dwarozh

تكایه‌ تایبه‌تمه‌ندی شڕۆڤه‌كاری له‌به‌رچاو بگرن؟!

بۆچوون / بیروڕا :: 18/05/2016




جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌ ده‌بینین بواری شڕۆڤه‌كاری یان شیكردنه‌وه‌ی یارییه‌كانی تۆپی پێی خوله‌ ناوخۆییه‌كانی یانه‌كانی ئه‌وروپا له‌هه‌رێمه‌كه‌ی خۆماندا له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌میدیاكارانی وه‌رزشی روویان له‌و بواره‌دا كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ سێ به‌شیان له‌بواره‌كانی تری میدیای وه‌رزشی كارده‌كه‌ن و ته‌نها به‌شێكیان زیاتر كاری شڕۆڤه‌كاری ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ربكه‌م، چه‌ند لایه‌نێكی بواری شڕۆڤه‌كارییه‌، تێبینی ده‌كه‌م زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی روویان له‌بواره‌كه‌دا كردووه‌، تایبه‌تمه‌ندی له‌به‌رچاو ناگرن و وه‌ك ده‌بینین كه‌سی شڕۆڤه‌كار، شیكاری له‌سه‌ر چه‌ند یانه‌یه‌ك و یارییه‌كانی چه‌ند خولێكی جیاواز ده‌كات، بێگومان ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌ ناتوانن له‌بواره‌كه‌دا سه‌ركه‌وتووبن، چونكه‌ وه‌ك له‌زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی تری بیانی بینیومانه‌ تایبه‌تمه‌ندی ره‌چاوده‌كرێت و له‌به‌رچاو گیراوه‌، بۆ نمونه‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ لالیگا یاری هه‌یه‌، ده‌چن كه‌سێك بانگهێشت ده‌كه‌ن قسه‌یان بۆ بكات له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ شاره‌زایی له‌سه‌ر یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌بێت و كه‌سێكی تریش ده‌هێنن شاره‌زایی له‌سه‌ر ئه‌و تیپه‌دا هه‌بێت كه‌ به‌رامبه‌ر به‌رشه‌لۆنه‌ یاری ده‌كات و كه‌سی پیسپۆڕیش ده‌هێنن له‌سه‌ر لایه‌نی ناوبژیوانی قسه‌یان بۆ بكات، زۆرجاریش له‌سه‌ر راهێنه‌رانیش كه‌سی شاره‌زا ده‌هێنن.
به‌ڵێ به‌مه‌ ده‌ڵێن تایبه‌تمه‌ندی و شیكاری نه‌ك به‌وانه‌ی لای خۆمان كه‌ كاكی پێشكه‌شكار له‌ستۆدیۆدا له‌گه‌ڵ كه‌سێك دانیشتووه‌ و له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان و هه‌ردوو تیپ و ناوبژیوانان و راهێنه‌رانیش قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ بێگومان ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌ و كه‌ناڵه‌كانیش كه‌ بابه‌تییانه‌ كاره‌كان ناكه‌ن و تایبه‌تمه‌ندی له‌به‌رچاو ناگرن، فێڵ له‌خۆیان و بینه‌رانیان ده‌كه‌ن.
ئاخر له‌كوێی دونیا بووه‌ كه‌سێك ببێته‌ سوپه‌رمانی بواره‌كه‌ و شه‌وێك له‌سه‌ر ریاڵ و شه‌وێك ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و بۆ یارییه‌كی تر له‌سه‌ر مانچسته‌ر یۆنایتد و پاشان له‌سه‌ر بایرن مونشن و تاد.. قسه‌بكات.
ئاخو ده‌بێت ئه‌م كه‌سه‌ ئه‌و هه‌موو شاره‌زایی و خۆێندنه‌وه‌ و زانیارییه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر یانه‌كان و خوله‌ جیاوازه‌كان، یان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پاڵه‌وانی سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان و بۆ خۆده‌رخستن رووی له‌م بواره‌ كردووه‌.  
سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌، ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌ كاتێك له‌ تیڤییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان پێ نییه‌ و له‌پێدانی زانیاری زۆر هه‌ژارن و له‌دۆخێكی چه‌قبه‌ستوودان و هه‌وڵیش ناده‌ن زیاتر بخوێننه‌وه‌ و زۆرتر فێرببن و باشتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بن له‌پێدانی زانیاری به‌بینه‌ران و ئه‌و كه‌سانه‌ی گوێیان بۆ شل ده‌كه‌ن و پیشه‌ییانه‌ش په‌ره‌ به‌بواره‌كه‌ ناده‌ن كه‌ روویان تێكردووه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure