dwarozh

كۆسۆڤۆ بووه‌ ئه‌ندام و نوخشه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان

بۆچوون / بیروڕا :: 04/05/2016

 


دوێنێ له‌پۆدابستی هه‌نگاریا (مه‌جه‌ر) ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گشتی یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌وروپا (یوفا) له‌دانیشتنی خولی 40دا، ئه‌ندامێتی یه‌كێتی تۆپی پێی كۆسۆڤۆیان قبوڵكرد و 28 یه‌كێتی ده‌نگی بۆ كۆسۆڤۆ به‌ به‌ڵێ دا و 24 یه‌كێتی تر دژبوون، به‌مه‌ش كۆسۆڤۆ بووه‌ ئه‌ندامی ژماره‌ 55ی یه‌كێتییه‌كه‌.
كۆسۆڤۆ له‌شوباتی 2008 سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌سربیا راگه‌یاندووه‌، پاش ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یان كه‌ ئه‌لبان نه‌ژادن داوای سه‌ربه‌خۆییان كرد، به‌ڵام سربه‌كان ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێت دان به‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ نانێن، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی تۆپی پێ (فیفا) رێگه‌ به‌یه‌كێتی تۆپی پێی كۆسۆڤۆ دراوه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ته‌نها یاری دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بكات، ئێستا كۆسۆڤۆ یه‌كه‌م ئامانجی خۆی پێكا، به‌ڵام بۆ له‌مه‌ودوا كار بۆ ئامانجی دووه‌می ده‌كات كه‌ بوونه‌ ئه‌ندامه‌ له‌ فیفا و بێشك ئه‌ندامێتییه‌كه‌شی قبوڵ ده‌كرێت، تا ئێره‌ بۆ كۆسۆڤۆ بوو، پیرۆزبایی لێده‌كه‌ین و ده‌ڵێین نوخشه‌ له‌یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌رێمی كوردستان بێت.


پێشووتریش باسمان لێوه‌كردووه‌ و داواكارین یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌رێم هه‌نگاوی باشتر بنێت به‌ره‌و قبوڵكردنی ئه‌ندامێتییان له‌یه‌كێتی تۆپی پَی ئاسیا و پاشان له‌ فیفا، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی عیراق و به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی یه‌كێتییه‌كانی تۆپی پێی وڵاتانی تری دۆست له‌كیشوه‌ری ئاسیا، سه‌ره‌تا كار بۆ به‌ئه‌ندامبوون له‌یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا بكه‌ن.


پێشتر یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌رێم هه‌نگاوی باشی نا به‌ ئاراسته‌ی ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندام له‌ فیفا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی فه‌له‌ستینه‌وه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ به‌دیداری سه‌رۆكی پێشووی فیفا گه‌یشت و مه‌له‌فی تۆپی پێی كوردستانی پێشكه‌ش كرد، كارێكی باشبوو، هه‌نگاوێكی گرنگ بوو، به‌ڵام بێ كه‌موكوڕی نه‌بوو، چونكه‌ كاره‌كان رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌رنه‌گرت، به‌ر له‌هه‌موو شتێك ده‌بێت یه‌كێتی تۆپی پێی عیراق كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی كورده‌، قایل بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ كار بۆ یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌رێم بكات، بۆیه‌ ده‌بوو ئه‌م هه‌نگاوه‌ و دیتنی سه‌رۆكی فیفا له‌ڕێگه‌ی عیراق بوایه‌ نه‌ك فه‌له‌ستین.
هه‌روه‌ها ده‌بوو سه‌ره‌تا و له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن له‌ئاسیا ببه‌نه‌ ئه‌ندام، نه‌ك باز به‌سه‌ر زۆرینه‌ی وڵاتانی ئاسیا به‌عیراقیشه‌وه‌ بده‌ن و خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ فیفا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كیشوه‌ری ئاسیا ئه‌ندام نه‌بیت، له‌ فیفا ناتوانی ببیت به‌ئه‌ندام، هه‌روه‌ها ئه‌م كارانه‌ توڕه‌بوون و هه‌ڵویستی دژ و پێچه‌وانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. 
ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تادا نه‌مانتوانی وه‌ك (كۆسۆڤۆ و كه‌ته‌لۆنیا) یاری دۆستانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بكه‌ین كه‌ ئه‌وان رێگه‌ پێدراو بوون و بۆ ئێمه‌ش ته‌نها ئۆكه‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی عیراقی بۆ فیفا پێویست بوو.
بۆیه‌ راستتر وایه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ كه‌ پێموایه‌ ده‌روازه‌كه‌ یه‌كێتی تۆپی پێی عیراق بێت تا سه‌ره‌تا ببین به‌ئه‌ندام له‌یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا و لایه‌نی عیراقی كار بۆئه‌م هه‌نگاوه‌ بكات و زۆرینه‌ی وڵاتانی تری ئاسیا ره‌زامه‌ندبن و ده‌نگ بۆ ئه‌و خه‌ون و خواسته‌ی كورد بده‌ن كه‌ له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌میش سه‌ركه‌وتووبووین، ئه‌وكات كار بۆ هه‌نگاوی دووه‌م بكه‌ین كه‌ بوونه‌ ئه‌ندامه‌ له‌ فیفا.

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure