dwarozh

کاتی ئەوەیە کوردستان ببێتە ئەندامی فیفا

بۆچوون / بیروڕا :: 17/05/2016

 

کۆسۆڤۆ و جەبەل تاڕق بوونە ئەندام

دوو رۆژ لەمەوپێش یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) رازی بوو بە وەرگرتنی کۆسۆڤۆ و جەبەل تاڕق وەک دوو ئەندامی نوێی ئەو یەکێتییە.
بەمشێوەیە کۆی ئەندامانی ئەو یەکێتییە بووە 211 ئەندام.
فیفا رێگەی بەم دوو ئەندامە نوێیە دا بەشداری لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2018 بکەن، کە یارییەکانی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێدەکات.
ئەگەرچی فیفا لە ساڵی 2014 دا ئەندامێتی جەبەل تاڕقی رەت کردەوە، بەڵام دواجار دادگای ناوبژیوانێتی وەرزشی بڕیاری وەرگرتنی بەسەر فیفادا سەپاند.
هەردوو ئەندامی نوێی فیفا پێشتر ببوونە ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا. جەبەل تاڕق دوای 14 ساڵ لە ململانێ، لە ساڵی 2013 دا بووە ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، کۆسۆڤۆش پێشی یەک هەفتە بووە ئەندامی یەکێتییەکە.
ئەندامێتیی کۆسۆڤۆ لە ئەورووپا دواتر لە فیفا
کۆسۆڤۆ واتە (باڵندەی رەش) دەکەوێتە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا (ناوچەی بەلقان) و ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن و سێسەد هەزار کەسن و بریشتینا پایەتەختیەتی و تا ساڵی 2008 سەر بە کۆماری سڕبیا بوو و بە بڕیارێکی پەرلەمانی کۆسۆڤۆ جیا بووەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی پێکهێنا.
تا ئێستا 108 وڵات دانیان بە کۆسۆڤۆ وەک وڵاتێکی سەربەخۆی ناوە، بەڵام سڕبیا دانی پێنەناوە. 
لە دوای شەڕی یەکەمی جیهان کۆسۆڤۆ کەوتە ناو خاکی شانشینی یۆگۆسلاڤیا. لە شەڕی دووەمی جیهاندا یۆگۆسلاڤیا داگیر کرا و هەرێمی کۆسۆڤۆ خرایە سەر وڵاتی ئەلبانیا.
لە دوای تەواوبوونی شەڕی دووەمی جیهاندا بە تایبەت لە ساڵی 1946 دا، هەرێمی کۆسۆڤۆ خرایە سەر کۆماری یەکێتیی یۆگۆسلاڤیا. لە ساڵی 1947 دا تا کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم، هەرێمی کۆسۆڤۆ وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بەڕێوە دەچوو. 
لە ساڵی 1989 دا سلۆبۆدان میلۆسۆڤیجی سەرۆکی سڕبیا ناوچەی ئۆتۆنۆمیی لە ناو برد و بە ئاسن و ئاگر هێرشی کردە سەر ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ و زەبری زۆری لێوەشاندن.
لە ساڵی 1998 دا شەڕێکی گەورە لە نێوان لەشکری سڕبیا و لەشکری رزگاریخوازی کۆسۆڤۆ بەرپا بوو و تێیدا سڕبیا کۆمەلکوژییەکی گەورەی دژ بە هاووڵاتییە مەدەنییەکانی کۆسۆڤۆ ئەنجام دا، گەیشتە رادەی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا بکات و لە ساڵی 1999 دا لەشکری سڕبیا ناچار بکات بکشێتەوە و بخرێتە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانێیی نێودەوڵەتی.
هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپادا بە رەزامەندیی 28 وڵات و دژایەتیکردنی 24 وڵات، کۆسۆڤۆ بووە ئەندامی یەکێتییەکە.
هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆ لە تۆپی پێدا کۆمەڵێک یاریی دۆستانەی ئەنجام داوە. 3-1 بە ئەلبانیا دۆڕا و 6-1 بە تورکیا دۆڕا و بە ئەنجامی 7-1 لە مۆناکۆی بردەوە.
جەبەل تاڕق بە 30 هەزار هاووڵاتی بووە ئەندامی فیفا
جەبەل تاڕق یان (جبرلتار) کەوتۆتە بەشی ئەوپەڕی خوارووی تاجی بەریتانیا کە بەشێکی وڵاتی ئیسپانیایە لە لایەن بەریتانیاوە داگیر کراوە. ژمارەی دانیشتووانی 30 هەزار کەس دەبن. 
لە سەدەی حەفتەم لە لایەن تارق بن زیاد سەرکردەی ئومەوییەکان داگیر کراوە. لە دوای 750 ساڵ لە لایەن ئیسپانییەکانەوە ئازاد کراوەتەوە. لە ساڵی 1704 دا لە لایەن بەریتانییەکانەوە داگیر کراوە. لە ساڵی 1714 دا لە رێگەی پەیماننامەی ئۆتشرت، ئیسپانیا بە یەکجاری دەستی لەسەر دورگەی جەبەل تاڕق بۆ بەریتانییەکان هەلًگرت. 
لە رووی وەرزشەوە هاوشانی سکۆتلەندە و ئێرلەندەی باکوور و ئینگلتەرە و ویڵز لە ژێر ئاڵای بەریتانیا بەشداری یارییەکانی ئۆلۆمپیاد دەکات. 
هەرچەندە جەبەل تاڕق دورگە نییە، بەڵام لە ساڵی 1993 یـەوە بەشداری لە یارییەکانی دورگەکان دەکات و لە ساڵی 2007 نازناوەکەی بەدەست هێناوە. کۆمەڵێک یاریی نێودەوڵەتیی ئەنجام داوە، لەوانە بە ئەنجامی 7-0 لەگەڵ ئەڵمانیا و پۆڵەندە دۆڕاوە و 1-0 لە ماڵتای بردۆتەوە و 0-0 لەگەڵ سلۆڤاکیا یەکسان بووە.
دوای ململانێیەکی زۆر و پاش 14 ساڵ، جەبەل تارق وەک بچووکترین وڵات دانی پێدانرا و لە ساڵی 2013 بووە ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا هەرچەندە ئیسپانیا دژایەتییەکی زۆری کرد. 
هەنگاونانی کوردستان بۆ بە ئەندامبوون
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی عێراق یاخود کوردستانی باشوور نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە. واتە زۆر زیاتر لە کۆسۆڤۆ و جەبەل تاڕق بە یەکەوە. دوای ماوەیەکی زۆر لە ژێردەستی و زۆرداری و سەرکوتکردن، 25 ساڵە لە ژێر حوکمێکی نیمچە سەربەخۆییدا دەژی. حکوومەت و پەرلەمانی تایبەت بە خۆی و ئاڵا و سروودی نیشتمانی و داهاتی سەربەخۆی هەیە. ئەگەرچی لە لایەن وڵاتانی دراوسێ بە فەرمی دانی پێدانەندراوە، بەڵام لەو وڵاتانەدا لە کاتی پێشوازیی شاندی فەرمیدا چەندین جار ئاڵای کوردستان هەڵکراوە.
وەرزشیش بە هەمان شێوە لە کوردستاندا هەنگاوی گەورەی ناوە بە بەراورد بە پێشتر بەرەو پێش چووە.
بەشداریکردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان لە کۆمەڵێک چالاکی دەرەوە بە ئاڵا و سروودی نیشتیمانییەوە، رێگەخۆشکەرە بۆ هەنگاوی زیاتر. چەندین جار بەشداریی لە پاڵەوانێتیی هەرێمەکان کردووە و نازناوی پێنجەم پاڵەوانێتیشی بەدەست هێناوە، هەروەها بەشداری لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی فەڵەستین کردووە.
باشترین رێگەچارە داڕشتنی بەرنامەی چۆنیەتیی بە ئەندامبوونە لە یەکێتییە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا وەک هەنگاوێکی لاساییکەرەوەی کۆسۆڤۆ و جەبەل تاڕق. 
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانی باشوور کۆبوونەوەی نافەرمیی کردووە لەگەڵ فیفا و داوای کردووە لە فیفادا لە عێراق جیا بکرێتەوە و پلەی ئەندامێتی پێ ببەخشرێ، بەڵام با وەک پەیژە پلە بە پلە سەر بکەوین.
ئەگەر وڵاتانی دراوسێ بەربەست بوون، با لەوان زیاتر بڕۆین و روو لە وڵاتانی ئاسیا بکەین، تا بتوانین هەنگاو بە هەنگاو زۆرترین دەنگ کۆ بکەینەوە و سست و بێهیوا نەبین. هەوڵ بدەین لە سەرەتادا لە پاڵەوانێتییە نافەرمییەکانی ئاسیادا بەشداری بکەین، دواتر چالاکییەکانمان گەورەتر بکەین، تا بتوانین زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە لەو وڵاتانە.
با لە ئێستاوە گفتوگۆ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس بکرێت بۆ بە نێودەوڵەتبوونی وەرزشی کوردستان. با لیژنە پێک بهێندرێت و سەردانی ئەو وڵات و هەرێمانە بکرێت کە پێش ئێمە ئەو دەستکەوتەیان بە دەست هێناوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure