بەوێنە: برایەتی و پێشمەرگەی هەولێر شێروانە و زاخۆ بەیەکسانبوون قۆناغی یەکەمیان تەواوکرد

ناوخۆیی :: 23/01/2020‌ :: 108‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لە یارییەکانی کۆتا گەڕی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، برایەتی لە یاریگەی خۆی و لە بەردەم هاندەرانی رووبەڕووی یانەی پێشمەرگەی هەولێری هەڵگری نازناوی وەرزی رابردوو بوویەوە، یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتاییهات بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ.


لە سەرەتای یارییەکە هەردوو یانە حسابی تایبەتییان بۆ یەکتر دەکرد و بە ئاستی راستەقینەیان دەرنەکەوتن، بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم گێمە پێشمەرگەکان چەند جارێک هەڕەشەیان لە گۆڵەکەی (سەرهەنگ موحسن) دەکرد.


لە نیوەی دووەم سەوزپۆشەکانی برایەتی باشتر بینرا و چەند جارێکیش نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام (هەورەمان رزگار) ـی گۆڵپارێزی پێشمەرگەکان ئازایانە پارێزگاری لە گۆڵەکەی کرد و بە خاوێنی هێشتەوە.


لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە برایەتی بە یاریزانێکی کەمەوە یارییەکەی تەواوکرد بەهۆی ئەوەی ناوبژیوان یاریزانێکی ئەم یانەیەی بە کارتی سوور کردە دەرەوە. یارییەکەش تا کۆتایی بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ مایەوە و هەردوو یانە بە خاڵێک رازی بوون.
بەم یەکسانبوونە پێشمەرگەی هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە ١٩ خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی دووەمی ریزبەندییە.
هەرچی یانەی برایەتییە کە زیاتر لە دوو مانگە نەیبردۆتەوە بەردەوامە لە ئەنجامە خراپەکانی و خاوەنی ١٦ خاڵە و لە پلەی شەشەمە.
لە یارییەکی دیکەی کۆتا جەولەی قۆناغی یەکەم، لە شارۆچکەی کەلار یانەی شێروانەی بریندار میوانداری یانەی زاخۆ ی کرد و هاوشێوەی یارییەکەی برایەتی و پێشمەرگەکان بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بەکۆتاهات.


شێروانە هەرچەندە پاڵپشتی هاندەرانی هەبوو بەڵام هیچ لە بارودۆخی یانەکە نەگۆڕاوە ئەگەرچی ئەم وەرزە ٣ راهێنەریشی گۆڕیوە ئەم یەکسانبوونەش هیچ خزمەتێکی یانەکەی نەکرد و بە کۆکردنەوەی ٩ خاڵ لە پلەی دوازدەهەمینی ریزبەندی یانەکانە.


لە بەرامبەردا زاخۆ لەم وەرزە ئاست و بارودۆخی جێگیر نییە و بە کۆکردنەوەی ١٥ خاڵ قۆناغی یەکەمی تەواوکرد و لە پلەی دەیەم خۆی بینییەوە.
سیروانی نوێ سەرەڕای ئەوەی یاری نەکردووە لە پێشەنگی یانەکان مایەوە بە کۆکردنەوەی ٢٠ خاڵ و سبەش لە دوو رووبەڕوو بوونەوەی گرنگدا، دهۆک میوانداری هەولێر دەکات لە کلاسیکۆی کوردستان و نەورۆز و دەربەندیخانیش لە یارییەکی بەهێز و لە شاری سلێمانی بەیەکدەگەن.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure