شارەكانی سلێمانی‌و هەولێر باوەش بۆ كێبڕكێكانی خولی بژاردە‌و قۆناغی كۆتایی بالەی عێراق دەكەنەوە

ناوخۆیی :: 19/01/2020‌ :: 88‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد


دوای تەواوبوونی یاریەكانی هەردوو كۆمەڵەی یەكەم‌و دووەمی خولی نایابی بالەی یانەكانی عێراق لەشاری سلێمانی‌و سەركەوتنی حەوت یانە بۆ خولی بژاردە ، دواجار یەكێتی بالەی عێراق بڕیاریدا یاریەكانی خولی بژاردە لەشاری هەولێر‌و قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین‌و كۆتایی خولی عێراق لەشاری سلێمانی ئەنجام  بدات.

دوای سەركەوتنی هەریەك لەیانەكانی(پێشمەرگەی سلێمانی‌و هەولێر‌و شورتە‌و گازی باشورو بەحری‌و دەغارە‌و جەیش) لەدوا كۆبونەوەی خۆیدا یەكێتی بالەی عێراق بڕیاریدا خولی بژاردەی یانەكانی عێراق لەشارەكانی هەولێر‌و سلێمانی ئەنجام بدات.

جەمال عەلی سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی بالەی عێراق تایبەت بەدواڕۆژ رایگەیاند:" خراپی بارودۆخی پارێزگاكانی عێڕاق وایكرد كە یەكێتی بالەی عێڕاق یاریەكانی هەردوو كۆمەڵەی یەكەم‌و دووەم لەشاری سلێمانی ئەنجام بدات‌و حەوت یان خۆیان بگەیەننە خولی بژاردە لەدوا كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریاندا یارییەكانی خولی بژاردەی یانەكانی عێڕاق لە25ی ئەم مانگە لەشاری هەولێر ئەنجام بدات.

جەمال راشیگەیاند:" دوای تەواوبوونی یاریەكانی خولی بژاردەی عێراق چوار یانە سەردەكەون بۆ قۆناغی كۆتای خولی بالەی یانەكانی عێراق بڕیاریشدرا یارییەكانی قۆناغی كۆتایی و دەركەوتنی پاڵەوانی خولەكە لەشاری سلێمانی ئەنجام بدرێت.
سەرۆكەكەی لقی سلێمانی یەكێتی بالەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا: بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولی بالەی یانەكانی عێڕاق لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەشاری سلێمانی بەهێزی یاریەكە دەردەخات، بۆیە ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت بۆ نوێنەری یانەكانی كوردستان بۆ بەرزكردنەوەی نازناوەكە.

تائێستا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی تاكە یانەیە لەسەر ئاستی كوردستان كە یەكجار نازناوی خولی نایابی بالەی یانەكانی عێراقی بەرز كردووەتەوە‌و دووجاریش پلەكانی دووەم‌و سێیەمی خولەكەی بەدەستهێناوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure