شەق لێدانەکەی سیروان سەلمان لە ناوبژیوانەکەی رانیە دەتەقێتەوە

ناوخۆیی :: 07/12/2019‌ :: 199‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

تا دێت کاردانەوەکانی لێدانەکەی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوان لە ناوبژیوانێکی شاری ڕانیە لە شەقامی وەرزشی هەرێم پەرە دەسەنێت و بەشێک لە وەرزشکارانی رانییە بۆ پشتگیریکردن لە داوەرەکەیان و دژی (سیروان سەلمان) ـی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوای هەرچی زووە بە سزاگەیاندنی ناوبراویان کرد بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایەی بۆ سەر ( هیوا عەلی) کردوویەتی.


بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، (هیوا عەلی) ناوبژیوانی ڕانیەیی سبەی یەکشەممە لە دادگا سکاڵا لەسەر (سیروان سەلمان) تۆماردەکات بە تۆمەتی هێرشکردنە سەری بە شێوەیەکی ناڕەوا.


هەر بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان ، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە رێککەوتی ٧ ـی دیسێمبەر لیژنەی پێکهێناوە لەسەر کەیسەکەی سیروان سەلمان، لیژنەکە بەسەرۆکایەتی (هادی کەریم) جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەبێت.


رۆژنامەنووسێکی وەرزشی پێکهێنانی ئەم لیژنەیە بە ناشەرعی و نادادپەروەر وەسف دەکات بە حوکمی ئەوەی لایەنێکی کەیسەکە خودی خۆی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان پۆستێکی باڵای هەیە چۆن دەبێت لە هەمان دامەزراوە لیژنە پێکبهێندرێت.


(هیوای مەلا قادر) رۆژنامەنووسی وەرزشی لە لێدوانێکدا دەڵێت: "تۆ کەیسێکت هەیە بەرپرسێکی یەکێتی تۆپی پێ دەستدرێژی بۆکس و شەقی کردووەتە سەر داوەرێک، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە ئەندامانی یەکێتیەکە واتە بەڵگەی بینراو شایەت و نوسراویش لەبەردەستدایە. ئیتر پێکهێنانی ئەم لیژنەیە نا پێویستە و تەنها بۆ رزگارکردنی سیروان سەلمان و چارەکردنی کەیسەکەیە بە عەشایەریانە پێکهێنراوە".


هیوا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: " گوایە هێرشکردنە سەر هیوا عەلی لەلایەن سیروان سەلمانەوە بە بیانووی ئەوە بووە کە ئەم ناوبژیوانە کوفری کردووە و قسەی بە ئایین وتووە، ئەمە بە هیچ شێوەیەک نابێتە بیانوو چونکە سیروان سەلمان نە دەزگای ئەوقافە نە کاروباری ئایینی، دواتریش (هیوا عەلی شریف) کە سەرۆکی لیژنەی داوەران تۆمەتباری دەکات بە کفرکردن، لە ڤیدیۆیێکی چەند ساڵ لەمەوبەر لە یارییەکی تۆپی پێدا لەبەر حورمەتی بانگ یاریەک رادەگرێت".


ئەم رۆژنامەنووسە دەشڵێت : "قسەکانی سیروان سەلمان بۆ بیانووی هێرشکردنەکەی یەکناگرێتەوە بەوەی کە لە لێدوانێکدا وتوویەتی؛ سەرووی سەد داوەر لە تاقیکردنەوەی کوپەر دەرنەچوونە کەسیش قسەی نەکردووە ! بەو پێیەش بێت هۆکاری هێرشکردنە سەر ناوبراو بەهۆی بۆڵە بۆڵی بووە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە".

لەلایەکی دیکەوە هەر بە هۆی ئەم دەستدرێژییە، ٣ ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی مافەکانی مرۆڤ هاتوونەتە سەر هێڵ و بە نیازن لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکەن و ئەگەر دەربکەوێت سەرۆکی لیژنەی داوەران دەستدرێژی کردووە لە رێگەی مافی گشتی سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن.

هاوکات ناوبژیوانێکی ناسراوی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پێویستی زانی سەرجەم داوەرانی کوردستان هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە هەبێت لە رێگەی بایکۆتکردنی بەڕێوەبردنی خولەکانی تۆپی پێی کوردستان تا ئەو کاتەی سیروان سەلمان بە سزای عادلانە دەگات چونکە بە گووتەی ئەم ناوبژیوانە ئەمە جاری یەکەم نییە شکۆی ناوبژیوانان دەشکێندرێت چ لەلایەن هاندەران و دەستەی کارگێڕی یانەکان و راهێنەران، چ لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure