بەوێنە:هەولێر بە ١٠یاریزانەوە زنجیرە سەرکەوتنەکانی نەورۆزی راگرت و یاری لوتکە بەیەکسانبوون کۆتاییهات

ناوخۆیی :: 17/01/2020‌ :: 202‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ هەینی بە ئەنجامدانی دوو یاری ، کۆتاییهات بە یارییەکانی هەفتەی دوازدەهەمی خولی نایابی کوردستان تیایدا بە هێزترین دوو یاری ئەم هەفتەیەی بەخۆیەوە بینی کاتێک هەولێر لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی نەورۆزی کرد و یارییەکەشی بە (٢-١) گۆڵ لێ بردەوە، یاری لوتکەی نێوان سۆران و سیروانی نوێ ـیش بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی فڕانسۆ هەریری بە فیکەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (یوسف سەعید) یاری نێوان هەولێر و نەورۆز دەستی پێکرد.
نەورۆز بۆ ئەم یارییە دەیویست درێژە بە زنجیرەی سەرکەوتنەکانی بدات کاتێک لە سێ هەفتەی رابردووی خولەکە براوە بوو ،بەڵام هەولێرییەکان قسەیەکی دیکەیان هەبوو نەیاندەویست لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی داببڕێن.
دوای ئەوەی گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئاستێکی مامناوەند و بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە نیوەی دووەم و لە خولەکی ٥٥، (هوگر حوسێن) بە لێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی ٧٤، (عومەر ئیبراهیم) لە یانەی هەولێر بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و هەولێر چارەگەکی کۆتایی یارییەکەی بە ١٠ یاریزان تەواوکرد.

لە خولەکی ٨٣، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی فیکەی لێدانی سزای بۆ یانەی نەورۆز لێدا و یانەکەی سلێمانی لە رێگەی (دیار عەلی) ـیەوە ناسراو بە (حەمکە) بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.

لە خولەکی ٨٧ (هوگر حوسێن) بووە فڕیادڕەسی قەڵاو منارە و گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد، بەمەش هەولێر سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی ١٦ خاڵ، هەروەها یانەی نەورۆز لە دوای دەستبەکاربوونی یونس سلێمان، لە مەشقدانەوەی یانەکە یەکەمجارە تووشی دۆڕان دەبێت و ژمارەی خاڵەکانی لە ١٦ خاڵ وەستا.

لە یاری لوتکەی ئەم هەفتەیە لە شارۆچکەی سۆران، سۆرانی ئەسپە رەشەکەی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان میوانداری یانەی سیروانی نوێی خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندی کرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون بە بێ گۆڵ بەکۆتاهات.
ئەم یارییە بە بێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەچوو بە هۆی سزادانی یانەی سۆران لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە، بە درێژایی یارییەکەش یاریزانانی هەردوو یانە چەندین دەرفەتی گۆڵ تۆمارکردنییان لە دەستدا ئەنجامی یارییەکەش تا کۆتایی هەروەک خاڵی سەرەتا مایەوە.
سەرەڕای یەکسانبوونی یانەی سیروانی نوێ هەر لە پێشەنگی یانەکان مایەوە بە جیاوازی ٢ خاڵ لەگەڵ نزیکترین رکابەری کە یانەی پێشمەرگەی هەولێرە. هەرچی یانەی سۆرانە خاوەنی ١٦ خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.
ریزبەندی یانەکان دوای کۆتاییهاتنی گەڕی ١٢ بەمشێوەیە:
۱ــ سیروانی نوێ ۲۰ خاڵ
۲ــ پێشمەرگەی هەولێر ۱٨ خاڵ
۳ــ ســـــــۆران ۱٦ خاڵ
٤ــ نـــــەورۆز ۱٦ خاڵ
٥ــ هــــەولێر ۱٦ خاڵ
٦ـ دهــــۆک ۱٥ خاڵ
۷ــ برایــــەتی ۱٥ خاڵ
٨ــ زێرەڤانی ۱٤ خاڵ
۹ــ زاخـــــۆ ۱٤خاڵ
۱۰ــ دەربەندیخان ۱٤ خاڵ
۱۱ــ هــــەندرێن ۱۲ خاڵ
۱۲ــ شـــــێروانە ٨ خاڵ
۱۳ــ پێشمەرگەی سلێمانی ۷ خاڵ



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure