یانەی ئاسۆ ئامانجی خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی کوردستان ئاشکرا دەکات

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 127‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

یانەی ئاسۆی بەشدار لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بازنەی ململانێکردن و بە گووتەی سەرۆکی یانەکە و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە، ئامانجیان گەیشتنە بە ریزی یانە نایابەکان لە دەروازەی خولی پلە یەکی کوردستانەوە.
لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لە بارەگەی خۆی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی یانەکە، یانەی ئاسۆی بەشدار لە خولی پلە یەکی کوردستان یاریزانە نوێیەکانی بە دەزگاکانی راگەیاندن ناساند ،هاوکات بەربەست و تەگەرەکانیش بە راشکاوی خرانە ڕوو.

سەرۆکی یانەی ئاسۆ (حازم کازم) لەسەرەتای کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکە تیشکی خستە سەر رابردووی یانەکەیان و ئاماژەی بەوەدا کە ناو و ناوبانگ و مێژووێکی گەورەی هەبووە لە رابردوو ئێمەش وەک دەستەی بەڕێوەبردنی یارییەکە دەمانەوێت یانەکە بگەڕێنینەوە ئەو سەردەمە، بۆیە پۆلێک یاریزانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقمان هێناوە و ئامادەن خۆبەخشانە هاوکاری یانەکە بکەن شانبەشانی یاریزانەکانی پێشووی خۆمان.
سەرۆکی یانەی ئاسۆ وتیشی: "سەرەڕای ئەوەی باری داراییمان باش نییە بەڵام ئامانجمان ئەوەیە تیپەکە بگەڕێنینەوە خولی نایابی کوردستان لە ئێستاشدا هەوڵدەدەین وەبەرهێنان لە دەوروبەری یاریگاکەمان دروست بکەین و زۆریش ماندوو بووین تا مۆڵەتی کارمان وەرگرت و یانەکەمان قوربانی دەستی ململانێی سیاسییە و باجێکی زۆرمان داوە".
پاشان (کامەران جەبار) سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی ئاسۆ ئاماژەی بەوەدا: "ئەمساڵ تیپەکەیان بە پلانێکی جیاواز دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردووە و سوپاسی یاریزانەکانیشی کرد کە سەرەڕای ئەوەی بۆندیان لە یانەکانی دیکەوە بۆ هاتووە، وەفایان بۆ یانەکەی خۆیان نواند و ئامادەنەبوون ریزەکانی یانەی ئاسۆ جێبهێڵن".
پاشان بەشی راگەیاندنی یانەکە ناوی ئەو یاریزانە نوێیانەی ئاشکراکرد کە پەیوەندییان بە یانەکەوە کردووە و گرێبەستیان لەگەڵ واژۆکراوە ئەوانیش هەریەک لە؛ (یوسف قادر) یاریزانی پیشەگەری ئێرانی، (یونس شەکور) کە دوایین وێستگەی یاریکردنی یانەی شەقڵاوە بووە بەر لەوەی پەیوەندی بە سپی پۆشەکانی ئاسۆ بکات، (دەشتی کازم) کە لە ریزەکانی یانەی ئاڕاڕاتەوە پەیوەندی بە یانەی ئاسۆوە کردووە، (ئەحمەد سیروان) بەهەمان شێوە لە یانەی ئاڕاڕاتەوە هاتووە، (محەمەد خالید) لە ریزەکانی یانەی هەولێرەوە کاروانی بەرەو یانەی ئاسۆ گواستۆتەوە، (هیوا موحسن) یاریزانی پێشووی یانەی بروسک. هاوکات راهێنەری گۆڵپارێزان (دلشاد خدر) لە ریزەکانی یانەی بروسکەوە پەیوەندی بە یانەی ئاسۆ کردووە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure