بەوێنە:سۆران پاڵەوانی کوردستانی ناچار بە یەکسانبوون کردو هەندرێن بە خاڵێکەوە لە دەربەندیخان گەڕایەوە

ناوخۆیی :: 05/12/2019‌ :: 100‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

یارییەکانی خولی نایابی کوردستان پێی نایە هەفتەی حەوتەم و سوودمەندی سەرەکی ئەم گەڕەش یانەی سیروانی نوێ بوو کاتێک بە بردنەوەی لە یانەی زاخۆ و سوودوەرگرتن لە یەکسانبوونی سۆران و شکستی برایەتی، جارێکی دیکە گەڕایەوەی سەرووی ریزبەندی و بە تەنها پێشەنگی گرت.
لە شارۆچکەی رواندوز و بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆری یانەی سۆرانی تازە میوانەکەی خولی نایاب، سۆران میوانداری یانەی پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی دوا کۆپی خولی نایابی کوردستانی کرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتاییهات بە ئەنجامی (١-١).

حەوت خولەک دوای دەسپێکی یارییەکە، ناوبژیوانانی یارییەکە لێدانێکی سزای لە بەرژەوەندی پێشمەرگەکان هەژمارکرد ئەویش دوا کەوتنی محەمەد سامی ناسراو بە (حەمە ئیتۆ) لە ناوچەی سزای تیپی سۆران لەلایەن بەرگریکارێکی ئەم یانەیە، (بارزان حەیدەر) سەرکەوتووانە وەریگێڕایە سەر گۆڵ و یانەکەی پێشخست.
ئەم گۆڵە زووە وایکرد شپڕزەیی بکەوێتە نێو ریزەکانی یانەی سۆرانی ئەسپە ڕەشەکەی خولی نایاب و چەند هەڵەیەک لە یاریزانانی ئەم یانەیە روویدا.

بەڵام لە کۆتاییەکانی گێمی یەکەم یانەی سۆران ریزەکانیان رێکخستەوە و چەند هێرشییان بردە سەر گۆڵی پێشمەرگەکان، بە بێ ئەوەی ئەنجامی یارییەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی هەڵگری نازناو بەکۆتاهات بە گۆڵێکی بێ وەڵام.
لە نیوەی دووەمیش سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی یانەی سۆران بۆ راستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بەڵام هەوڵەکانیان تا چارەگی کۆتایی بەرهەمی نەبوو تا ئەو کاتەی لە رێگەی یاریزان ( هۆگر سەعدی) لە خولەکی ٧٥ بە لێدانی سزا، توانییان ئەنجامەکە راستبکەنەوە و گۆڵی بەرامبەر تۆماربکەن.

یارییەکەش بە یەکسانبوون بە ئەنجامی (١-١) بە کۆتاهات و سۆران پێشمەرگەکانی ناچار بە یەکسانبوون کرد و بە تامی بردنەوە یاریگەی جێهێشت.
بەم یەکسانبوونە کۆی خاڵەکانی یانەی سۆران بووە ١٢ خاڵ و لە پلەی دووەمی ریزبەندی دەبینرێت بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی برایەتی، لە یاری داهاتووش دەبێتە میوانی یانەی هەندرێن لە شاری هەولێر.
هەرچی یانەی پێشمەرگەی هەولێر ٩ خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمە و لە هەفتەی ئاییندە میوانداری یانەی سیروانی نوێی پێشەنگ دەکات.
لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕە یانەی هەندرێنی بریندار لە شارۆچکەی دەربەندیخان لە ئەرکێکی قورس بووە میوانی یانەی دەربەندیخان و یارییەکەش بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

نیوەی یەکەم هیچ کامێکیان نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن و ئەم گێمە بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بەکۆتاهات.
لە سەرەتای نیوەی دووەم دەربەندیخانی خاوەن ماڵ دەسپێشخەر بوو لە تۆمارکردنی گۆڵ لە رێگەی یاریزان (کۆڕەنگ محەمەد).
ئەنجامەکە بە پێشکەوتنی یانەی دەربەندیخان مایەوە تا دوا خولەکەکانی یارییەکە، (ئامانج ئەکرەم) بووە فریادڕەسی یانەی هەندرێن و بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون یانەکەی لە شکستێکی مسۆگەر رزگارکرد.
دەربەندیخان بەم خاڵەوە کۆی خاڵەکانی بووە ١٠ خاڵ و لە پلەی پێنجەمی یانەکە و لە جەولەی داهاتوو دەبێتە میوانی یانەی هەولێر لە پایتەخت، هەرچی یانەی هەندرێنە خاوەنی ٤ خاڵە و لە پلەی یازدەهەمین دەبینرێت و هەفتەی داهاتوو میوانداری یانەی سۆران دەکات لە یاریگەی خۆی.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure