بەوێنە: 23راهێنەری پارێزگای سلێمانی بوونە خاوەنی بڕوانامەی جۆری (c) ئاسیایی

ناوخۆیی :: 09/12/2019‌ :: 164‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد

دوای نۆ مانگ چاوەڕوانی دواجار 23راهێنەری سنوری پارێزگای سلێمانی بوونە خاوەنی بڕوانامەی جۆری سی ئاسیایی.

یەكێتی تۆپی پێی سلێمانی بۆ سێیەمجار خولی راهێنانی بۆ راهێنەرانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەبەشداری 23راهێنەر كردەوە دوای هاتنەوەی بڕوانامەكانیان بۆ یەكەمجار سەرجەم بەشداربووان دەرچوو بوون.

عەباس عەلی ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو: كردنەوەی خولی راهێنان بۆ راهێنەرانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی سلێمانی ئامانجی زۆرە، بەڵام یەكێك لەئامانجە سەرەكیەكانمان پێگەیاندنی راهێنەری گەنجە بەشێوەیەكی ئەكادیمیی‌و زانستی بۆ داهاتووی شاری سلێمانی‌و كوردستان‌و عێراق لەلایەن وانەبێژە نێودەوڵەتیەكانەوە.

وتیشی:" وتنەوەی وانەكان لەلایەن وانەبێژە نێودەوڵەتیەوە بۆ راهێنەرانمان زۆر گرنگە، چونكە ئەزموونی زۆرییان هەیە‌و ئەو زانیاریانەی پێیانە بۆ راهێنەرەكانمان بەجێ دەهێڵن، هیوادارین راهێنەرەكانی خۆمان بتوانن سود لەو زانیاریانە ببینن‌و كاری پێبكەن، هەروەها درەنگ هاتنەوەی بڕوانامەكان بۆ كێشەی تەكنیكی بوو لەیەكێتی تۆپی پێی ئاسیا.

لەلای خۆیەوە تانیا ئەحمەد تاكە كچی بەشداربووی خولەكە ئەوەی بەدواڕۆژ راگەیاند:" وەك تاكە كچێك بەشداری ئەم خولەم كردبوو كە گرنگیەكی زۆری بۆ راهێنەران هەیە، چونكە ساڵ بەساڵ گۆڕانكاری‌و نوێبونەوە لەیاساكانی تۆپی پێدا روو دەدات، لەبەرئەوە پێویستە ئێمەش بەبەردەوامی ئاگامان لەو گۆڕانكاریانە بێت، هەروەها داواكارم لەكچان بێنە ناو بوارەكەوە، چونكە ئێمە‌و پیاوان هیچ جیاوازییەكمان نیە.

دوای وەرگرتنی یەكێتی تۆپی پێی سلێمانی لەلایەن ئەم ستافەوە تائێستا جگە لەئەنجامدانی چەندین خولی تۆپی پێ سێ خولی راهێنانی بۆ راهێنەران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی جۆری (سی) كردووەتەوە لەگەڵ خولێكی جۆری (ئەی) كە بەرزترین جۆری بڕوانامەی راهێنەرانە.

بەپێی زانیاریەكانی دواڕۆژ بڕیارە لەناوەڕاستی ئەم مانگە بۆ چوارەمجار خولی راهێنانی ئاسیایی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی جۆری (سی) بكرێتەوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure