ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی محەمەد عەلی کلایە

وەرزشەکانی دیکە :: 17/01/2020‌ :: 179‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ سپۆرت

کاسیۆس مارسیلۆس کلای جۆنیۆر ناسراو محەمەد عەلی کلای ،بۆکسێنەری بەناوبانگی کێشی قورسی جیهان لە( ١٧-١-١٩٤٢ )لە رۆژێكی وەک ئەمڕۆ، لە شاری لویسڤیل لە ویلایەتی کنتاکی لە ئەمریکا لە دایکبووەو لە ٣-٦- ٢٠١٦ لە تەمەنی ٧٤ ساڵ و بەهۆی نەخۆشی و شەلەل دەماخەوە کۆچی دوایی کردووە.

کلای لە خێزانێکی پێست ڕەشی وڵاتی ئەمریکایەو لە ساڵی ١٩٦٤ دێتە سەر دینی ئیسلام و ناوی خۆی بۆ " محەمەد عەلی کلای دەگۆڕێت.


کلای توانیویەتی ٣ جار لە ساڵانی  ١٩٦٤و١٩٧٤ و ١٩٧٨لە ماوەی ١٠ ساڵدا ببێتە پاڵەوانی جیهانی یاری بۆکسێن لە کێشی قورس.


لە ساڵی ١٩٩٩ خەڵاتی وەرزشەوانی سەدەی پێدرا کە ئەم خەڵاتە لە لایەن گۆڤاری" ئیلاستریتد دابەش دەکرێت و هەمان خەڵاتی لە لایەن رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵیەوە پێدراو توانی لە %٧١،٢ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و  پێش مارادۆنا چەندین وەرزشەوانی تری جیهان بکەوێت.


کلای خاوەنی بەهێزترین لێدان بوو لە مێژووی یاری بۆکسێنداو لە ساڵی ١٩٨١ و لە تەمەنی  ٣٩ ساڵ دوای ٥٦ بردنەوە کە ٣٧یان بە لێدانی کوشندە بووە  لەگەڵ ٥ دۆڕان، بە یەکجاری لە گۆڕەپانی یاری بۆکسێن دوورکەوتەوەو وازیهێنا.

کلای لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ساڵی ١٩٦٠ی رۆما توانی ببێتە پاڵەوان  لە کێشی سووک مەدالیای زێڕین بباتەوە.


لە ساڵی ١٩٦٠ بە دواوەو لە ماوەی ٣ ساڵدا ١٩ یاری ئەنجامدا توانی سەرجەمیان بباتەوە کە ١٥یان بە لێدانی کوشندە بووەو لە ساڵی١٩٦٤ توانی لە  پاڵەوانی بۆکسێنی جیهان" سۆنی لیستۆن بباتەوەو نازناوی  پاڵەوانێتی جیهان لە کێشی قورس بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بباتەوە کە تەنها تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو، ئەوەش ژمارەی پێوانەیی بوو کە هیچ یاریزانێك نەیتوانیبوو ئەوکارە بکات.


کلای بەهۆی ئەوەی کەسێکی ئاشتی خواز و دژی رەگەزپەرەستی بوو ، رەتیکردەوە خزمەتی سوپای ئەمریکا بکات و بەشداری شەڕی ڤێتنام بکات لە ساڵی ١٩٦٧ کاتێک لە لوتکەی ئاستیدا بوو، بەڵام نازناوی پاڵەوانی جیهانی لێسەندرایەوە.


دواتر لە ساڵی ١٩٧١ لەو یارییەی کە بە یاری سەدە ناودەبرا، رووبەڕووی " جۆ فریزر بووەوە بەڵام نەیتوانی بردنەوە تۆماربکات و  بۆیەکەمجار توشی دۆڕان هات.
ژمارەکانی کلای لە مێژووی یاریکردنیدا.
٦١ یاری ئەنجامداوە
٥٦ یاری براوە بووە
٣٧ بردنەوە بە لێدانی کوشندە بووە
تەنها ٥ یاری  دۆڕاوە ساڵی ٨/٣/١٩٧١ بەرامبەر بە جۆ فرایزر و ساڵی  ٣١/٣/١٩٧٣ بەرامبەر کین نورتون و لەساڵی١٥/٢/١٩٧٨  بە لیون سپینکس و ساڵی ٢/١٠١٩٨٠    بەرامبەر بە لاری هوڵمز و ساڵی  ١١/١٢/١٩٨١ بەرامبەر بە تریفور بربیک  دۆڕاوە.


کلای چوار جار چووەتە ژیانی هاوسەرییەو ٧ کچ و دوو کوڕی هەیەو یەکەم چوونە  ژیانی هاوسەری لە ١٤-٨- ١٩٦٤ بووە.
کلای لە ساڵی ١٩٧١  لە یاری سەدە رووبەڕووی جۆ فرایزر بووەوە کە هەردو پاڵەوان توشی دۆڕان نەهاتبوون لە رابردوودا، بەڵام لە گۆڕەپانی " مدیسۆن کلای یاری سەدەی بە جۆ فرایزر دۆڕاند کە ئەمە یەکەم شکستی ئەم پاڵەوانە بوو، دواتر کلای دوای ئەم شکستە چەندین یاری بردەوەو  ساڵی ١٩٧٣ لە کین نۆرتۆنی بردەوە کە بەهێزترین پاڵەوانی کێشی قورس بوو لە جیهاندا.
کلای لە ساڵی ١٩٨٤ توشی نەخۆشی( بارکنسون) شەلەلی دەماخ بوو دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ نەخۆشیەکەی  پەرەی سەند و زۆرجار لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکراو دواتر لە بەرەبەیانی ٣-٦- ٢٠١٦ بە یەکجاری کۆچی دوایی کرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure