dwarozh

رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی لە چ ئاستێکدایە

بۆچوون / بیروڕا :: 21/04/2016

 

وتاری ئاری عەبدوڵا
مێژووی رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی ئەوەندە دێرین نییە و نزیکەی نیو سەدەیە سەریهەڵداوە و لەدوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١  لەرووی چەندایەتی زیاتربوو بەڵام لەرووی چۆنایەتی بەهۆی کەمی ئەزموونەوە، ئەم لایەنە بێ کەموکوڕی نییە و چەندین بەربەرست هەبووە و هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی.

ئەگەر وڵاتێکی پێشکەوتووی دونیا هاوشێوەی وڵاتی ئیسپانیا بە نموونە باس بکەین ئەوا لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە بەشی راگەیاندن ٤ ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسێکی ئەکادیمی بواری گشتی بەرهەم بهێنێت و بیکاتە خاوەن بڕوانامە کەچی بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە خاوەنی بڕوانامەی رۆژنامەنووسی وەرزشی ئەوا پێویستە پێنج ساڵ بخوێنێت بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان  هەیە تەنیا حەز و خولیای چەند کەسێکە بۆ وەرزش کە دەستیان داوەتە قەڵەم و بوونەتە رۆژنامەنووس ئەگینا تاکو ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی رۆژنامەنووسی وەرزشی ئەکادیمی نییە .

تاکو ئێستا میدیای وەرزشی کوردی وەک پێویست خواستەکانی خوێنەر و بیسەر و بینەری تێرنەکردووە و رۆژنامەکان ئەوکاتانە بازاڕیان گەرم بووە و هەواڵیان زۆر بووە کە رووداوێک یاخود چالاکیەکی وەرزشی هەبووە ئەگینا کەمجار هەبووە رۆژنامەنووسی وەرزشی کوردی بوێری ئەوەی هەبێت خۆڕسکانە بابەتێک بڕوژێنێت و بیکاتە قەزیەی شەقامی وەرزشی. 


لە هەرێمی کوردستان میدیای حزبی لە پاڵ لایەنەکانی دیکە سەنگێکی کەمتری بە لاپەڕە وەرزشییەکان داوە و بگرە بە تێکڕایی وەکو شتێکی تەواوکەر سەیرکراوە نەوەک لایەنێکی گرنگ و بە بەها. ئاستی وەرزش و وەرزشکارانی کوردستانیش هاوکار و هۆکار نەبووە بۆ بەرەوپێشچوونی راگەیاندنی وەرزشی بەجۆرێک جاری وا هەبووە رۆژنامەنووس دەسەوەسان وەستاوە لە نەبوونی هیچ پاڵەوانێکی کورد و بەرزی ئاستی یانەیەک یاخود پاڵەوانیەتیەک تاکو لە کەناڵەکانی راگەیاندن باسی بکات سەرەڕای ئەوەش راگەیاندنی وەرزشی کوردی ئەوەندەی خۆی بە هەواڵ و بابەتە جیهانییەکان ماندووکردووە نیو ئەوەندە خۆی بە وەرزشی ناوخۆ سەرقاڵکردبووایە ئێستا بارودۆخی وەرزشی کوردستان و بەدەنگەوە هاتنی بەرپرسانی حکومی و وەرزشی بۆ کەموکوڕیەکانی ناو گۆڕەپانی وەرزش بەجۆرێکی دیکە دەبوو.

رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش لە لاوازبوونی رۆڵی رۆژنامەگەری وەرزشی جیهانی بە گشتی و کوردی بە تایبەتی بە ئاشکرا دیارە بەجۆرێک رەنگە ئەو هەواڵەی دوای چەند کاتژمێرێک یاخود چەند رۆژێک لە کەناڵێکی راگەیاندنی تەلەفزیۆنی یاخود رۆژنامەیەک بەرچاوبکەوێت زۆر لەوە زووتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوببێتەوە.
لە ئێستادا بە سەدان و هەزاران کەس لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان باجی ئەندامبوونیان لە لیژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی هەیە بەبێ ئەوەی هیچ تاقیکردنەوەیەکیان بۆ بکرێت و هەرکەسێک دێت و دەیکەنە ئەندام من دەپرسم چەند لەمانە بە فعلی و بە شایستەیی رۆژنامەنووسی وەرزشین کە رەنگە بە پەنجەکانی دەست بژمێردرێن بەهۆی ئەوەی زۆربەی زۆری ئەم بەناو رۆژنامەنووسانە تەنیا دەستی دوون چونکە تەنیا هەواڵ و بابەت لە رۆژنامە و ماڵپەڕە بیانی و عەرەبیەکان بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕن تەنانەت بەشێکیان هەواڵ و زانیاری ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکان بەکاردەهێننەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەسەرچاوە بدەن کە ئەمەش لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان وەک تاوانی دزینی بیرۆکەی کار و پێشەلکردنی مافی خاوەنداریەتی بڵاوکراوەکان، تاوانێکی گەورەیە و ئەنجامدەرەکەی بە بڕێک پارەی زۆر غەرامە دەکرێت کەچی لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێڕاقیش هیچ سزایەک بۆ سەرپێچیکاران دانەنراوە.


سەرەڕای کەموکوڕیەکانی خودی رۆژنامەنووسانی وەرزشی بەرپرسیاریەتی سەندیکاو لیژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشییە کە رۆژنامەنووسان بە دونیای دەرەوە ببەستنەوە و هەوڵبدەن رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی راستوخۆ بە جیهانەوە ببەستنەوە بەڵام لەم رووەوە کەس خۆی بەخەم نەکردووە و جار نا جارێک رۆژنامەنووسێکی وەرزشی لەگەڵ شاندێک رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت بەڵام ئەم گەشتە ئەوەندەی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆشبووە ئەوەندە بۆ بە ئەکادیمی کردن و بە جیهانیکردنی رۆژنامەنووسی وەرزشی کوردی نەبووە جگەلەوەش زۆرێک لە رۆژنامەنووسان لەسەر ئەستۆی خۆیان چوونەتە دەرەوە و بەشداری چالاکی و فرەبینی جیهانییان کردووە تەنانەت لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان کارئاسانیشیان بۆ نەکردوون.


ئەگەر بمانەوێت کاری رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی لەم گێژاوەی ئێستا رزگاربکەین بەر لە هەموو شتێک پێویستە کاری پیشەیی و تایبەتمەند لە حەز و خولیای کارکردن جیابکەینەوە چونکە ناکرێت هەرکەسێک بە حەزی خۆی ببێتە رۆژنامەنووس بەر لەوەی هەوڵی بە ئەکادیمی بوونی خۆی نەدات چونکە ئەو پێوەر و پڕەنسیپانەی کە پێویستە لە کەسێکی رۆژنامەنووسی وەرزشی هەبێت زۆر زیاترە لەوکەسەی رۆژنامەنووسی بواری گشتییە. جگەلەوەش رۆژنامەنووسی وەرزشی پێویستە خۆی بۆ کاری رۆژنامەوانی تەرخان بکات نەوەک لە پاڵ ئەم پیشەیەی کارێکی دیکەش بکات کە رەنگە ئەم حاڵەتە گۆناهی رۆژنامەنووسەکە نەبێت بەهۆی ئەوەی ئەم داهاتەی لە پیشەی رۆژنامەوانی دەستی دەکەوێت بەشی بژێوی خۆی و خێزانەکەی ناکات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure