بەڤیدیۆ و وێنە:یەکسانبوون بەرۆکی یانەی هەولێر بەرنادات زاخۆش دوای چوار یاری یەکەم خاڵی وەرگرت

ناوخۆیی :: 22/10/2019‌ :: 130‌ جار بینراوە
dwarozh




دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رێککەوتی ٢٢ ـی ئۆکتۆبەر، پایتەختی هەرێم لە کەشێکی وەرزشی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆی بەخۆیەوە بینی و جارێکی دیکە هەولێر هاندەرانی بێ هیواکرد کاتێک بۆ چوارەم یاری لەسەریەک نەیتوانی سوود لە هاندەران و یاریگەی خۆی وەربگرێت و کەوتە داوی یەکسانبوونەوە، زاخۆش بە خاڵێکەوە پایتەختی جێهێشت.
لەسەرەتای یارییەکەوە ئاستی یاریزانانی هەردوو یانە بە بەهێزی دەرکەوت بە تایبەتی یاریزانانی یانەی هەولێر زنجیرەیەک هێرشییان هێنایە سەر گۆڵی تیپی میوان بێ ئەوەی لە ناونیشانی یارییەکە بگۆڕێت ئەم گێمە بە بێ تۆمارکردنی گۆڵ بەکۆتاهات.
لە نیوەی دووەم هەولێرییەکان درێژەیان بە هێرشەکانیان دا و چارەگێک بەر لە کۆتایی یارییەکە، (بارزان شێرزاد) توانی یانەکەی بە گۆڵێک پێشبخات و خۆشی و شادی بخاتە دڵی هاندەرانی یانە زەردپۆشەکە.
خۆشییەکانی کوڕانی قەڵاومنارە تەنها ٦ خولەکی خایاند کاتێک هێرشبەری ئاست بەرزی یانەی زاخۆ (زیاد ئەحمەد) سوودی لە هەڵەیەکی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر وەرگرت و ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی راستکردەوە.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی کوڕانی هەولێر بۆ دووبارە پێشخستنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام سەرەنجام یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییهات بە ئەنجامی (١-١) و هەولێر سەرەڕای گۆڕینی راهێنەر لە مۆتەکەی یەکسانبوون دەربازی نەبوو، زاخۆش لەسەر دەستی راهێنەرە تازەکەی بووە خاوەنی یەکەم خاڵ لە خولی نایابی عێراق.
لە یاری داهاتوو هەولێر دەبێتە میوانی یانەی دیوانییە و زاخۆش لە شاری بەغداد لە ئەرکێکی قورس دەبێتە میوانی یانەی قوەجەوییە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure