یانەیەکی بەشدار لە خولی پلەیەکی کوردستان بری ٥ هەزار دینار بۆ یەک یاری بە یاریزانەکانی دەدات

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 231‌ جار بینراوە
dwarozh



دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

پێدانی بڕی پارەیەکی کەم بەرامبەر ئەنجامدانی یەک یاری بۆ یاریزانانی یانەی شەھیدانی بەشدار لە خولی پلە یەکی کوردستان بۆ تۆپی بالە، کاردانەوەی توند لە شەقامی وەرزشی بە گشتی و هەوادارانی تۆپی بالە بە تایبەت بە دوای خۆیدا دەهێنێت و بەشێکیان ئاماژە بەوەدەدەن بەرپرسانی یانە و یەکێتییە وەرزشییەکان رۆڵیان هەبووە لە ریسواکردنی وەرزشی کوردستان و سەرجەم وەرزشەکانیان کردۆتە قوربانی یاری تۆپی پێ.


کێبڕکێکانی گروپی دووەمی خولی تۆپی بالەی کوردستان بۆ ئاستی یانە پلە یەکەکان لە شاری سلێمانی درێژەی هەیە، یانەی شەهیدان یەکێکە لە یانە بەشداربووەکانی خولەکە و بەرامبەر یاریکردنی هەر یاریزانێک لە یەک یاریدا، ئیدارەی یانەکە بڕی تەنها پێنج هەزار دیناریان پێداون.


یەکێک لە یاریزانانی تیپی بالەی ئەم یانەیە وێنەی ئەم حاڵەتەی بڵاوکردۆتەوە و هەرزوو ئەم وێنەیە کاردانەوەی توندی بە داوی خۆیدا هێنا و شارەزایان و چاودێرانی وەرزشی کوردستان بە سووکایەتی ئاشکرای یاری تۆپی بالە وەسفیان کرد پێیان وایە پێدانی ئەم بڕە پارەیە لەبەرامبەر ماندووبوونی یاریزانێک لە کاتی یاریدا، سووکایەتی و کەمکردنەوەیە لە نرخ و بەهای وەرزش.


بەشێک لەو کەسانەی کۆمێنتیان لەسەر ئەم حاڵەتە دەگمەنە وەشانکرد ئاماژە بەوەدەدەن کە پێویستە هەرچی زووە بەرپرسانی ئیداری یانەی وەرزشی شەهیدان و یەکێتی ناوەندی تۆپی بالەی کوردستان سزابدرێن یاخود لەبەرامبەر ئەم سووکایەتییە داوای لێبوردن بکەن، چونکە ئەو بڕە پارەیەی بە یاریزانەکان دراوە تەنانەت کرێی هاتوچۆ یاخود نانخواردنیان بۆ دابین ناکات سەرەڕای خەرجییەکانی دیکەی هەر یاریزانێک.


یارییەکانی خولی پلەیەکی بالەی کوردستان لە شاری سلێمانی بە بەشداری ١٨ یانە بەڕێوەدەچێت و رکابەرییەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و لە کۆتاییدا هەشت یانە لە ریزی یانە پلە یەکەکان دەمێننەوە و ١٠ یانەش بۆ ریزی یانە پلە دووەکان دادەبەزن.


لە لێدوانێکدا تەها قادری سەرۆکی یانەی شەهیدان   بە دواڕۆژی راگەیاند" ئێمە یاریزانەکانمان ئەوەندە بە توانا نین کە بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ سەرف بکەین و ئەو بڕی پێنج هەزارە تەنها بۆ نانخواردن بۆیان دابینکراوە بۆ هەر یارییەک و  لەگەڵ دابینکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ یاریزانەکان.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure