بەوێنە:لەشاری سلێمانی خولێكی یاری كیك بۆكسینگ بەسەرپەرشتی دوو پاڵەوانی عێڕاق و بریتانیا كرایەوە

ناوخۆیی :: 13/12/2019‌ :: 118‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد

بۆ یەكەمجار لەسنوری پارێزگای سلێمانی خولێكی بەهێزكردنی ئاستی راهێنەران‌و یاریزانانی كیك بۆكسینگ، بەسەرپەرشتی دوو پاڵەوانی عێراق‌و بریتانیا كرایەوە.

 هاوبیر عەبدوڵڵا پاڵەوانی پێشووی كوردستان‌و عێراق‌و راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی عێراق ،لەگەڵ ماتیت سیسمی بریتانی كە پاڵەوانی پێشووی جیهان كەی وەنە‌و راهێنەری پڕۆفیشناڵە بەهاوكاری لقی سلێمانی یەكێتی كیك بۆكسینگی كوردستان خولێكی بەهێزكردنی بۆ راهێنەران‌و یاریزانان كردەوە.

لەو بارەیەوە ماتیت سیسمی راهێنەری پرۆفیشناڵی یاری كیك بۆكسینگ بەدواڕۆژی راگەیاند:" من زۆر بەختەوەرم كە خۆم لەسلێمانی دەبینمەوە ساڵی رابردووش لەگەڵ چەند پاڵەوانێكی جیهان هاتین بۆ ئەم شارە، بەڵام نایشارمەوە هاتنم بۆ شاری سلێمانی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەوڵاتی بریتانیا هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕایەوە كە خەڵكی وڵاتەكەم پێیان وابوو ئێرە ترسناك‌و ناسەقامگیرە.
وتیشی:" ئەجمارەش سیتی گێیم ئەم دەرفەتەی بۆ من رەخساند كە بگەڕێمەوە بۆ شاری سلێمانی بۆ وتنەوەی چەند وانەیەكی یاری كیك بۆكسینگ بەڕاهێنەران‌و یاریزانان لەسەر ئەوەی چۆن بتوانن ببن بەپیشەگەر.
لەلای خۆیەوە هاوبیر عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری خولەكە ئەوەی خستەڕوو:" لەساڵی رابردووەوە ئەمە سێیەم خولە ئەنجامی دەدەم بۆ راهێنەران‌و یاریزانان دەمەوێت ئەو زانیاریانەی دەستم كەوتووە لەزانكۆی سلێمانی یاخود لەرێگەی ئەو خول‌و كەمپانەی كە لەدەرەوەی وڵات بەشداریم كردووە پێیان بگەیەنم، لەڕاستیدا كاتێك كە لەدەرەوەی وڵات بووم چەند كەموكوڕیەكم هەبوو بەبینی ئەو خولانە توانیم چارەسەرییان بكەم كە هاتمەوە بەهەمان شێوە برادەرەكانم هەمان كەموكوڕی منیان هەبوو.
ئاماژەی بەوەشدا:" لەكاتی گەڕانەوەم بۆ كوردستان بینیم هاوڕێكانم هەمان هەڵەی منیان هەیە، بۆیە ئەوەی من توانیم لەچارەسەركردنی هەڵەكانیان یارمەتیمدان، بەڵام سەد لەسەد نا، لەبەرئەوە بڕیارمدا ئەم پاڵەوانەی جیهان بێنمە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی ئەو كەموكوڕیانە هەیانە راهێنەرو یاریزانەكانمان بەتەواوی چارەسەر ببێت.
لەخولەكەدا 30راهێنەرو 40یاریزانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوازی تیۆری‌و پراکتیكی بەشداربوون.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure