بەوێنە: یانەی سیروانی نوێ‌ بەپێكهاتەیەكی جیاوازەوە بەشداری خولی نایابی كوردستان دەكات

ناوخۆیی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 87‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، ئەردەڵان محەمەد


دوای تەواوبوونی یارییەكانی وەرزی رابردووی خولی پلەیەكی كوردستان و گەڕانەوەی ئەو یانەیە جارێکی تر بۆ خولی نایابی کوردستان، تیپی تۆپی پێی یانەی سیروانی نوێ‌ لەئامادەكاریەكانی بەردەوامە‌و دەیەوێت بەپێكهاتەیەكی تەواو جیاواز لەیانەكانیتری خولەكە بۆ دوو ئامانج بەشداری كێبركێكانی خولی نایابی كوردستان بكات.

 تیپەكە لەژێر سەرپەرشتی رزگار عەلی راهێنەرو كاژاو كەمالی یاریدەدەری راهێنەر زیاتر لەچوار مانگە مەشقەكانی دەستپێكردووە‌و دوای ئەو گۆرانكاریە گەورەیەی لەپێكهاتەكەیدا كردوویانە بەئامانجی یەکەم مانەوە‌و دواتر بەدەستهێنانی پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی بەشداری وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان دەکات.

رزگار عەلی راهێنەری یانەی سیروانی نوێ‌ ئەوەی خستەڕوو:" دوای تەواوبوونی یارییەكانی وەرزی رابردووی خولی پلەیەك بۆ ماوەی 3هەفتە مەشقەكانمان وەستاند دواتر لەو كاتەوە مەشقەكانمان دەست پێكردووەتەوە بەبەشداری یاریزانانی وەرزی رابردوو لەگەڵ حەوت یاریزانی تازە كە پەیوەندییان بەیانەكەوە كردووە، هەروەها چوار یاریزانیشمان لەریزی لاوانەوە بانگێشت كردووە، جگە لەوەی هەشت یاریزانیش ریزی تیپەكەیان جێهێشتووە.
رزگار راشیگەیاند:" هەموو كاتێك وتومە لەگەڵ رێزمدا بۆ ئەو یاریزانانەی پەیوەندی بەیانەی سیروانی نوێوە دەكەن، بەڵام گرنگی ئێمە زیاتر بۆ یاریزانانی لاوانی یانەكەمانە، لەبەرئەوە لەئێستادا رۆژ رۆژی یاریكردنی یاریزانە لاوانە، بۆیە لەسەدا 90 لەئاستی تیپەكەم‌و یاریزانەكانم رازیم‌و هیچ كێشەیەكیش لەتیپەكەدا بوونی نیە، ئەگەر پێویستیش بكات ئەوا یاریزانی پیشەگەر دەهێنین.
لەلای خۆیەوە بەهادین بەكر هێرشبەری یانەی سیروانی نوێ‌ ئەوەی خستەڕوو:"لەڕاستیدا چەند بۆندێكم بۆ هاتبوو، بەڵام بەهۆی گونجانی ستافی راهێنەرانی یانەی سیروانی نوێ‌ كە چەندین ساڵ لەگەڵیان كارم كردووە، هەروەها راستگۆییان لەگەڵ یاریزانان هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ پەیوەندی كردنم بەیانەكەوە، بۆیە بەهۆی ئەو كۆمەڵە یاریزانەی تازە پەیوەندییان بەتیپەكەوە كردووە دەمانەوێت لەخولی نایاب بهێڵینەوە‌و دواتر ركابەری لەسەر پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی بكەین.
بۆ وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان سەرەڕای مانەوەی بەشێكی زۆر لەیاریزانانی وەرزی رابردوو حەوت یاریزان پەیوەندییان بەتیپەكەوە كردووە لەگەڵ هێنانی چوار یاریزانی تیپی لاوان، هەروەها زیاتر لە هەشت یاریزان تیپەكەیان جێهێشتووە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure