بەوێنە:لەدەسپێکی خولی بالەی نایابی عێراق هەولێر سەرکەوت و شوڕتە یاری لوتکەی لە پێشمەرگەکان بردەوە

ناوخۆیی :: 10/10/2019‌ :: 116‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئاری عەبدوڵڵا

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئەنجامدانی دوو یاری، رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی بالە دەستی پێکرد و لە یاری دەسپێکی خولەکەش پێشمەرگەی سلێمانی و شوڕتە یاری لوتکەی عێراقیان ئەنجامدا و سەرەنجام شوڕتە براوە ، یانەی هەولێریش یەکەم سەرکەوتنی لە خولەکە بەدەستهێنا.
لە یاری دەسپێکی خولەکە، لە هۆڵی نێودەوڵەتی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی سەر بە زانکۆی سەڵاحەددین لە شاری هەولێر، یانەی شورتەی هەڵگری نازناو یاری لوتکەی عێراقی لە پێشمەرگەی سلێمانی بردەوە بە ئەنجامی (٣ گێم بەرامبەر بە تاکە گێمێک)
بە درێژایی هەر چوار گێمی یارییەکە رکابەرییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو یانە هەبوو بە جۆرێک لە زۆربەی کاتەکان جیاوازی نێوانیان تەنها یەک خاڵ بوو بەڵام سەرەنجام شوڕتە گرەوەکەی بردەوە بە ئەنجامی ٣ گێم بەرامبەر بە تاکە گێمێک.

لە یەکەم یاری خۆیدا لە کاتژمێر ٧ ـی ئێوارە، یانەی ھەولێر لە نێو ھۆڵی داخراوی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەددین توانی بە ئەنجامی سێ گێمی بێ بەرانبەر لە یانەی حەبانیە بباتەوە.
ئەنجامی گێمەکان (٢٥-١٧)، (٢٥-٢٠)، (٢٥-٢١) خاڵ بوو.
وا بریارە سبەی ھەینی کاتژمێر (٤)ـی ئێوارە لە ھۆڵی داخراوی فرانسۆ ھەریری لە دووەم یاری خۆیدا، یانەی ھەولێر رووبەرووی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێتەوە.


دوای کشانەوەی یانەی بەحری لە ئیستادا ژمارەی یانەکانی گروپی دووەمی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی بالە تەنها چوار یانە ماونەتەوە کە بریتین لە یانەکانی؛ شوڕتە، هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی و حەبانییە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure