بەوێنە:برایەتی پێشەنگی بە سیروانی نوێ چۆڵکردو هەولێر و پێشمەرگەکەی یەکسانبوون

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 117‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لە میانی یارییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە شەش یاری گرنگ بەڕێوەچوو بەهۆی ئەنجامەکانەوە ئاڵوگۆڕی گەورە لە ریزبەندی یانەکان روویاندا لە سەرووی هەمووشیانەوە برایەتی لە شاری هەولێرەوە بەرەو شاری سلێمانی گەشتی کرد و بە بردنەوەی یارییەکەی پێشەنگی بە یانەی سیروانی نوێ چۆڵکرد.
لە شاری هەولێر و لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی فڕانسۆ هەریری، لە دێربی هەولێر هەردوو یانەی هەولێر و پێشمەرگەکەی رووبەرووی یەکتر بوونەوەی یارییەکەش بە خاوێنی و بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بەکۆتاهات.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی یاریزانانی هەردوو یانە بە درێژایی یارییەکە نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی تیپی بەرامبەر بهەژێنن و نیوەی یەکەم بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بە کۆتاهات.

لە نیوەی دووەمیش راهێنەری هەردوو تیم هەموو رێگانیان تاقیکردەوە، (سەمیر بابۆ) دەرفەتی بە چەند یاریزانێکی لاو دا، هاوکات راهێنەرە عەرەبەکەی هەولێر (ئەحمەد موناجد) بەهۆی پێکانەوە چەند گۆڕانکارییەکی بەناچاری ئەنجامدا بەڵام ئەمانە هیچیان لە ناوەڕۆکی یارییەکە نەگۆڕی و تا کۆتایی ئەنجامی یارییەکە بە خاوێنی مایەوە و هەردوو یانە خاڵێکیان خستە سەر هەگبەی خاڵەکانیان.
هەولێر بەم یەکسانبوونە کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٨ خاڵ و لە پلەی پێنجەمە و پێشمەرگەی هەولێریش خاوەنی ٧ خاڵە و لە پلەی شەشەم دەبینرێت.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش یاریزانانی هەردوو یانە جەختیان لە بەهێزی و قورسی یارییەکە کرد و هەر ئەوەشیان بە هۆکار زانی بۆ ئەوەی هیچ کامێکیان گۆڵ تۆمارنەکەن و بە درێژایی یارییەکە حسابی ورد بۆ تیپی بەرامبەر بکەن و پلان و ستراتیژی خۆیان وەک پێویست جێبەجێ نەکرد.
لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕە، شێروانەی کەلار بە راهێنەری نوێوە لە قەزای رواندوز بووە میوانی یانەی سۆران کە ئەمەی دوایی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بەهێزەوە دەرکەوتووە، پاش ململانێیەکی زۆری یاریزانانی هەردوو یانە بۆ بردنەوەی ٣ خاڵی یارییەکە، سەرەنجام یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییهات بە ئەنجامی (١-١)
نیوەی یەکەم هیچ گۆڵێکی بەخۆیەوە نەبینی و هەردوو گۆڵ لە گێمی دووەم تۆمارکران.
سەرەتا شێروانەی میوان دەسپێشخەربوو لە تۆمارکردنی گۆڵ لە رێگەی یاریزان (هەلۆ فایەق) بەڵام کوڕانی سۆران نەیانهێشت گەرمیانییەکان بە ٣ خاڵی یارییەکەوە بگەڕێنەوە شارۆچکەی کەلار و لە دوا خولەکەکانی یارییەکە لە رێگەی یاریزان (هاوکار سەعدی) ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە و یارییەکەش بە گۆڵێک بۆ هەردوو لا بەکۆتاهات.
سۆران بەم یەکسانبوونە کۆی خاڵەکانی بووە ٨ خاڵ و لە پلەی سێیەمە بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەکانی دەربەندیخان و هەولێر، شێروانەش دوای پێنج یاری تاکو ئێستا تامی بردنەوەی نەکردووە و خاوەنی تەنها دوو خاڵە و لە پلەی یازدەهەمین دەبینرێت.
ریزبەندی یانەکانی خولی نایاب دوای پێنج هەفتە بەمشێوەیە:
۱. برایەتی ۱۱ خاڵ
۲. سیروانی نوێ ۱۰ خاڵ
۳. سۆران ٨خاڵ
٤. دەربەندیخان ٨ خاڵ
٥. هەولێر ٨ خاڵ
٦ــ پێشمەرگەی هەولێر ۷ خاڵ
۷ــ زاخۆ ۷ خاڵ
٨ ــ دهۆک ٦ خاڵ
۹ــ زێرەڤانی ٥ خاڵ
۱۰ــ هەندرێن ۳ خاڵ
۱۱ــ شێروانە ۲ خاڵ
۱۲ــ نەورۆز ۲ خاڵ
۱۳ــ پێشمەرگەی سلێمانی ۱ خاڵ


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure