دواڕۆژ بەدواداچوون بۆ راستی ئەم بڕوانامە نێودەوڵەتییانە دەکات کە وەرزشکارە کوردەکان لە هونەرە جەنگییەکان بەدەستی دەهێنن

ناوخۆیی :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 101‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

لەگەڵ زۆربوونی دامەزراوە و ئەکادیمیای تایبەت بە یارییەکانی هونەری جەنگی، کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بە یەکێتی نێودەوڵەتییە فەرمی و نیمچە فەرمی و تەنانەت نافەرمییەکانی جیهانیش ئاسان بووە، رۆژانە لێرە و لەوێ بە دەیان راهێنەر و یاریزانی یارییەکانی هونەری بەرگری گەنگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتییە نێودەوڵەتییەکان بەهێزە و دەتوانن خول و پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی بکەنەوە، بەشێکیان لە پێناو وەرگرتنی بڕێک پارە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن بڕوانامەی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو بۆ یاریزان و راهێنەرە کوردەکان بەدەستبهێنن.
دواڕۆژ بەدواداچوون بۆ ئەم دیاردەیە دەکات و راستی و دروستی ئەم بڕوانامانە دەخاتە ڕوو کە هەندێک کەس و لایەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ماوەی رابردوو بڕوانامەی نێودەوڵەتییان هێناوەتەوە هەرێمی کوردستان.

بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی لە بواری وەرزش و یاریە هونەرە جەنگییەکان بە تایبەت ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان بۆتە دیاردە و بە پێی بەدواداچوونێکی (دواڕۆژ)؛ تەنیا لە ماوەی ٦ مانگی رابردوو بە سەدان بڕوانامە لە یاریەکانی تایکواندۆ و هونەری بەرگری موتای و کیک بۆکسینگ بەدەستهاتوون.
(نەوزاد نوری) کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یاری هونەرە بەرگریەکان دادەنرێت لە شاری هەولێر رەتی دەکەنەوە کە بەشێک لەم بڕوانامانە راست بن و نێودەوڵەتی بن و ئاماژە بەوەدەدەن تەنیا بۆ خۆدەرخستن ئەم دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە.
ئەم راهێنەرە دەڵێت: "لە نەبوونی چاودێری وردی حکومەت و لایەنی بەرپرس و لە بێ خەمی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان کەسانێک فێڵ لە خەڵک دەکەن و بۆ دروستکردنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بۆیان، بڕە پارەیەکی زۆر لە هەندێک کەس وەردەگرن، بێ ئەوەی ئەم کەسە بەشداری خولێکی باوەڕپێکراوی کردبێت".

لە نێو ئەم بڕوانامە نێودەوڵەتیانەی لە یاریە هونەرە جەنگییەکان بەدەستهاتوون یاری تایکواندۆ پشکی شێری بەرکەوتووە بە هۆی ئەو پەیوەندییە بە هێزەی لە نێوان بەرپرسانی یەکێتی تایکواندۆی کوردستان و یەکێتی تایکواندۆی جیهانی هەیە واتە کوکی وەن کە سەرچاوەی پێدانی بڕوانامە نێودەوڵەتیەکانە لە وڵاتی کۆریا.
(سەردار تەیب) سکرتێری لقی هەولێر یەکێتی تایکواندۆ ئاماژەی بەوەدا: "سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی تایکواندۆ بە هۆی ئەوەی خاوەنی رێگەپێدانی نێودەوڵەتیە و لە کۆریاوە پێی دراوە بۆی هەیە لە ١ دان تا ٤ دان بدات لە کۆی ٥ دانی جیهانی کە بوونی هەیە. مەرجەکانیشی ئەوەیە ئەو کەسەی بەشداردەبێت پێویستە سەرجەم تاقیکردنەوە تیۆری و پڕاکتیکی یەکان بە سەرکەوتوویی ببڕێت و بۆ پێشکەشکردنی مامەڵەی هەر دانێکیش بڕی ٦٠ دۆلار لە بەشداربووان وەردەگیرێت و وێنەی و کۆپی ناسنامە و پاسەپۆرتی فێرخوازەکە دەنێردرێتەوە دەرەوەی وڵات و دوای مانگێک بڕوانامەکەی بۆ دەگەڕێتەوە.
بە پێی رێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانی بواری بە نێودەوڵەتی بوون لە یاریەکانی هونەری جەنگی پێویستە ئەم یاریزانە یاخود ئەم راهێنەرە چەند تاقیکردنەوەیەکی بە سەرکەوتوویی بڕیبێت و قۆناغەکانی سەرجەم پشتێنەکانی تەواوکردبێت پاشان مامەڵەکەی دەنێردرێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە بە دایکی یاریە وەرزشییەکە ناسراوە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure