بەڤیدیۆ و وێنە:خاوەن پێداویستییەكی تایبەت ماوەی پێنج ساڵە مەشق و راهێنان بە مناڵان دەکات

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 163‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەلان محەمەد

سەرەرای لەدەستدانی یەكێك لەقاچەكانی، بەڵام نەبووەتە رێگر لەبەردەم حەزو ئارەزوو خولیاكەی كە وەرزشەو ماوەی پێنج ساڵیشە كاری مەشق‌و راهێنان دەكات لەگەڵ بەتیپەكەی لاوانی نامی.

لوقمان ئیسماعیل بەهۆی جەنگی عێراق و ئێرانەوە یەكێك لەقاچەكانی لەدەست دەدات، بەڵام نەبووە رێگر لەبەردەم ئاواتەكەی كە وەرزشە پێنج ساڵیشە لەناحیەی بازیان مەشقە بەتیپەكەی دەدات‌و تائێستاش چەندین یاریزانی بەهرەمەندی دروستكردووە.
دواڕۆژ سپۆرت لەنزیكەی ئەم راهێنەرە بەسەر دەكاتەوە‌و ژیانی بۆ بینەرانی دەخاتەڕوو.
دواڕۆژ: ئەتوانین بزانین لەساڵی چەند لەدایك بوویت‌و لەكەیەوە دەستت كردووە بەوەرزش؟
لوقمان ئیسماعیل: لەساڵی 1969 لەدایك بووم‌و خێزاندارم‌و خاوەنی شەش سەر خێزانم لەتەمەنی 10ساڵی‌و لەساڵی 1979 دەستم كردووە بەوەرزشكردن كە یەكەمجار لەپشت گۆڵەكانەوە خەریكی تۆپ هێنانەوە بووم دواتر بۆ یانەكان یاریم كردووە.
دواڕۆژ: بۆ چەند یانە یارییت كردووە‌و تا ساڵی چەند بەردەوام بوویت؟
لوقمان ئیسماعیل: سەرەتا لەتیپی ئاشتی دەستم بەیاری كردووە لەكارێزە وشك، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیانم روومكردە شاری بەغدا‌و  لەساڵی 1984 تا 1986 بۆ لاوانی یانەی زەورای عێراقی یاریم كردووە كە لەو كاتەدا هیچ یاریزانێكی كورد نەیتوانیوە بۆ یانەیەكی ئەو كاتەی عێراق یاری بكات، دواتر بۆ ناوەندی لاوانی سلێمانیش یاریم كردووە.
دواڕۆژ: دەتوانیت هۆكاری لەدەستدانی قاچت بزانین؟
لوقمان ئیسماعیل: دوای ساڵی 1986 بانگكرام بۆ عەسكەری‌و بەهۆی جەنگی (عێراق- ئێرانە)ەوە لە20-10-1987 قاچێكم لەدەستدا، بەڵام نەبووە رێگر لەبەردەم وەرزشەكەم‌و لەساڵی 1988 بەیەك قاچەوە دەستم كردەوە بەگۆڵچیایەتی‌و لەتیپی خانەنیشانی ئاشتی ماوەی شەش ساڵ تاساڵی 1994 بەردەوام بووم، بەڵام لەو كاتەوە تا ساڵی 2014 بەتەواوی لەوەرزشكردن دابڕام‌و وازم هێنا.

دواڕۆژ: لە كەیەوە دەستت كردووە بەكاری راهێنانی لەكوێ‌ مەشق دەدەیتەوە؟
لوقمان ئیسماعیل:" سوپاس بۆ خوا لەساڵی 2014 لەناحیەی بازی لەتیپی لاوانی "نامی "كاری راهێنان دەكەم‌و تائێستا چەندین یاریزانی بەهرەمەندیش لەسەر دەستی من دروست بووە، راستە بەهۆی خراپی بارودۆخی ژیان‌و لەدەستدانی قاچێكم كەلێنێكی گەورە كەوتە ژیانمەوە، بەڵام تێكەڵاو بوونم لەگەڵ وەرزش هەموو ئەو ناخۆشیانەی لەبیر بردومەتەوە، بۆیە جێی خۆیەتی سوپاسی دایك‌و باوكی یاریزانەكان بكەم كە لەڕووی مەعنەوییەوە زۆر هاوكارم بوون.

دواڕۆژ: دوای ئەو خزمەتەی كردووتە لەكاتی یاریكردن‌و راهێنەرایەتیدا كێ هاوكاری كردوویت؟
وەك پێشتر باسمكرد لەڕووی مەعنەوییەوە دایك‌و باوكی یاریزانەكان زۆر هاوكارم بوون، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ بەرپرسێك‌و دەزگایەكی وەرزشی كوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی هیچ ئاوڕێكیان لێنەداومەتەوە تەنانەت سوپاسنامەیەكیان بۆ نەكردووم، تەنها چەند وەرزشكارێكی دێرینی ساڵی هەشتاكانی هاوڕێم نەبێت  كە هاوكاری داراییان كردووم ئەوەش زیاتر منی بەهێزتر كرد كە بەردەوام بم.
دواڕۆژ: چیت هەیە بەتایبەتی بۆ كەسێك كە خاوەنی پێداویستی تایبەت بێت وەرزش بكات؟
لوقمان ئیسماعیل: داواكاریم ئەوەیە كە بەرپرسانی وەرزش یان دەزگا وەرزشیەكان ئاوڕێكم لێبەنەوە، ئەگەر یارمەتیشم نەدەن من لەسەر كارەكەی خۆم بەردەوامم، ئەگەر یارمەتیشم بدەن سوپاسیان دەكەم.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure