٣٠ خانمە یاریزانی کورد بەربژێرن بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق لە جامی کەنداو

ناوخۆیی :: 16/01/2020‌ :: 168‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لیژنەی هەڵبژاردەکانی تۆپی پێی عێراق لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە نیازی دروستکردنی تیمی فوتساڵی خانمانی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ بەشداریکردن لە هەردوو پاڵەوانیەتی جامی کەنداو و پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا کە بڕیارن لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامبدرێن.

یەکێتی تۆپی پێی عێراق درکی بەوە کردووە کە زۆرینەی کچە یاریزانەکانی فوتساڵی عێراق، کچە یاریزانی شارەکانی هەرێمی کوردستانن بۆیە ٣٠ خانمە یاریزانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجامبدرێت و لە کۆتاییدا چەند کچە یاریزانێک بەربژێر بکرێن بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێراق.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ، (١٨) کچە یاریزان لە شاری سلێمانی و (١٢) کچە یاریزان لە شاری هەولێر دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی ئاییندە تاقیکردنەوەی ئاستیان بۆ ئەنجامبدرێت و لە کۆتاییدا ١٤ کچە یاریزان بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق بهێڵدرێنەوە.

لە نێو خانمە یاریزانەکانیش یانەی سیروانی نوێ پاڵەوانی خولی فوتساڵی کچانی کوردستان، زۆرترین یاریزانیان بەشدار دەبێت لە تاقیکردنەوەکان کە ١٠ کچە یاریزانە دوای ئەویش هەریەک لە یانەکانی چۆمان و ئافرەتانی هەولێر و زانکۆی جیهان و ئافرۆدێت و زێرەڤانی کچە یاریزانەکانیان لەم تاقیکردنەوە بەشدار دەبێت.


دواڕۆژ وەک یەکەم دەزگای راگەیاندن لیستی سەرجەم ئەم کچە یاریزانانە ئاشکرا دەکات کە بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی پێکهاتەی هەڵبژاردەی فوتساڵی کچانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی جامی کەندا و پاڵەوانیەتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure