هەڵبژاردەی باسكەی كچانی عێراق بەپێكهاتەیەکی كوردەوە بەشداری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا دەكات

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 112‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد


دوای ئەوەی بڕیاردرا پاڵەوانێتی باسكەی كچانی تازەپێگەیشتووانی رۆژئاوای ئاسیا لەوڵاتی سوریا ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردەی عێراق بەپێكهاتە كوردەكەیەوە بەشداری لە پاڵەوانێتیەكە دەكات.
پێكهاتەكەی عێراق بەتەواوی ستافی راهێنەران‌و یاریزانانی رێكخراوی ژیماوە بەشداری پاڵەوانێتیەكە دەكەن‌و راهێنەری تیپەكەش هەموو شتێك لەسەر هەڵبژاردەكەی ئاشكرا دەكات.
رزگار محەمەد راهێنەری هەڵبژاردەی باسكەی تازەپێگەیشتووانی عێراق ئەوەی بۆ دواڕۆژ خستەڕوو:" دوای بەشداریكردنمان لەپاڵەوانێتی نێودەوڵەتی دۆستانەی ئوردن دوای گەڕانەوەمان بڕیارماندا سەرجەم ئەو كەموكورتیانەی لەپێكهاتەكەدا هەبوو چارەسەری بكەین، هەروەها مەشقەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ بەشداریكردن لەپاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا.
رزگار راشیگەیاند:" یەكێك لەكێشەكانی ئێمە نەبوونی پاڵەوانێتیە لەسەر ئاستی كوردستان‌و عێراق، ئەگەر هەبێت بەهەفتەیەك كەمتر تەواو دەبێت، هەروەها نەبوونی یاریزانی باڵا بەرز یەكێكیترە لەكێشەكانمان، لەبەرئەوە لەپاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكەی ئوردن بەئاشكرا پێمانەوە دیاربوو، بەڵام سەرەڕای ئەو كەموكوڕیانەش سەرۆكی یەكێتی باسكەی كچانی عێڕاق بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتمانە‌و هاوكارمانە لەهەموو روویەكەوە بەتایبەتی ئارام گرتن لەسەر دروستكردنی یاریزان بۆ هەڵبژاردەكە.
راهێنەرەكەی هەڵبژاردەی عێڕاق ئاماژەی بەوەشدا:" پێكهاتەكە لەتەواوی یاریزانانی رێكخراوی ژیما پێكهاتووە بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پاڵەوانێتی یاخود بەردەوام نەبوونی یاریزانانی كچ لەمەشق‌و راهێنان لەئێستادا یاریزانی ئاست بەرز كەمبووەتەوە، هەروەها خۆم شنە زاهیریش وەك راهێنەر‌و یاریدەدەری راهێنەر بەردەوامین لەمەشقەكانمان بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانناوە.
وتیشی:" ئامانجی سەرەكی ئێمە یەكەمجار چاو كرانەوەی یاریزانانمانە بەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە دواتر‌ لەچەند ساڵی داهاتوو بیر لەئەنجام دەكەینەوە.

بڕیاربوو پێشتر پاڵەوانێتی باسكەی تازەپێگەیشتووانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لەشاری سلێمانی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی دەستنیشانكردنی حسێن عەمید سەرۆكی یەكێتی باسكەی عێراق بەسەرۆكی یەكێتی باسكەی رۆژئاوای ئاسیا بڕیاردرا پاڵەوانێتیەكە بگوازرێتەوە بۆ وڵاتی سوریا.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure