وێنە:سۆران هاتە پێشەنگ و هەولێر تامی یەکەم بردنەوەی کردو هەندرێن یەکسانبوو

ناوخۆیی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 168‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێککەوتی ٧ ـی تشرینی دووەم، لە میانی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان شەش یاری گرنگ ئەنجامدران تیایدا یانەی سۆران بە بردنەوەی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هەموویان شۆک کرد و سوود لە یەکسانبوونی یانەی سیروانی نوێ وەرگرت و پێشەنگی لەبەردەست دەرهێنا.

یاریگەی دووەمی فڕانسۆ هەریری باوەشی بۆ یاری نێوان یانەکەی پایتەخت و یانەکەی گەرمیان کردەوە و هاندەرێکی زۆری هەردوو یانە ئامادەی بینینی یارییەکە بوون.
لە نیوەی یەکەم هیچ کامێکیان نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی تیپی بەرامبەر بهەژێنن و بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ گەڕانەوەی ژووری جل گۆڕین.
سەرجەم گۆڵەکانی یارییەکە لە نیوەی دووەم تۆمارکران، سەرەتا ٩ خولەک دوای دەسپێکی ئەم گێمە (هۆگر حسێن) بە لێدانی سزا هەولێرییەکانی بە گۆڵێک پێشخست. 
زۆری نەخایاند هەولێرییەکان لە رێگەی هەڵەیەکی (محەمەد سابیر) کاپتنەکەی گەرمیان، ئەنجامەکەیان دوو هێند کرد و خۆشی و شادی کەوتە دڵی هاندەرانی یانەکەی قەڵاومنارە.
ئەگەرچی لە دوا خولەکەکانی یارییەکە یانەی شێروانە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کردبوو مەترسی لە دوای مەترسی دەهێنایە سەر گۆڵەکەی هەولێر بەڵام ئەوە فریان یانەکەی کەلار نەکەوت سەرەڕای ئەوەی لە خولەکی ٨٣، شێروانە لە رێگەی (هەستیار دلشاد) جیاوازی گۆڵی کەمکردەوە بەڵام ئەم گۆڵە نەبووە فریادڕەس و یارییەکە بە بردنەوەی هەولێر بە کۆتاهات بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە تاکە گۆڵێک.
لەم یارییە ستوون دووجار رێگر بوو لەبەردەم کوڕانی گەرمیان.
بەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی یانەی هەولێر لە ٣ یاری بووە ٤ خاڵ و هاتە پلەی شەشەم، یانەی گەرمیانیش خاوەنی خاڵێکی تاقانەیە و لە خانەکانی کۆتایی ریزبەندییە.
سۆرانی تازە میوانەکەی خولی نایاب بەردەوامە لەتۆمارکردنی ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکانی و ئەمجارەیان پێشمەرگەی سلێمانی بووە قوربانی کاتێک یارییەکەی بە ٣ گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.
یانه‌ی سۆران له‌ ده‌ستپێكی گێمی یه‌كه‌م گۆڵی پێشكه‌وتنی تۆمار كرد و تۆڕی پێشمه‌رگه‌ی میوانی هه‌ژاند، گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه‌ گۆڵه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ی سۆران كۆتایی هات.
له‌ گێمی دووه‌م سۆرانی تازە ناسراو، دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد و به‌ 3 گۆڵی خاوێن یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌ و گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی له‌م وه‌رزه‌ تۆمار كرد، گۆڵه‌كانی گەورەترین قەزای کوردستان له‌ لایه‌ن (هاوكار سه‌عدی، سیاكۆ محەمەد و ڕه‌نجاو تەحسین) تۆمار كران.
بەم سەرکەوتنە یانه‌ی سۆران بووه‌ خاوه‌نی 7 خاڵ و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڵێكی لێ بكرێت پێشه‌نگی خوله‌كه‌ی گرت و به‌ جیاوازی گۆڵ پێش سیروانی نوێ كه‌وته‌وه‌ کە ئەمەی دوایی ئەم هەفتەیە دهۆک ناچار بە یەکسانبوونی کرد بە ئەنجامی (٢-٢).
هەر له‌ هه‌ولێری پایته‌خت یانه‌ی هه‌ندرێن میوانداریی زاخۆی كرد یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
هەندرێن بەردەوامە لە پێشکەشکردنی یارییە بێ ناوەڕۆکەکانی و تاکو ئێستا رێگەی بردنەوەی نەدۆزیوەتەوە و لەسەرجەم یارییەکانی خۆیدا یەکسانبووە، زاخۆش بەم یەکسانبوونە ژمارەی خاڵەکانی بوە ٤ خاڵ.
ریزبەندی یانە نایابەکانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی ٣ جەولەم بەمشێوەیە:
١.سۆران   ٧ خاڵ
٢.سیروانی نوێ  ٧ خاڵ
٣.برایەتی  ٥ خاڵ
٤.دەربەندیخان ٥ خاڵ
٥.زاخۆ    ٤ خاڵ
٦.هەولێر  ٤ خاڵ
٧.پێشمەرگەی هەولێر ٣ خاڵ
٨.هەندرێن  ٣ خاڵ
٩.دهۆک  ٢ خاڵ
١٠.نەورۆز  ٢ خاڵ
١١.زێرەڤانی ١ خاڵ
١٢.شێروانە  ١ خاڵ
١٣.پێشمەرگەی سلێمانی ١ خاڵ


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure