dwarozh

یه‌كێتی تۆپی پێی توركیا چی له‌یانه‌ی ئامه‌د سپۆر ده‌وێت؟!

بۆچوون / بیروڕا :: 29/04/2016



یانه‌ی ئامه‌د سپۆر له‌گروپی سووری خولی پله‌ دووی تۆپی پێی یانه‌كانی توركیا به‌شداره‌ و له‌هه‌فته‌كانی كۆتایی خوله‌كه‌ ئه‌نجامه‌كانی روو له‌باشییه‌ و به‌ره‌و ئه‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێت بگاته‌ قۆناغی پلای ئۆفی خوله‌كه‌ تاوه‌كو له‌وێشه‌وه‌ بۆ خولی پله‌ یه‌ك سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵام مه‌به‌ستمه‌ به‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م و بپرسم (یه‌كێتی تۆپی پێی توركیا چی له‌یانه‌ی ئامه‌د سپۆر ده‌وێت)؟!
له‌جامی یانه‌كانی توركیا پلانه‌كان كه‌ پێده‌چێت به‌به‌رنامه‌ بن و بۆ رێگری بن له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی یانه‌كه‌، به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وتن كاتێك یانه‌ی ئامه‌د سپۆر له‌قۆناغی شانزه‌ تیپی جامی توركیا یانه‌ی بۆرسا سپۆری به‌شدار له‌سوپه‌ر لیگی كرده‌ ده‌ره‌وه‌، راسته‌وخۆ به‌چه‌ند بیانووێك له‌وانه‌ دروشم و هوتافی سیاسی و پڕوپاگه‌نده‌ی ئایدیا، پلانه‌كان دژ به‌یانه‌كه‌ی كوردان جێبه‌جێ كران و سزای دارایی درا، بێبه‌ش كرا له‌وه‌ی له‌قۆناغی هه‌شت تیپی جامه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی فه‌نارباخچه‌ یارییه‌كانی به‌بێ جه‌ماوه‌ر ئه‌نجامبدات، تاكه‌ یاریزانی كورد و پیشه‌گه‌ریی یانه‌كه‌ كه‌ ده‌نیز ناكی بوو له‌ 12 یاری جام و خولی پله‌ دووی توركیا بێبه‌ش كرد و سزای داراییش درا!
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ یانه‌كه‌ هه‌ر له‌پێشڕه‌وی دایه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و ئامانجه‌كانی ده‌نێت، هه‌فته‌ی رابردوو له‌یارییه‌كدا له‌ئامه‌د كه‌ 3-0 له‌به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی ئه‌نكه‌ره‌ براوه‌بوو، یه‌كێتی تۆپی پێی توركیا جارێكی تر به‌بیانوویه‌كی لاواز و به‌پشت به‌ستن به‌ڕاپۆرتێكی چه‌واشه‌كاریی، 3 خاڵی له‌یانه‌كه‌ دابه‌زاند و سزای داراییدا، گوایه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی ئایدیا له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئامه‌د كراوه‌، كه‌چی هه‌فته‌ی پێشووتر یانه‌كه‌ی كوردان له‌ ئه‌نكه‌ره‌ رووبه‌ڕووی هێرشی شۆفینی توركه‌كان بووه‌وه‌ و له‌یارییه‌كدا له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ 1-1 یه‌كسانبوون، جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ یاریگاكه‌یان پڕكردبوو له‌ئاڵای توركیا و هوتافی ئه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ئامه‌د سپۆر ده‌كێشا كه‌ پۆلیس مه‌كوژن و ئێوه‌ تیرۆریستن! وه‌ك بڵێی یاریزانه‌كانی ئامه‌د پۆلیس كوژبن و له‌توركیا ته‌قینه‌وه‌ بكه‌ن، كه‌چی یه‌كێتی تۆپی پێی توركیا هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو!، له‌دوایاری ئامه‌د سپۆر كه‌ ئه‌مجاره‌شیان له‌ئه‌نكه‌ره‌ 2-1 له‌یانه‌یه‌كی ئه‌م شاره‌ی برده‌وه‌، له‌شوێنی دانیشتنی تایبه‌تی به‌رپرسان (VIP) هێرش كرایه‌ سه‌ر چوار له‌به‌رپرسانی یانه‌ی ئامه‌د كاتێك له‌شوێنی خۆیان هه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و خۆشی خۆیان له‌پاش گۆڵی دووه‌می تیپه‌كه‌یان ده‌ربڕیوه‌ و په‌لاماردراون و زامداركران، تائێستا یه‌كێتی تۆپی پێی توركیا هه‌ڵویستی له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ش نه‌بووه‌.
تۆ بڵێی ئه‌م یه‌كێتییه‌ له‌بڕیاره‌كانیدا بانێك و دوو هه‌وا په‌یڕه‌وبكات؟ یان ده‌یه‌وێت بڕیاره‌ سیاسییه‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌یانه‌كه‌ په‌یڕه‌و بكات كه‌ به‌لایه‌نگریی هه‌ده‌په‌ و په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن.
تادێت پلانه‌كان دژ به‌یانه‌ی ئامه‌د ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی یانه‌كه‌ كۆڵنادات و له‌خه‌باتی وه‌رزشی خۆی به‌ره‌و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی به‌رده‌وامه‌ و له‌ڕۆژانی ئاینده‌ش بڕیاری سه‌یرتر دژ به‌یانه‌كه‌ ده‌بیستین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure