بەوێنە: یانەی نەورۆز لەسەركەوتنەكانی بەردەوامە‌و برینەكانی دەربەندیخانی قۆڵتر كردەوە

ناوخۆیی :: 24/01/2020‌ :: 136‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد


كێبڕكێكانی هەفتەی 13‌و كۆتایی قۆناغی یەكەمی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات‌و یانەی نەورۆز لەئەنجامە باشەكانی بەردەوامە‌و برینەكانی دەربەندیخانی بەدوو گۆڵی بێ بەرامبەر قۆڵتر كردەوە.

لەیەكێك لەیاریەكانی ئەم هەفتەی خولەكەدا‌و لەكەشێكی ساردو باراناویدا‌و بەئامادەبوونی هاندەرێكی زۆر، یانەی نەورۆز میوانداری دەربەندیخانی كردو توانی یاریەکەی ٢-٠ لێ بباتەوە.

سەرەتای گێمی یەكەم  بە ئاست بەرزی یانەی خاوەن یاریگا دەستی پێكردو هێرشەكانیان دەستپێكردو هەر زووش لەخولەكی 15 گۆڵی یەكەمیان لەڕێگەی دیار عەلی"یەوە تۆمار كرد.

دوای ئەو گۆڵە یاریزانانی دەربەندیخان زۆرترین هێرشیان كردە سەر گۆڵی نەورۆز، بەڵام پەلەكردنی یاریزانان‌و بەهێزی هێڵی بەرگری‌و گۆڵپارێزی یانەی نەورۆز رێگربوو لەسەرجەم هێرشەكان‌و ئەو گێمەش بەو تاكە گۆڵە كۆتایی هات.

گێمی دووەم یانەی دەربەندیخان بەهێرشەكانیان دەستیان بەیاری كردەوە، بەڵام بەهەمان سینارۆی گێمی یەكەم هیچ سودییان لەهیرشەكانیان نەبینی‌و لەبەرامبەریشدا یاریزانانی نەورۆز بەهێرشی پێچەوانە یارییان دەكرد، بەڵام هەردوو تاخولەكی 90+1 سەركەوتوو نەبوون لەتۆماركردنی گۆڵ كاتێك شیروان كوردستان دوای یاریكردنی بەچەند یاریزانێك‌و گۆڵپارێزی دەربەندیخان گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆمار كرد.

دوای چوار خولەك كاتی زیاد كراو ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یاریەكەی لێداو بەدوو گۆڵی بێ بەرامبەریش ئەنجامەكە بەسودی یانەی نەورۆز كۆتایی هات.

ئاكۆ نوری كاپتنی یانەی نەورۆز ئەوەی خستەڕوو: سوپاس بۆ خوا توانییمان ئەم سەركەوتنەو سێ خاڵ بەدەست بێنین كە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چونكە توانییمان خۆمان بگەیەنینە ریزبەندی پلەی دووەمی خولەكە هیوادارم بتوانین لەسەر ئەم ئاستە بۆ قۆناغی دووەم بەردەوام بین.

وتیشی: بەرپرسانی تیپەكە بۆ قۆناغی دووەم زۆر بیر لەهێنانی یاریزان ناكەنەوە تەنها ئاڵۆگۆڕكردنی چەند یاریزانێك نەبێت، لەبەرئەوەی تیپەكە چووەتە سەر ڕێگا ئاست بەرزی‌و بردنەوەكانی.

لەلای خۆیەوە سیروان عەبدولڕەحمان یاریدەدەری راهێنەری یانەی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەدا: لەڕاستیدا لەئاستی تیپەكە‌و یاریزانانیش ڕازیبووین، هەرچەندە لەدەرەوەی یاریگای خۆمان یاریمان دەكرد‌و توانییشمان زۆربەی كاتی یاریەكە تۆپمان لەلابێت‌و زۆرترین هێرش بكەینە سەر گۆڵی یانەی نەورۆز، بەڵام یاریزانەكانمان سەركەوتوو نەبوون، لەبەرئەوە هۆكاری ئەنجامەكەش بۆ ئاستی ناوبژیوان دەگەڕێنمەوە كە هۆكارێك بوو ئەو ئەنجامە.
بەو بردنەوەیە یانەی نەورۆز بووە خاوەنی 19خاڵ‌و چووە پلەی دووەمی ریزبەندی‌و دەربەندیخانیش بە14خاڵ زیاتر هەنگاو بەرەو پلەكانی دواوەی ریزبەندی دەنێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure