بڕیار لە چارەنووسی خولی نایابی عێراق دەدرێت و یەکێتی تۆپی پێ تاوتوێی ٣ سیناریۆ دەکات

ناوخۆیی :: 08/12/2019‌ :: 103‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و ناسەقامگیری باری ئەمنی ئەم وڵاتە، وا بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بڕیاری کۆتایی لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق بدرێت و یەکێتییەکەش تاوتوێی سێ سیناریۆ دەکات و کامەی بە شیاو بزانێت بۆ بەرژەوەندی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیار لە یەکێکیان دەدات.

سەرچاوەیەک بە دواڕۆژی راگەیاند" یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە نیازە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆیدا کە بڕیارە لە رۆژی سێشەممە رێککەوتی ١٠ ـی دیسێمبەر ئەنجامبدرێت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی تایبەت دەکات بە چارەنووسی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق کە تەنها ٤ جەولەی لێ بەڕێوەچووە.


یەکێتییەکە ٣ سیناریۆی بۆ چارەنووسی خولەکە لە بەرنامەی خۆی داناوە و دواتر بڕیار دەدرێت کامەی جێبەجێ بکرێت.
بە پێی زانیارییەکانی دواڕۆژ ئەو سێ پێشنیارەی بەردەستە بۆ چارەنووسی خولی نایابی عێراق بەمشێوەیە:


١.خولەکە لەم شوێنەی وەستاوە تەواوبکرێت و وادەیەک بۆ دەسپێکردنەوەی خولەکە دابنرێت کە ئەمەیان ئەگەرێکی لاوازە.


٢.یاخود خولەکە بکرێتە دوو گروپ و لە هەر گروپێک دوو یانەی سەرووی ریزبەندی بگەنە قۆناغی کۆتایی و لەوێشەوە بە چوارگۆشەی زێڕین پاڵەوان دیاری بکرێت.


٣.سیناریۆی سێیەم ئەوەیە ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەژمارنەکرێت و خولەکەش بۆ ئەم وەرزە ئەنجام نەدرێت کە ئەمەی دوایی بەربژێری سەرەکی بژاردەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراقە بەڵام تاکو ئێستا بە شێوەی فەرمی هیچ هەواڵێک لە ئارادا نییە.


خولی نایابی عێراق لە وەرزی چل و شەشەمین دا تەنها چوار یاری لێ بەڕێوەچوو، هەردوو نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان کە یانەکانی هەولێر و زاخۆ ـن بە سەرەتایەکی خراپدا تێپەڕبوون و هیچ کامێکیان تاکو ئێستا هیچ یارییەکیان نەبردۆتەوە و لە پلەکانی ژێرەوەی ریزبەندی دەبینرێن.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure