یانەیەکی ناسراوی ئێرانی پەیوەندی بە سەرهەنگ موحسین دەکات

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 315‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

(سەرهەنگ موحسن)ـی کاپتن و گۆڵپارێزی پێشووی یانەی هەولێر و ئێستای یانەی برایەتی دوای ئەوەی ئاشکرای کرد لەلایەن چەند یانەیەکی نێوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق گرێبەستی پێشکەشکراوە، لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ ئاماژەی بەوەدا زۆر نزیکە لە یانەی زوباهانی ئێرانی و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ناوەڕاستی پشووی زستانەی خولی تۆپی پێی ئێران پەیوەندی بەم یانەیەوە دەکات.
سەرهەنگ ئاشکرای دەکات : "کەسێک بە ناوی (شڤان ئەسعەد) کە هەم وەرگێڕە و هەمیش نێوەندگیریمان دەکات بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی زوبەهان ئەسفەهانی ئێرانی، بەرپرسانی ئەم یانەیە سووڕن لەسەر ئەوەی کە لە ناوەڕاستی وەستانی خولی ئێرانی روو لە خولی ئەم وڵاتە بکەم کە جگە لە من، ئۆفەریان پێشکەشی گۆڵپارێزی بەڕازیلی (خۆسێس) کردووە".
سەرهەنگ دەڵێت: "هاوکات لە نێوخۆی عێراقیش چەند یانەیەک لە پەیوەندیدان کە بچمە ریزەکانیان لەوانەش؛ یانەکانی نەجەف، نەوتی ناوەڕاست و یانەی کارەبا، بەر لەوەی پەیوەندی بە یانەی برایەتییەوە بکەم چەند بۆندێکم لەلایەن یانە عێراقییەکانەوە بۆ هات بەڵام کەسانێک وایانکرد کارەکانی من راستەڕێ نەبێت و بەربەست و لەمپەریان لەبەردەمم دانا".
کاپتنەکەی یانەی هەولێر دەیان ساڵ پارێزگاری لە گۆڵەکەی یانەی دایک کرد پاشان لەبەردەم رای گشتی ئاشکرایکرد کە بەرپرسانی ئیداری یانەی هەولێر بە ناحەق دووریان خستووەتەوە و مافە داراییەکانی پێنادەن و وەک پەرچەکردارێک لە نوێترین هەنگاویدا پەیوەندی بە یانەی برایەتییەوە کرد بۆ هەردوو خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی عێراق، لە ئێستاشدا لەم یانەیە کراوەتە کاپتن و لەسەرجەم ئەم یارییانەی یانە سەوزپۆشەکە لە خولی نایابی کوردستان ئەنجامیداوە، سەرهەنگ بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ بەستراوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure