بەوێنە: پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر ئەنجامە خراپەكانی بەردەوامە

ناوخۆیی :: 23/01/2020‌ :: 119‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد


لە ركابەریەكانی خولی نایابی كوردستان  لە هەفتەی 13، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر ئەنجامە خراپەكانی بەردەوامە‌و ئەم هەفتەیەش سێ گۆڵ‌و سێ خاڵی بەخشییە میوانەكەیی‌و شێروانە‌و زاخۆش بەرامبەر دەبن.
لەیاریگای خۆی لەفەرماندەیی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی میوانداری هەندرێنی كرد‌و ئەنجامەكەش بەسودی یانەی میوان كۆتایی هات.

سەرەتای گێمی یەكەم هەردوو یانە بەهێرشكردن دەستیان بەیاری كرد، بەڵام هەندرێن تەنها 15خولەكی پێویست بوو بۆ تۆمار كردنی دوو گۆڵ لەرێگەی یاریزانان رەمەزان سدیق‌و ماجد رەشید لەخولەكەكانی 4‌و 12دا.

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هەوڵی زۆریدا بۆ تۆماركردنی گۆڵ، بەڵام لەهیچ لەهێرشەكان سەركەوتوو نەبوو.

گێمی دووەم یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەتەواوی باڵا دەستبوو هێرشەكانیشی زیاتر كرد بۆ سەر گۆڵی میوانەكەی، بەڵام بەهەمان شێوە لەم گێمەشدا سەركەوتوو نەبوون لەتۆماركردنی گۆڵ.
یاریزانانی هەندرێنیش بەهێرشی پێچەوانە یارییان دەكردو سەركەوتوو بوون لەتۆماركردنی گۆڵی سێیەم‌و كۆتایی یاریەكە لەرێگەی حسێن ئیبراهیم لەخولەكی 87دا.

لەكۆتاییشدا یاریەكە بەئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لەبەرژەوەندی یانەی هەندرێنی میوان كۆتایی هات‌و برینەكانی پێشمەرگەشی قۆڵتر كردەوە.

دوای دۆڕاندنە گەورەكەیان وەلید كەریم راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی رایگەیاند" لەو كاتەی پۆستی راهێنەرایەتی تیپەكەم گرتووەتە دەست ئەم كێشەیەمان هەیە كە هێرشبەركانمان سەركەوتوو نابن لەتۆماركردنی گۆڵ، چونكە هێرشبەرێكی وامان نیە هێرشەكان یەكلایی بكاتەوە، بەڵام بۆ قۆناغی دووەم بەدڵنیاییەوە گۆڕانكاریەكی زۆر لەپێكهاتەكەدا دەكەین‌و یاریزانی باشتر دەهێنین.

لەلای خۆیەوە دڵشاد مەعروف راهێنەری هەندرێن ئەوەی خستەڕوو: راستە پێشمەرگەی سلێمانی باشتر بینران لەیاریەكەدا‌و تۆپیان زیاتر لەلابوو، بەڵام ئێمە توانییمان هەلەكان بەتایبەتی لەگێمی یەكەمدا بقۆزینەوەو گۆڵ تۆماربكەین، بۆیە زۆر لەئاستی یاریزانەكان رازی دەبین‌و هەموو هەوڵێكیش دەدەین یاری بەیاری ئاست‌و ئەنجاممان باشتر بكەین.
لەیاریەكی تری ئەمڕۆدا یانەی شێروانە لەیاریگای خۆی میوانداری زاخۆی كردو دوای 90خولەك یاری كردن لەدەستدانی چەندین هێرش لەلایەن یاریزانانی هەردوو یانەوە یاریەكە بێ‌ گۆڵ كۆتایی هات‌و هەردوو یانەش بەخاڵێك رازیبوون.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure