dwarozh

تاكه‌ی ئه‌م هه‌ڵه‌ زه‌قانه‌ ده‌كه‌ن!

بۆچوون / بیروڕا :: 15/05/2016



سه‌نگه‌ر زرار

كاتێك سه‌یری هه‌واڵه‌ وه‌رزشییه‌كانی زۆرێك له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانی و لۆكاڵییه‌كان ده‌كه‌م، هه‌میشه‌ تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ی زه‌ق ده‌كه‌ن، زۆرجار له‌به‌رخۆم وتومه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ماندووبوون و سه‌رقاڵییان بێت و با له‌ بایه‌خ و هه‌وڵه‌كانیان كه‌م نه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ و به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕبووه‌ و هه‌موومان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین و لێی به‌ده‌رنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ هه‌ڵه‌كان دووباره‌ و ده‌باره‌ش بوونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ژێرنووسی كه‌ناڵه‌كانیش هه‌ڵه‌كان روویانداوه‌.
دیارترین هه‌ڵه‌كانیش كه‌ زۆر رووده‌ده‌ن و هه‌میشه‌ گوێبیستی ده‌بین، بریتین له‌ (خولی لا لیگای ئیسپانیا، خولی بۆندس لیگای ئه‌ڵمانیا، خولی چامپیۆنس لیگ، خولی یانه‌ نایابه‌كانی كوردستان، هه‌ڵبژارده‌ی مانشافتی ئه‌ڵمانیا، خولی ئیسپانی: به‌رشه‌لۆنه‌ 8-0 دیپۆرتیڤۆ لاكۆرۆنا).
 نازانم چی بڵێم، بڵێم له‌ نه‌زانینه‌ دوور نییه‌، بڵێم ده‌زانن و په‌یڕه‌و و ره‌چاوی ناكه‌ن و بینه‌رانیان چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌شیان دوور نییه‌، ئه‌گه‌رنا خول و لیگا یه‌ك مانا و واتایان هه‌یه‌ و ره‌وایه‌ پێمان بڵێن له‌خولی خولی ئیسپانیا، خولی بۆندس خولی ئه‌ڵمانیا، له‌خولی چامپیۆنس خول، یان كه‌ی ره‌وایه‌ خولی نایابی یانه‌كانی كوردستان بكرێت به‌خولی یانه‌ نایابه‌كان! ده‌پرسم ئایا ئێمه‌ له‌كوردستان خوله‌كه‌مان نایابه‌ یان یانه‌كان نایابن؟ یانیش بڵێین هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا! كه‌ مانشافت-مان به‌كارهێنا ده‌بێت بزانن به‌ئه‌ڵمانی واتا هه‌ڵبژارده‌، یان له‌ژێر نووسی كه‌ناڵه‌كاندا به‌نموونه‌ نووسراوه‌ (خولی ئیسپانی: به‌رشه‌لۆنه‌ 8-0 دیپۆرتیڤۆ لاكۆرۆنا)، دیاری نه‌كراوه‌ له‌ كامه‌ یاریدا، به‌ نمونه‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ جگه‌ له‌تیمه‌كانی هۆكی و باسكه‌، تیمی تۆپی ده‌ستیشی هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌یاری تۆپی ده‌ستدا 8-0 براوه‌بووبێت!
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌مانای وشه‌ بیانییه‌كان تێناگه‌ین و شاره‌زاییمان لێی نییه‌ و یاخود له‌ماناكه‌ی نازانین، با خۆمانی لێ لابده‌ین باشتره‌ و به‌كوردی خۆمان بنووسین تووشی ئه‌م هه‌ڵانه‌ش نابین، یانیش یه‌كێكیان بنووسین، یان كه‌ هه‌واڵه‌كان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ دیاری بكه‌ین كه‌ له‌ چ یارییه‌كدا به‌رشه‌لۆنه‌ به‌م ئه‌نجامه‌ براوه‌ بووه‌، ته‌نها خولی ئیسپانی بكه‌ین به‌خولی تۆپی پێی ئیسپانی، چاره‌سه‌ری بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ین. 
بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رمان به‌خۆمان دابچینه‌وه‌ و چیتر ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵانه‌ نه‌كه‌ین كه‌ هه‌م خۆمان و هه‌م بینه‌رانی پێ چه‌واشه‌ ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانیش رایان ده‌هێنین و سه‌ره‌نجام راستییه‌كان ده‌شێوێنین و له‌ گرنگی و بایه‌خ و خزمه‌تی كه‌ناڵه‌كانیشمان كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure