بە وێنە: کۆڤان لە دوبەیەوە رمەکەی بە ئاڕاستەی سەرکەوتن هەڵدا و ئەم دوورییەی بڕی

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 169‌ جار بینراوە
dwarozh




دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا
)کۆڤان حەسەن( وەرزشکاری خاوەن پێداویستی تایبەتی کورد بەردەوامە لە پڕکردنی هەگبەکەی لە دەسکەوت و مەدالیای جیهانی، ئەمجارەیان لە دەروازەی پاڵەوانیەتی جیهانی لە دوبەی پلیتێکی بەشداریکردنی لە پارالۆمپیادی تۆکیۆی ٢٠٢٠ بڕی.

 کۆڤان لە پاڵەوانێتی خاوەن پێداویستی تایبەتی جیهانی مێداڵیای بڕۆنزی بەدەستهێنا و پلیتێکی بەشداریکردنی لە پارائۆڵمپیکی 2020 مسۆگەرکرد.
کۆڤان حەسەن وەک یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی خاوەن پێداویستی تایبەتی ٢٠١٩ ـی کرد، کە یارییەکانی لە دوبەی بەڕێوە چوون و توانی جارێکی دیکە دەستکەوتێکی جیهانی بەدەست بهێنێت و لە هەڵدانی رم سێیەم بوو بە مەدالیای بڕۆنزەوە گەڕایەوە.
هەر لەم پاڵەوانێتیە یاریزانێکی خاوەن پێداویستی چینی ریکۆردی تۆمارکرد و بە مەودای 44 مەتر و 35 سانتیمەتر رمەکەی هەڵدا و پلەی یەکەم و مەداڵیای زێڕ بووە بەشی ئەو یاریزانە چینییە، پلەی دووەمیش بووە بەشی وڵدان نزاری یاریزانی عێراقی و هاونیشتیمانی کۆڤان، کە رمەکەی بە دووری 43 مەتر و 96 سانتیم هەڵدا.
پلەی سێیەمیش بووە بەشی کۆڤان حەسەن، ئەو یاریزانە کوردە لە هەڵدانی رم ریکۆردی 42 مەتر و 34 سانتیمی تۆمارکرد، بەمەش ژمارەی پێشووی خۆی شکاند و مەداڵیای بڕۆنزیشی بردەوە.
کۆڤان حەسەن کە لە پارائۆڵمپیکی 2016 لە ریۆ مێداڵیای زێڕی بەدەستهێنا، بۆ سێیەمجار بەشداریکردنی لە یارییەکانی پارائۆڵمپیک مسۆگەرکرد، پێشتر بەشداریی پارائۆڵمپیکی 2012 لە لەندەن و 2016ی ریۆدی جانیرۆی کردبوو، بەهۆی ئەم دەستکەوتەشی پلیتێکی بەشداریکردنی لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ مسۆگەرکرد کە هاوینی داهاتوو لە ژاپۆن بەڕێوە دەچێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure