بەوێنە: لاوانی پێشمەرگەی هەولێر حەوتەم بردنەوەی تۆمارکردو هەندرێن بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەکۆیەی بردەوە

ناوخۆیی :: 24/01/2020‌ :: 97‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

خولی لاوانی یانە نایابەکانی کوردستان لە کۆتاییەکان نزیک بووەتەوە و تاکو ئێستاش رکابەرییەکی بەهێز لە نێوان یانەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەی هەولێر و نەورۆز بۆ دوا جەولە ماوەتەوە بۆ بردنەوەی نازناوەکە کە یانەی زێرەڤانی سوودمەندی سەرەکی سزادانی یانەی زاخۆ بوو، کاتێک لەم هەفتەیە یاری ئەنجام نەدا و ٣ خاڵ و ٣ گۆڵیشی بۆ هەژمارکرا.
لە یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولەکەش، لاوانی پێشمەرگەی هەولێر حەوتەم بردنەوەی لە خولەکە تۆمارکرد و خۆی گەیاندە پلەی دووەمی خولەکە بە جیاوازی یەک خاڵ لەگەڵ یانەی زێرەڤانی کە پێشەنگی گرتووە.

لەگەڕی دەیەمی خولی لاوانی نایابی کوردستان و لەکەش و ھەوایەکی باراناوی و سارد دا، لە شاری هەولێر و لەسەر یاریگەی شادی؛ لاوانی پێشمەرگەی ھەولێر میوانداری لاوانی سیروانی شارەزووری کرد و بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەکەی لێبردەوە و حەوتەم سەرکەوتنی لەم وەرزەی خولی لاواندا بەدەستھێنا.
یارییەکە لەنیوەی یەکەمدا، بەھۆی باران بارین و ساردی کەشی یاریگە، لە ئاستێکی بەرزدا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، پێشمەرگەکان چەند جارێک نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم، لەکۆتا خولەکەکانی نیوەی یەکەم بەھۆی توندو تێژیەوە، ناوبژیوان دوو یاریزانی لە ھەردوولا بەکارتی سوور کردە دەرەوە.
نیوەی دووەم ڕیتمی یارییەکە بەتەواوی گۆڕا و پێشمەرگەی ھەولێر، بەتەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و لە خولەکەکانی ٥٠ و ٦٩ لە ڕێگەی (کاژین لوقمان) و (یوسف وریا) دوو گۆڵیان تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی گرنگیان بەدەستھێنا.

بەم ئەنجامەیش لاوانی پێشمەرگەی ھەولێر خاڵەکانی بۆ ٢٢ خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی دووەمی یانەکان دەبینرێت هەرچی یانەی سیروانی شارەزوورە تەنها بە مانەوەی لە خولی نایاب قەناعەتی بەخۆی هێنا.
لە یارییەکی دیکەی ئەم هەفتەیە، هەندرێن لە کۆی ئەو ١٠ یارییەی ئەنجامیداوە، دووەم سەرکەوتنی دوور لە یاریگەی خۆی تۆمارکرد و بە شێوەیەکی سوپڕایز لە تیپی لاوانی کۆیەی بردەوە.
هەندرێن بەم سەرکەوتنە تا راددەیەک لە زۆنی سووری دابەزین دوورکەوتەوە و چاوەڕوانی یارییەکانی دوا گەڕە بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی لە خولەکە دووپات بکاتەوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure