باش بۆ ئەوەی هەڵەکانی ئەمجارە دووبارە نەبنەوە، بۆ ئەوەش پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بۆ هەر پاڵەوانیەتیەک پێشوەختە میکانیزم و بەرنامەی زانستی دابڕێژرێت و کاستی راهێنەری و یاریزانەکانیش دادپەروەرانەو لەسەر بنەمای لێهاتوویی هەڵبژێرێ، چونکە پێچەوانەکەی ئەنجامی هاوشێوەو بگرە خراپتریشی لێدەکەوێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure