بەوێنە: هەڵبژاردەی پایسکلسواری عێراق بە زۆرینەی یاریزانانی کوردەوە کەمپێکی مەشقی لە میسڕ ئەنجامدەدات

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 91‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا


وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە لە وڵاتی میسڕ پاڵەوانیەتی پایسکلسواری وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاستی لاوان بەڕێوەبچێت، شاندی هەڵبژاردەی پایسکلسواری عێراقیش بۆ ئاستی لاوان لەم پاڵەوانیەتیە بەشدارە و هەر لە ئێستاوە بە زۆرینەی پایسکلسوار و راهێنەری کوردەوە ئامادەکارییەکانی بردووەتە وڵاتی میسڕ و لە شاری ئەسکەندەرییە کەمپێکی مەشقییان کردووەتەوە.

تیپی پایسکلسواری لاوانی دهۆک دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە دوا قۆناغی پێشبڕکێکانی پایسکلسواری یانە نایابەکانی عێراق لە شاری سلێمانی پیشانیدا، زۆرینەی یاریزانان و راهێنەرانی ئەم یانەیە بەربژێرکراون بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە پاڵەوانیەتی پایسکلسواری وڵاتانی عەرەبی.
جگە لە ئاستی لاوان، عێراق لە ئاستەکانی پێشکەوتووان و تازەپێگەیشتوانیش بەشدارە و لەم ئاستانەش کوردەکان رۆڵێکی کاریگەرییان هەیە لە تیمە عێراقییەکان و نیازیان بەدەستهێنانی ئەنجامێکی گەورەیە لە پاڵەوانیەتی عەرەبی هەروەک چۆن لە دوا قۆناغی رکابەرییەکانی عێراق پایسکلسوارانی یانەکانی کۆیە، گارە، دهۆک، هەولێر پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانیەتیەکەیان مسۆگەرکرد.

پێشووتر شاندی هەڵبژاردەکانی پایسکلسواری عێراق لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چەندین یەکەی مەشقییان ئەنجامدا بەر لەوەی گەشتی وڵاتی میسڕ بکەن و لە شاری ئەسکەندەرییە کەمپێکی مەشقی چەند رۆژی ئەنجامبدەن.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ (مەحمود عەزیز) سەرۆکە کوردەکەی یەکێتی پایسکلسواری عێراق ئاماژەی بەوەدا: "بە باشییان زانی بەر لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە لە وڵاتی میسڕ، شاندی هەڵبژاردەی عێراق زووتر گەشتی ئەم وڵاتە بکەن هەم بۆ ئاشنابوون بە کەشوهەوای ئەم وڵاتە، هەم بۆ راهاتن لەگەڵ بارودۆخی پاڵەوانیەتیەکە و یەکتر ناسین لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکانی دیکە".

عەزیز وتیشی: "لەمەوپێش کوردەکان ئەزموونی بەشداریکردنییان لەمجۆرە پاڵەوانیەتی و چالاکییە نێودەوڵەتییانە هەبووە بۆیە متمانەی تەواویان بە یاریزانەکان هەیە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر دەسەبەربکەن".


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure