وێنەو ڤیدیۆ: نزار غەزالی یەکەمی یەکەمەکانی کیشوەری ئاسیا لە بەسەرکردنەوەیەکی دواڕۆژدا

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 231‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

 

نزار غەزالی پاڵەوانەکەی شاری دهۆک یەکێک لە ناوە دیارەکانی وەرزشی لەشجوانی لەسەر ئاستی جیهان و کیشوەری ئاسیا و عێراق و کوردستانیش، لە کاروانی وەرزشی خۆیدا چەندین جار پلەی یەکەمی سەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی و کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا و تەنانەت جیهانی بەدەستهێناوە.

 غەزالی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە لەشجوانی و توانای جەستەیی و تەواوکاری خۆراکی، بەهۆیەوە بووەتە خاوەنی کارتی جیهانی لە راهێنان و وانە وتنەوە.

وەک خۆی دەڵێت گەورەترین دەستکەوتی وەرزشی لە کاروانی وەرزشی لەشجوانی؛ بردنەوەی پلەی یەکەمی یەکەمەکانە لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا کە پێشتر هیچ لەشجوانێکی عێراقی بەم پلەیە نەگەیشتووە.

ئەم راهێنەرە لە تەمەنی (١٣) ساڵییەوە وەرزشی لەشجوانی ئەنجامدەدات و ئەو باسی ژیانی خۆی دەکات کە هەندێکجار بە بلۆک و شیش و ئاسن و عەرەبانەی یەک تایەی بڵند کردووە و مەشقەکانی لەشجوانی ئەنجامداوە.

لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ یەکەمجار رووی لە هۆڵەکانی لەشجوانی کردووە و بە ئامێرە وەرزشییەکان مەشقی ئەنجامداوە.

غەزالی دەڵێت: "یەکەمجار کە رووی لە مەشق کردووە، بەهۆی بچووکی تەمەنی راهێنەر پێی وتووە نابێت وەرزش ئەنجامبدەیت چونکە تەمەنت هێشتا بچووکە و پێویستە چاوەڕوان بکەیت تا تەمەنت دەبێتە ١٨ ساڵ، بەڵام گوێ بە قسەی راهێنەرەکە نادات و خۆی لە ماڵەوە لە مەشقەکانی بەردەوام دەبێت تا تەمەنی دەبێتە ١٨ ساڵ".
غەزالی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ ـی شاری دهۆکە و لە ماوەی راهێنەرایەتی راهێنانی وەرزشی بە چەندین کەسایەتی باڵای حکومی داوە لە دیارترینیان سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) ـیە کە لە ئێستاشدا راهێنەری تایبەتی ئەوە و خاوەنداریەتی هۆڵێکی گەورەی لەشجوانی و سەنتەری وەرزشی دەکات لە شاری هەولێر.

بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ لەشجوانە ناودارەکانی جیهان هەیەتی، ساڵی پار بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراق و کوردستان، پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی هێنایە هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر میوانداریکرا.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure